گەمە و دوودڵییەکانی ئینگلیز ڕۆڵی بەریتانیا لە جێبەجێنەکردنی سیڤەر

د. شێرکۆ کرمانج

بەشی پێنجەم و کۆتایی (بۆ بەشەکانی دیکە تەماشای لینکەکان بکە لە کۆمێنت)
لە ناوەڕاستی ١٩١٨ دا هێزەکانی بەریتانیا دەگەنە سنورەکانی ویلایەتی موسڵ‌و شاری 'کەرکوک'یان لە ئایاری هەمان ساڵدا داگیرکرد. عوسمانییەکان پێش کێشانەوەی هێزەکانیان لە ناوچەکەدا شێخ مەحمود وەک حاکمی سلێمانی دەستنیشان کردبوو. شێخ مەحمود نامەیەک بۆ نوێنەری باڵای بەریتانیا لە عێراق، ئارنۆڵد ویلسن، دەنێرێت کە تێیدا داوا لە بەریتانییەکان دەکات کە "حکومەتێکی کوردی لە ناوچەی سلێمانی" بە سەرۆکایەتی ئەو لەژێر چاودێریی ئینگلیزەکان دامەزرێنن. شێخ مەحمود لەگەڵ بەریتانییەکان ڕێکدەکەوێت‌‌و وەک حوکمداری کوردستان دەستنیشانی دەکەن بەڵام ئەو داوا لە بەریتانییەکان دەکات کە دەوڵەتێکی کوردی لەژێر چاودێریی ڕاستەوخۆی خۆیان دامەزرێنن کە هەموو ناوچەکانی باشوری کوردستان‌و هەندێک دەڤەری باکوری کوردستانیش لەخۆبگرێت. بەریتانییەکان هێشتان ڕێککنەکەوتبوون لەسەر چارەنوسی باشورو باکوری کوردستان، بۆیە داواکە ڕەتدەکەنەوە. لە نیسانی ١٩١٩ شێخ مەحمود کۆنتڕۆڵی سلێمانی دەکات‌و ئاڵای بەریتانیەکان دادەبەزێنێت‌و لە جێگەیدا ئاڵای کوردستان بەرزدەکاتەوە. بەریتانییەکان لە هێرشێکدا بە کەڵک وەرگرتن لە هێزی ئاسمانی لە ٩ی تەموزی ١٩١٩ شێخ دەستگیر دەکەن‌و دادگایی دەکەن‌و نەفی دەکەن.

بەریتانییەکان لە لەندەن سیاسەتێکی دیاریکراویان سه‌باره‌ت به‌ باشوری کوردستان نەبوو. لەبەرئەوە پرسەکەیان خستبووە ئەستۆی فەرمانبەرو ئەفسەرە بەریتانییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوین کە بەسەر دوو گروپدا دابەش ببوون. پێرسی کۆکس، کە جێگەی 'ئارنۆڵد ویلسن'ی وەک نوێنەری باڵای بەریتانی گرتبۆوە، لەگەڵ خانم گێرترود بێڵ، سکرتێری کاروباری ڕۆژهەڵات، داوای لکاندنی باشوری کوردستانیان بە عێراق دەکرد. گروپی دووەم کە لە مەیجەر نۆئیل‌و مەیجەر یۆنگ‌و کۆلۆنێل لۆرانس پێکهاتبوو پێشنیاری دامەزراندنی دەوڵەتێکی کوردیان دەکرد. لە کۆنفرانسی قاهیرە کە لە مارچی ١٩٢١ بەسترا، چێرچڵ، وەک سکرتێری کۆڵۆنیەکان بە پلە لە هەموویان بەرزتربوو، لەگەڵ دامەزراندنی دەوڵەتێکی کوردی بوو لە باشور. لە کۆنفرانسەکە چارەنوسی عێراق دیاریکرا کەچی لایەنە بەشداربووەکان لەسەر دواڕۆژی باشوری کوردستان نەگەیشتنە ڕێکەوتنێکی یەکلاکەرەوە.

بەریتانییەکان دەترسان ئەگەر ئەوان دەوڵەتێکی کوردی لە باشور دروستبکەن لەژێر ئینتیدابی خۆیان ئەوە دەبێت ڕێگە بدەن ئەو دەوڵەتەی کە لە باکور دروست دەبێت بکەوێتە ژێر ئینتیدابی فەڕەنسەییەکان یان نفوزی ئەوان، ئەوەشیان پێ باش نەبوو، بۆیە هەر زوو لە سەپاندنی بڕگەو ماددەکانی پەیمانی سیڤەر ساردبوونەوەو دەستبەرداری دروستکردنی ناوچە ئۆتۆنۆمەکەی باکوری کوردستان بوون. بێجگە لە ترس لە فەڕەنسییەکان، بەریتانییەکان ئاگاداری گەشەو تەشەنەی خێرای کەمالیستەکان بوون لە تورکیا، بەتایبەتی ناوچە کوردنشینەکانی باکور. ئەمەش وایکردن کە خەمی سەرەکی بەریتانییەکان ببێتە ڕێگریکردن لە کەمالیستەکان بە نەگەیشتنی دەسەڵاتیان بە ویلایەتی موسڵ‌و کوردەکانی باشوری کوردستان، بۆیە لە هەر پلانێک لە پەیوەند بە کوردانی باکور دەستیانهەڵگرت.

بەپێی ماددەی ٦٤ لە پەیمانی سیڤەر دەبوایە باشوری کوردستان لە ئەگەری دامەزراندنی دەوڵەتێکی کوردی لە کوردستانی باکور یەکبگرێتەوە بەڵام لەبەرئەوەی بەریتانیەکان ڕۆژ بە ڕۆژ گرنگیی باشوری کوردستانیان بۆ مانەوەو بەهێزکردنی مێزۆپۆتۆمیا لا گرنگ دەبوو بۆیە هەر لە ئەساسدا حەزیان نەدەکرد دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردی، سەربگرێت. بۆ ئەم مەبەسەش لە دانوسان‌و سازانی بەردەوام بوو بۆ ڕازی کردنی فەڕەنسییەکان بۆ وازهێنان لەو بەشەی کوردستان کە بەپێی سایکس-بیکۆ لە کوردستانی باشور بەریان دەکەوت. واپێدەچێت بەریتانیەکان ئەگەری یەکگرتنەوەی هەر دوو پارچەی کوردستانیان لە سیڤەر بۆیە هێناوەتەگۆڕێ تاوەکو فەڕەنسییەکان چیدیکە هەڵنەکشێن بەناو خاکی کوردان لە تورکیای عوسمانیدا. بە واتایەکی دیکە، بەریتانیا پێدەچێت پێی باشتر بووبێت ئەگەر دەوڵەتە کوردییەکەش سەرنەگرێت ئەوە ئەو خاکانەی کوردان کە ئێستا کەوتونەتە باکوری سوریای ئێستا لە بن دەستی تورکە عوسمانییەکان بمێنێتەوە نەوەک بکەویتە دەست فەڕەنسییەکان.
بەریتانییەکان کاتێک بۆیان دەرکەوت کە کەمالیستەکان جێگرەوەی عوسمانییەکانن ئیدی نەیاندەویست زویریان بکەن چونکە دەیانویست بە زووترین کات گفتوگۆی ئاشتی لەگەڵیاندا بکەن‌و کۆتایی بەو بارودۆخە نەشەڕو نە ئاشتییە بێنن لە ڕۆژهەڵاتی ناوین. بۆیە کاتێک پێرسی کۆکس پێشنیاری پشتیوانیکردن لە کوردەکانی باکور دەکات تاوەکو فشاری کەمالیستەکان لەسەر یۆنانییەکان لە ئەزمیرو دەوروبەری کەمبێتەوە، بەریتانییەکان لە لەندەن ناڕازیین لەبەرئەوەی پێیانوایە کە کوردەکان یەکگرتونین‌و ئەرکی بەریتانییەکان سەخت دەکات‌و ئەگەری شکست زۆرە. لە کۆتایی ١٩٢١، چێرچڵ بە کۆکس دەڵێت کە ئێمە هێشتان نەمانتوانیوە عەرەبەکان ڕازی بکەین نامانەوێت کوردەکانیش بکەینە بارگرانیەکی دیکە. لەلایەکی دیکە بەریتانیەکان نەیاندەویست ئەزمونی ئەرمەنییەکان دووبارە بکەنەوە، ئەویش کە لەلایەن ڕوسەکان هاندران لە دژی تورکەکان دواتریش پشتیان تێکراو وردوخاش کران. ئەوان دەیانگوت کوردەکانیش لەوانەیە بەهەمان چارەنوس بگەن بەتایبەتی ئەگەر ئەوە بەبیربهێنینەوە کە دوای شەڕ بەریتانیەکان ئامادەنەبوون پارەو سەرباز جارێکی دیکە لەناوچەکە سەرف بکەن. ئەوکاتیش گفتوگۆکردن لەگەڵ تورکە کەمالیستەکان سەخت دەبێت چونکە ئەوان دەکات بە نەیارێکی سەرسەخت، ئەمەش لەکاتێکدا بوو کە ماوەیەک بوو بەریتانییەکان دەیانویست "تورکیایەکی دۆستانە" مامەڵە بکەن.

لە ئاداری ١٩٢٢ بەریتانییەکان بەو قەناعەتە گەیشتبوون کە کەمالیستەکان کوردەکانیان خستۆتە گیرفانی خۆیان‌و هیچ ئومێدکیان بە کوردەکان بۆ بەگژاچوونەوەی کەمالیستەکان نەمابوو. بەریتانیا سەرەڕای ئەوەی کە بە فەرمی، وەک فەڕەنسا، دانی بە حکومەتی کەمالیستەکان نەنابوو و پێداگری لەسەر ئەوە دەکرد کە حکومەتەکەی ئەستەمبۆل نوێنەرایەتی عوسمانییەکان دەکات، کەچی بە ڕاستەوخۆ لە لەندەن پێشوازی لە نوێنەری حکومەتەکەی ئەنقەرە، یوسف کەمال بەگ، کرد بۆ بەشداریکردن لە کۆنفرانسی لەندەن لە مارسی ١٩٢١ دا، کە هێشتا ساڵێک تێپەڕنەببوو بەسەر مۆرکردنی پەیمانی سیڤەر. لە کۆنگرەی قاهیرە بەڕوونی دیارە کە بەریتانیا پشتی لە سیڤەر کردوەو نیازی ئیمزکردنی پەیمانیكی دیکەی ئاشتی هەیە لەگەڵ تورکیا.

لە کۆنگرەی قاهیرە ئەوانەی پشتیوانیان لە کەیسی کوردو بە دەوڵەتکردنی باشوری کوردستان دەکرد بە ژمارە زیاتر بوون بەڵام ئەو دوو کەسەی کە لە عێراق باڵادەستبوون، پێرسی کۆکس‌و گێرترود بێڵ، نەیارانی سەرسەختی بە دەوڵەتبوونی باشوری کوردستان‌ بوون‌و هەموو هەوڵێکیان دا، هەر لە چەواشەکردن‌و دووبەرەکی نانەوە تا دەگاتە فشارو کوشت‌‌و بڕین بۆ لکاندنی باشوری کوردستان بە عێراق‌و کەمکردنەوەی نفوزی کورد. بوونی بارەگای پێرسی کۆکس لە بەغداو کاریگەریی مەلیک فەیسەڵ‌و ناسیونالیستە عەرەب‌و عێراقییەکان لەگەڵ گێرترود بێڵ دەکرێت وەک هۆکار ببینرێن بۆ هەڵوێستی لایەنگرانەی کۆکس بۆ عەرەبە عێراقیەکان لە دژی کورد. مەلیک فەیسەڵ بە ڕوونی ترسی خۆی لە نەلکاندنی کوردستان بە عێراق بۆ پێرسی کۆکس دەرخستبوو بەوەی کە دەبێتە مایەی زاڵبوونی شیعەکان لەسەر ئەنجومەنی نیشتیمانی‌ لە عێراق کە لە چاوەڕوانی دامەزراندندا بوو لە ١٩٢١. ترسی کۆکس‌و فەیسەڵ بە لەبەرچاوگرتنی شۆڕشی ١٩٢٠ شیعەکان، ساڵێک پێشوتر، واقعی دێتەبەرچاو.

لە کۆنگرەی قاهیرە، چێرچڵ سورە لەسەر ئەوەی کە کوردستان دەبێت بکرێت بە دەوڵەتێکی سەربەخۆ بۆ پاراستنی ئەو دەوڵەتەی کە ئەوان لە میزۆپۆتامیا دەیانەوێت دروستیبکەن، ئەو پێیوایە ئەو دەوڵەتە زەرورە بۆ پاراستنی میزۆپۆتۆمیا لە هەر هەڕەشەیەکی تورکەکان‌و یەکێتیی سۆڤیەت. بەریتانیا نەیدەویست تورکیا بگەڕێتەوە ویلایەتی موسڵ‌و بەهێز بێت، یان بەهێز دەرکەوێت، بەرژەوەندییەکانیان لە کەنداو و هیندستان بخاتە خەتەرەوە. بۆیە وەک سازانێک لەگەڵ تورکیا پشتی لە دامەزراندنی دەوڵەتی کورد وەک ئەوەی لە پەیمانی سیڤەر هاتوە بەرامبەر بەوەی کە تورکیا دەستبەرداری ویلایەتی موسڵ بێت.

بەگشتیی، لە پەیمانی سیڤەرەوە تا پەیمانی لۆزان، سیاسەتی بەریتانییەکان لە دامەزراندنی دەوڵەتێکی کوردییەوە گۆڕانی بەسەردا هات تا گەیشتە ئەوەی کە چەندی کوردستان لەناو تورکیا بمێنێتەوەو چەندی بە عێراق بلکێندرێ، بەتایبەتی دوای ئەوەی کە گرنگی نەوتی ویلایەتی موسڵیان بۆ مانەوەو سەقامگیری عێراق بۆ دەرکەوت. ئەمەش ڕێگەی خۆشکرد بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆ لەنێوان بەریتانییەکان‌و تورکەکان.

گفتوگۆکانی لۆزان لە نۆڤەمبەری ١٩٢٢ دەستیپێکرد، ڕێک دوو مانگ دوای ئەوەی کە کەمالیستەکان ئەزمیریان کۆنتڕۆڵ کردو یۆنانییەکان بەتەواوی دەرپەڕاند. عیسمەت ئینینۆ، ئەفسەرێکی عوسمانی بەڕەچەڵەک کورد، سەرۆکایەتی وەفدی تورکە کەمالیستەکانی دەکرد، ئەمەش وەک پەیمامێک بۆ هاوپەیمانەکان بوو کە کوردەکان لەگەڵ ئێمەن. لەسەرەتا، کەمالیستەکان پێداگریان لەسەر گێڕانەوەی ویلایەتی موسڵ دەکردو دەیانگوت کوردو تورک هاونەژادن. بەریتانییەکان ئامادەیی خۆیان بۆ دەستبەرداربوون لە دامەزراندنی دەوڵەتە کوردییەکەی پەیمانی سیڤەر دەربڕی بەمەرجێک تورکیا دەستبەرداری ویلایەتی موسڵ بێت‌. هاوکات، بەریتانییەکان دەستپێشخەری بە ئەندامبوونی تورکیا لە کۆمەڵەی گەلان دەکەن بەمەبەستی دوورخستنەوەی کەمالیستەکان لە یەکێتیی سۆڤیەت کە ئەندام نەبوو، تورکەکان ناڕازیبوون.

شێخ مەحمود ناڕەزایی خۆی دەربڕی لە نەبوونی نوێنەری کورد لە لۆزان بەڵام بەریتانییەکان دیسان بە کەڵکوەرگرتن لە هێزی ئاسمانی سەرکوتیان کرد. لە٢٤ ی جولای ١٩٢٣هاوپەیمانەکان لەگەڵ تورکیا پەیمانی لۆزانیان مۆرکردو پرسی ویلایەتی موسڵ خرایە بەردەم کۆمەڵەی گەلان بۆ یەکلایکردنەوە. بەمەش هاوپەیمانان بە فەرمی دانیان بە دەوڵەتی تورکیا نا. لەبەرابەردا تورکیا دانی بە ئینتیدابی بەریتانیاو فەڕەنسا بەسەر دەوڵەتە تازە-دامەزراوەکانی عێراق‌و سوریا نا، ڕەزامەندیشی لەسەر دەسەڵاتی بەریتانیا بەسەر قوبرس‌و ئیتاڵیا بەسەر دۆدکەنیس دەربڕی. پەیمانی لۆزان بە یەک وشەش ئاماژەی بە کوردو کوردستان نەکرد، تەنیا داوای لە وڵاتانی ناوچەکە کردبوو کە "ڕێز لە مافی کەمینەکان بگرن." مەبەست لە کەمینەکانیش کەمینە دینییەکانی وەک ئەرمەن‌و کرستیانەکان بوو نەک کەمینە نەتەوەییەکان، وەک کورد. پرسی ویلایەتی موسڵیش بە قازنجی بەریتانیاو عێراق لە کۆمەڵەی گەلان یەکلاکراویەوەو باشوری کوردستان بە فەرمی لکێنرا بە عێراق.


20/09/2020



وتارەکانی تری نوسەر