عێراق دیموکراسی ترە،

د. شێرکۆ کرمانج

عێراق دیموکراسی ترە،
هەرێم پەرلەمانێکی کارتۆنی هەیە،
عێراق پەرلەمانێکی کاراو چالاکی هەیە،

ئەم چەند دەربڕە ماوەیەکە بۆتە وێردی سەر زمانی هەندێک کەس. دیارە هەندێک وەک بانگەشە بۆ عێراق و بەمەبەست دەیڵێنەوە هەندێکیش لە نەزانی و کەم شارەزایی.

هۆکار زۆرن لە پشت ئەم وەهمە-ڕاستییە.

مەبەست چیە لە وەهمی ڕاستیی، چۆن دەکرێت شتێک هەم وەهم بێت هەم ڕاستیی. ڕاستییەکە لەوەدایە کە پەرلەمانی عێراق لە پەرلەمانی هەرێم کاراو چالاکترە. وەهمەکە لەوەدایە کە ئەم دیاردەیە نیشانەی دیموکراس یان دیموکراسیتر بوونی عێراق بێت.

هۆکاری سەرەکی لە پشت ئەم دیاردەیە ئەوەیە کە چۆن کارتۆنییبوونی پەرلەمانی کوردستان زادەی هەژموونی کۆمەڵێک حیزب‌و بنەماڵەی سەڵتەنەتخواز و گەندەڵکارە هۆکاری کارا بوونی پەرلەمانی عێراقیش زادەی هەژموونی کۆمەڵێک حیزب‌و گروپ‌و کەسایتی دەسەڵاتخواز و گەندەڵکارە.

ڕونتر بڵێین، لە هەرێم دەسەڵاتی سەرەکی بە دەست دوو حیزب‌و دوو بنەماڵەوەیە کە بەسەر حکومەت‌و دامەزراوە تەنفیزییەکان زاڵن. بۆیە بۆ ئەوەی پەرلەمان نەکرێت بە ڕێگر لە پێش هەنگاوە گەندەڵکارییەکانی بکەرەکانی جوت-حیزب پەرلەمانیان پەراوێزخستوە، بەکارتۆنیانکردوە، تەنانەت دەتوانم بڵێم پەرلەمانیان کردوە بە شوێنی گاڵتەوگەپ‌و چەقەنەلێدان بۆ ئەوەی هێندەی دیکە ئەم دامەزراوە گرنگە نابوت‌و بێدەسەڵات دەرکەوێت. لەبەرابەردا حکومەت‌و دامەزراوەکانی پیرۆزو پڕتواناو کاراکراون.

لە عێراق، توانای سەرەکی حیزبە گەندەڵکارو نەوت-دزو میلیشیا چەکدارە شیعەکان‌ لەلایەک‌و پۆستپەرست‌و پولپەرست‌و خۆپەرستە سوننەکان لەلایەکی، هەمووی لە پەرلەمان‌و لەوێدا باڵادەستن‌و لە حکومەت لە ئاکامی خۆپیشاندانەکانی تشرین پەلوپۆکراون. بۆیە لە عێراق پەرلەمان کاراو چالاک کراوە تاوەکو بتوانن حکومەت پەراوێز بخەن‌و ئیفلیج‌و شەلەل بکەن.

بەکورتی، جیاوازی نێوان هەرێم‌و عێراق لەوەدایە کە لە کوێ گەندەڵکارەکان دەسەڵاتدارن ئەو جومگەیەی دەوڵەت کارامەو پڕدەسەڵات کراوە. لە ئەنجامدا، نە عێراق بە پەرلەمانێکی چالاکی گەندەڵکاران دەبێتە دیموکراسی نە هەرێم بە حکومەتێکی باڵادەست دەبێتە خاوەن حکومەتی خەڵک.


11/01/2021



وتارەکانی تری نوسەر