بێدەنگیی لەئاست سەپاندنی تاک ئاینییدا،چەمکی ئازادیخوازیی بێ مانا دەکات

بارزان شێخ عوسمان

وا سێ دەیە تێپەڕ بو  بەسەر ئەزمونی حوکمداریی لە هەرێمی کوردستانی عێراق کە بەداخەوە نەتوانرا نمونەی بەڕێوەبردنێکی   وا پێشکەش بکرێت  لانی کەمی ناڕەزاییەکانی ئێستا لە ئارادا نەبوایە .چەندین ساڵیشە هەمومان بەوانەیشی لە دەسەڵاتەوە نزیک بون  هەر هاوارمانە ،نا بۆ دەسەڵاتی تاک حزبیی! ،نا بۆ دەسەڵاتی تاک بنەماڵە! ،ئەوە تۆمەتێکە ئەگەر وەک تاوان بدرێتە پاڵ روناکبیرە ئازادیخوازەکان ،دەبێت شانازیی پێوە بکەن .



لەپاڵ ئەم هەڵمەت و بزوتنەوە مەدەنییەدا کە هەوراز و نشێوی بەخۆوە بینیوە  ،هەلپەرست و پۆپۆلیستەکانیش خۆیان پێدا هەڵواسیوە و لە جەوهەری پرەنسیبەکانی ناڕەزایی مەدەنیی ،سیاسیی و،پەرلەمانیی و ئیعلامیی لایانداوە .



هێز ێکی نامۆش  بە خشکەیی و بێ ئەوەی کەس بە خۆی بزانێت  شۆڕشە لەسەرخۆ و مەدەنیی و شارستانییەکەی   کۆمەڵانی خەڵکی  دزیوە و بیرو باوەڕەکانی خۆی سەپاندوە و گەشەی پێداوە.



بەدرێژایی دو دەیەیە  هەموان دروشمی ئازادیی را دەربڕین و ئازادیی رەهای بێ قەیدو شەرتمان  بەرز کردۆتەوە،دژی خۆسەپاندنی  حزب و گروپێکی دیاریکراو بەسەر جومگەکانی حوکم و  بوارەکانی کۆمەڵایەتیی و روناکبیریی  وەستاوینەتەوە،داوای فرە رەنگیی و فرە حزبیی و پێکەوە ژیانی ناکۆک و دژەکانیش دەکەین ،کەچی زۆر بە کەمی و بە دەنگێکی کز و لاواز و شەرمنانە  قسە لەسەر  ئەو دەستدرێژیی و پەلاماردانەی ئەو هێزە نامۆیەی بەناو دینییەوە دەکەین، کە بنەماکانی ئازادیی و دیموکراسییان خستۆتە بەر مەترسیی و لەناوچونیشەوە .


لە کاتێدا خۆیان بەراشکاویی زۆر لە مێژە  وتویانە و ئێستاش دەڵێن کە سود لە دیموکراسیی و ئازادیی دەبینن و پیایدا سەردەکەون بۆ دەسەڵات و بە ئیسلامکردنی کۆمەڵ لە کوردستان و عێراقیش ،بەڵام خۆیان نە دیموکراسیی ،نە ئازادیی تاک پەیڕەو ناکەن  و باوەڕیشیان پێی نیە ،تەنیا تاک ئاینیی و تاک مەزهەبییش لای ئەوان دەخوات.



ئێمە کە خۆمان بەئازادیخواز دەناسێنین ،دەبێت لە ئاست هەر پێشێلکردنێکی لەو جۆرەی ئازادییەکان ،هەڵوەستە بکەین ،هەڵوێستمان هەبێت و بێ دەنگ نەبین .چونکە  سەپاندنی بیری ئاینیی و تەکفیر کردنی هەر کەسێک کە رەخنە لە ئاینێک بگرێت ،ئەو کاتە ئێمەش هاوبەش دەبین  لە هەتک کردنی ئازادییەکان ،و ئیدیعای ئازادیخواهیمان  هەرەس دێنێت.



ساڵی ٢٠١٧ ژمارەیەک لە رێکخراوەکانی ژنانی هێزە ئیسلامییەکان لەسلێمانی سیمینارێکیان رێکخستبو  دژی بەرنامەی پەروەردە و فێر کردن ،کەسێکیان بە ناوی منیرە  زۆر راشکاوانە  کە بڵاویش کرابوەوە وتبوی (پێویستە تەدەخول بکەین لە پڕۆگرامەکانی خوێندن  و سنورێک بۆ بەدرەوشتی دابنێین و  بە پەروەردەی ئیسلامیی نەوەکان پەروەردە بکەین ) زۆر قسەی تریشیان کردبو کە تەنیا بەندە لەسەر ئەو دەستدرێژییە  بۆ سەر ژیانی مەدەنیی هاتمە دەنگ و وتارێکم نوسی و لەدژیان وەستام (هیوادارم کەسانی تریش نوسیبێتیان من بە هەڵەدا چوبم).



وا ئێستاش  هێزە ئیسلامچییەکان (کە تیجارەت بە دینەوە دەکەن ) یەکیان گرتوە و چی خراپە بە ئازادیی و ئازدایی بیروباوەڕ و ئاینی دەکەن ،لەدژی ئەو دەنگۆ و پڕوپاگەندەیەی کە  گوایە وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان بە نیازە بەو پرۆگرامە دا بچێتەوە کە لە وانەی پەروەردەی ئیسلامییدا هەیە.بەڵام بەداخەوە شەخسی وەزیری پەروەردە رونکردنەوەی داوە   رەتیکردۆتەوە نیازی دەستکاری ئەو وانانەی پەروەردەی ئیسلامییان هەبێت .



لەکاتێکدا نەک هەر  ئەو وانە و پرۆگرامەی ئێستا کە داوای  بێزاوتنی ئاینەکانی تر دەکات و مناڵ فێر دەکات کە هەر ئیسلام راستە و دینەکانی تر کخە و یەعەن ،بەڵکو خودی کتێبی پیرۆزیش پێویستی بە هەموار کردنەوە و دەستکارییکردنە ، وەک چۆن لەسەردەمی عومەری خەتاب و عوسمانی عەفان و سەدو نەوەد ساڵ دوای کۆچی دوایی محمد پێغەمبەر ئەوە رویداوە.



  بە داخەوە ژمارەیەکی کەمی نوسەر و خاوەن قەڵەم نەبێت ،نوتقیان لە خۆیان بڕیوە لە بەرامبەر  ئەو خۆسەپاندنەی ئیسلامیچیەکان (ئاخر ئەمانە ئیسلام بۆ مەرامی تایبەت بەخۆیان  بەکاردەهێنن ،بۆیە   پێیان ئەڵێم ئیسلامچی).



ئەو تاقمانە بەم رۆژگارە لە مینبەری مزگەوتە تایبەتەکانیانەوە ،لە تلفزیۆن و رادیۆکانیانەوە وتەواوی سۆشیال میدیا لە فیسبوکەوە تا تیک تۆک  هەر ژەهری خۆسەپاندن و تەکفیری ژیانی مەدەنیی ئەرێژن و بە هێرشکردنە سەر دەسەڵات و هەردو حزبی   ی ن ک و پ دک باوەشێنی ئاگرەکەیان دەکەن .



کەچی  بێ دەنگییەکی کەم وێنە دەبینم لە لایەن کەسایەتییە  روناکبیرەکان ،رۆژنامەنوسان ،چالاکوانانی مەدەنیی ،نوسەر و ئازادیخوازەکانەوە  لە ئاست ئەم دەستدرێژییانەی ئەکرێتە سەرمان ،لانی کەم بگوترێت ئیسلامی راستەقینە وەک ئێوە نییە و نمونەیان بۆ بهێننەوە ،نمونەش لەو بارەیەوە زۆرن هەر لە مەلای گەورەی کۆیە تا دەگاتە مامۆستا ئاینییە زاناکانی ترمان .



بەندە مەبەستم ئەوە نییە کەس هان بدەم دژی ئیسلام ،دژی ئیسلامیش نیم ،بەڵام هەر ئیسلام بەتاکە ئاینی راست نازانم ،ئەی ئاینەکانی تر چین و رۆڵیان چی یە ؟!.


بۆیە ئەگەر پرو پاگەندەش بێت پێویستە وەزارەتی پەروەردە هان بدەین ، بێ سڵەمینەوە ،بەزویی  پروپاگەندەکە بکاتە ئەمری واقیع  و دەستکاریی پەروردەی ئیسلامیی بکات لە قۆناغەکانی  خوێندنی سەرەتایی و ناوەندییدا کە دو قۆناغی مەترسیدار و ناسکی پەروەردە و فێر کردنن و مناڵ و مێرمناڵ و نەوجەوان لەو قۆناغەدا بەو گیانەپەروەردە بکرێت کە تەنیا یەک ئایین و یەک پەیامبەر راستە ، ئەوا نەوەیەکی داعش  و ترسناکتر دێتە بەرهەم .



لێرەدا دەوستم و هەر ئەوەندە دەڵێم "


 دەبێت بە راشکاویی و بوێرانە  هەمو مان دەنگ بەرز بکەینەوە و سنورێک بۆ ئەو دەستدرێژییانە دابنرێت کە دەکرێتە سەر ئازادیی” . ئاخر کە من ئازادانە بە ئارەزوی خۆم  و بە مافی خۆمی بزانم دژی تاکرەویی حزبیی و حزبی قائید و قائدالچرورە  بوەستم  ، بێ دەنگ نەبم چونکە ئازادیخواهم !،ئەی بۆچی بێ دەنگ بم و شەرم بکەم و مافی ئازادییم بەکار نەهێنم لە ئاست تەوژمێکی ئیسلامچیی و سەپاندنی  بیروباوەڕە ژەنگاوییەکانی حەسەن بەنا و سەید قوتب و ئیبن تیمیەی حەنبەلی  ؟! کە جگەر گۆشەکانی  سەدان هەزار کورد و زیاتریش  بەو گیانە پەروەردە بکرێن  کە هەقیقەت تەنیا لای ئەوانە ؟!.



ئەگەر هەروا بێ دەنگ بین ، لەترسی دەم درێژییەکانی ئیسلامچیە قاجاخچییەکان. فزە لە خۆمان ببڕین و پێیان نەڵێین  ئێوەش بوەستن ،لەسنور لامەدەن و نەریتەکانی ئیسلامی کوردیی  مەشێوێنن ،ئەوا ئازادیخوازیی بونمان  بێ مانا و  لەنگ و فشۆڵ دەبێت .



ئازادیخوازیی هەر بەتەنیا بەگژاچونەوەی  رەفتار و سیاسەتەکانی حکومەت و دەسەڵاتی کوردستانی عێراق نیە !،بەڵکو بەگژاچونەوەی ئەو  تاقمانەشە کە ئەجیندای ئیخوانچێتیی و سەلەفیەت و چی و چیی دەسەپێنن بەسەر کوردەواریی موسڵماندا .


08/07/2022



وتارەکانی تری نوسەر