حوکمەکانی دادگا چیمان پێدەڵێت

د. شێرکۆ کرمانج

دەرچوونی حوکمی زیندانیکردنی گیراوەکانی بادینان زۆر شتمان پێدەڵێت، لەوانە بەکورتی:

یەکەم، لەو کاتەی کە خەریک بوو یەکڕیزییەک و یەکھەڵوێستییەک، لانیکەم ڕووکەشانە، لەنێو کوردستانیان بەدژی ھێرش و ھەڕەشە ساروخییە دەرەکییەکانی سەر ھەولێرو ھەرێم دروستدەبوو، بڕیاری حوکمکردنەکە لە دادگاکانی ھەولێر دەرچوون، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە ئەم حکومەتە نەیتوانی کە ئیستیسماری ئەم ھەلە بکات، یان ئەسڵەن یەکڕیزیی لای گرنگ نیە، نازانێت ھەلەکان بقۆزێتەوە.

دووەم، بڕیارەکانی دادگا حەفتەیەک دوای بەسیخوڕدانان و بەتێکدەردانانی تۆمەتبارەکان لەلایەن سەرۆکی حکومەتەوە درا، ئەمەش نیشانەی ملکەچیی دادگاکانە بۆ دەسەڵاتی سیاسی. ڕێک بە پێچەوانەی دەرکردنی حوکمەکان، دادوەرەکان لەم حەفتەیە دەبوایە ڕاگەیاندنێک دەربکەن و ئیدانەی سەرۆکی حکومەت بکەن بە پێشکەوتنی بە پێش بڕیاری دادگا. ھیچ نەبێت لەبەر ئەو بنەما یاساییەی کە دەڵێت تۆمەتبار بێ تاوانە تا بەبەڵگە تاوانەکەی لە دادگا دەسەلمێنرێت.

سێیەم، سەرۆکی حکومەت لە قسەکانی لەجیاتی بە سیخوڕ ناوبردنی تۆمەتبارەکان دەبوایە ناوی ئەو وڵاتە بێنێت کە سیخوڕی بەسەر ھەرێمەوە دەکات نەک تۆمەتبارەکان وەک سیخوڕ ناوببات. بەمەش سەرۆکی حوکمەت "سیخوڕەکان" تاوانبار دەکات و سیخوڕی بۆ کراو بێتاوان. ئەمەش ڕێک پێچەوانەی ئەرکی حکومەتە، حکومەت دەبێت لە سیخوڕی بۆ کراو بکۆڵێتەوەو دادگاش لە سیخوڕ، کەچی لە ھەرێم دەسەڵات سەراوژێر لەم پرسانە گەیشتون.

 

17/02/2021



وتارەکانی تری نوسەر