ئێران نا‌هێڵێت بودجە تێپەڕێت

د. شێرکۆ کرمانج
کاتێک ئەمریکا عێراقی داگیرکردو شایی سەرکەوتنی گێڕاو هەڕشەی لە هەرچی نەیاری ‏خۆی هەبوو لە ناوچەکە دەکرد، ئێران یەکێک لەو نەیارانە بوو کە ئامادەی ملکەچکردن بوو ‏بۆ ئێران. ئەوکات هەندێک ڕاپۆڕت باسیان لەوە دەکرد کە ئێرانیەکان بە ئەمریکییەکانیان ‏گوتوە کاغەزی سپی ئیمزا دەکەین بۆ هەر داوایەک کە هەیانبێت تەنیا لەبەرابەر دەرهێنانی ‏ئێران لە لیستی وڵاتە لاسارەکان (‏rogue states‏). گوایە ئێران ئامادەیی دەربڕییبوو کە ‏هاوکاری حەماس و حیزبوڵاش ببڕێت. دیک چینی، کە ئەوکات جێگری سەرۆکی ئەمریکا ‏بوو و دۆسییەی عێراقی بەڕێوەدەبرد، بە ئێرانییەکانی گوتبوو ئێمە قسە لەگەڵ شەیتان ناکەین، ‏بە واتایەکی دیکە نۆبەی ئێوەش دێت. ‏

دەوران سوڕا، ئەمریکییەکان بە پەلەپڕوسکێ لە ٢٠١١ عێراقیان جێهێشت. ئێرانییەکان لە ‏ڕێگەی کۆنە دۆستەکانیان لەنێو حزبی دەعوە، ڕێکخراوی بەدر، مەجلسی ئەعلا، هاوکات ‏لەڕێگەی دامەزراندنی چەندین میلیشیا وەک عەسائیب ئەلحەق‌و هاوکاریکردنی جەیشی ‏مەهدی‌و گروپە تیرۆریستییە سوننییەکان ڕۆڵی کاریگەریی گێڕاو بینی لە لاوازکردنی پێگەی ‏ئەمریکییەکان لە عێراق.

لەوکاتەوە ئێرانییەکان هێزی باڵادەستە لە عێراق لەسەر ئەرزی واقیع. ئێستا ماوەیەکە هەم ‏ئەمریکییەکان هەم وڵاتانی عەرەب لەڕێگەی یارمەتیدانی جادەی عێراقی (وەک ‏پشتیوانیکردنی لە خۆپیشاندانەکانی تشرین)، هاوکات، پاڵپشتیکردن لە سەرۆک وەزیرانی ‏ئێستای عێراق، مستەفا کازمی، دەیانەوێت کەم تا زۆر پێگەی ئێران لە عێراق لاواز بکەن.‏

یەکێک لەو ململانێیانەی کە ئەمڕۆ لە عێراق ڕەهەندی نێودەوڵەتی وەرگرتوە بودجەو قەرزو ‏نرخی دیناری عێراقە.‏

لێرە دەمەوێت هەندێک قسە لەسەر پرسی بودجەو پەیوەندی بە ئێرانەوە بکەم بەڵام دەبێت ‏ئەوە بگوترێت کە پرسی بودجە لە عێراق ڕەهەندی دیکەشی هەن تەنیا وابەستەی ئەم هۆکارە ‏نیە. ‏

ئێران بۆ دژایەتی تێپەڕاندنی بودجە دەکات، هۆکار زۆرن لێرە ئاماژە بە گرنگترینیان دەکەین:‏

یەکەم، لەگەڵ هاتنی کازمی ئێران هەست بە مەترسی لەسەر پێگەی خۆی کردوە چونکە ‏کازمی وەک کەسێکی نزیک لە ئەمریکییەکان‌و وڵاتانی عەرەبی سوننە ناسراوە. ئێران ‏پێیوایە تێپەڕاندنی بودجە پێش هەڵبژاردنە پێشوەختە چاوەڕوانکراوەکەی عێراق لەوانەیە ‏ببێتە مایەی بەهێزکردنی پێگەی کازمی‌و ئەو حزبە، یان ئەو هاوپەیمانییەی، کە دەیەوێت ‏پێکی بێنێت بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکان. هەم ئێران هەم لایەنە شیعییە نزیکەکان لە ‏ئێران پێیانوایە کازمی دەیەوێت پێش هەڵبژاردنەکان چەند دەستکەوێت بۆ خەڵک ‏بەدەستبێنێت‌و بە ئەرێنی لە هەڵبژاردنەکان بۆی بشکێتەوە. ترسی ئەوەشیان هەیە کە بڕێک ‏لە بودجە بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردنەکان بە سودی خۆی بەکاربێنێت. کێشمەکێشەکانی سەر بودجە ‏لەم ململانێیە بەدەر نین.‏

دووەم، هەندێک لایەنی شیعی نزیک لە ئێران داوای بەرزکردنەوەی نرخی دینار دەکەن. ‏دیارە لایەن‌و کەسانی دیکەش هەن کە ئەم داوایەیان هەیەو پێیانوایە کە خەڵک توانای کڕینی ‏نزمبۆتەوەو زەرەرمەندە. بەڵام ئەوەی هەستی پێدەکرێت هەندێک لایەنی شیعە کردویان بە ‏پێشمەرج بۆ تێپەڕاندنی بودجە چونکە ئێران زەرەرمەندی یەکەمە لە دابەزینی نرخی دیناری ‏عێراقی، ئەویش لەبەر کەمبوونەوەی هەناردەکردنی کەلوپەلەکانی ئێران بۆ عێراق. ‏دابەزاندنی دینار داوا لەسەر کەلوپەلی ئێرانی کەم دەکات چونکە ئێران ساڵانێکە لە ئاکامی ‏ئەو گەمارۆ ئابورییەی ئەمریکا خستویەتیە سەری نرخی تومەنی دابەزیوەو ئەمەش وایکردوە ‏کە شتومەکی ئێرانی هەرزابێت‌و داوای زیاتری لەسەر بێت. بۆیە ئێران‌و لایەن نزیکەکانی ‏ئێران بەرزکردنەوەی نرخی دیناریان کردوە بە پێشمەرجێک.‏

سێیەم، کاتێک نرخی دینار بەرزبوو هەلێکی چاک بۆ هەندێک بازرگانی عێراق، کە ئێران لە ‏پشت هەندێکیانەوە بوو، ڕەخسابوو بۆ سپیکردنەوەی پارە. ئێران لە دۆخی گەمارۆ ئەم هەلەی ‏دەقۆستەوە بۆ وەدەستهێنانی دراوی گرانبەها. بۆیە گێڕانەوەی نرخی دینار بۆ ئاستەکانی ‏جارانی کراوە بە پێشمەرجێک لەلایەن هەندێک لایەن بۆ بەردەوامدان بە سپیکردنەوەی پارە. ‏

چوارەم، کازمی لە ماوەی چەند مانگی ڕابردو ڕێکەوتنێکی سەرپێیانەی لەگەڵ ئوردن‌و میسر ‏ئیمزا کردوە بۆ کڕینی کارەبا لەبەرابەر نەوت. دیسان ئێران زەرەرمەندی سەرەکییە لەم ‏ڕێکەوتنە چونکە ئێران ساڵانێکە کارەبافرۆشی یەکەمە بە عێراق. تێپەڕاندنی بودجە دەرگا ‏بەڕووی جێبەجێکردنی ئەم ڕێکەوتنەی عێراق‌و میسرو ئوردن دەکاتەوە، بۆیە ئێران ‏حەزناکات بودجە تێپەڕێنرێت.

پێنجەم، تێپەڕاندنی بودجە ڕێکەوتنی هەرێم‌و بەغدای لێدەکەوێتەوە، ئەمەش بارودۆخی هەم ‏هەرێم هەم عێراق لە ڕووی ئابوری‌و گەشەکردنەوە تا ڕادەیەک ئاسایی دەکاتەوە. ئێران لەم ‏دۆخەی ئێستادا وڵاتگەلی وەک عێراق‌و هەرێمی لێ دەرچێت کەسی دیکە شک نابات بۆ ‏ساغکردنەوەی کاڵاکانی، بۆیە حەزناکات بودجەیەک تێپەڕێنرێت کە لە بەرژەوەندی هەرێم ‏لەلایەک‌و کازمی لەلایەکی دیکە بێت. بۆ ئەم کارەش لایەنە شیعییە نزیکەکانی ڕاسپاردوە کە ‏هەموو ڕێگرییەک بکەن لە بوجەیەک کە هەرێم لێی سودمەند بێت.‏


29/03/2021



وتارەکانی تری نوسەر