هەمیشە پێشمەرگەمان پێویستە

بارزان شێخ عوسمان
ئەتان بینم  ... لە سەنگەرەكانی  كەركوكی  قودسی كوردستانەوە .... دەستتان لەسەر پەلەپیتكەی تفەنگەكانتانە ...بە هەمان گیان و بیروباوەڕی پێشمەرگانەی خەباتی شاخ  لە سەنگەری بەرگریی و  پێشڕەویدان .... فەرماندەكانیش بە  بیری ژیر و دەستی خاراویان  نەخشە و پلان دائەنێن ،ئەوانیش قاڵبوی خەباتێكی درێژ خایەنن ، رۆژانێك بو ئەوانیش وەك ئێوە جەوان و لە هەڕەتی تەمەندا بون  و خەمی میللەتێكیان كردە خەمی خۆیان هەمو شتێكیان جێ هێشت   ،ئێستاش بە هەمان ورە بە هەمان گیان و رێبازەوە  لەگەڵتانن ..بە ئەزمونیان لەگەڵ نەونەمامە تازە پێگەیشتوەكانی دژە تێرۆر  مۆڵگای داعشەكان داتەپێنن و داعشە خوێن پیسەكان راو ئەنێن بەرەوە ئەو دۆزەخەی كە گەل بۆی داخستون .   

ئەتان بینم .....  لە سەنگەرەكانی گەرمەسێر  و شەنگال وە  ....چاوتان ناوە بە سێرەی قەناسەكانتانەوە ...بە سزا گەیاندنی هەر داعشێك ....رۆحی ئێزدیەكی شەهید...  دەرونی كچە ئێزدێیەكی بە تاڵا ن براو شاد دەبێت  (كە داعشەكان بە میرات فیكری سەبایایان بۆ حەلاڵ كراوە)  .

ئەتان بینم ....لە دەشتی قەراج و مەخمور و گوێڕەوە ... چۆن لە سەنگەر دا خۆتان قایم كردوە  بۆ تێكشكاندنی داعشەكان ...،چۆن بەروی لەشكری جەهالەت و تاریكیی و سەدەكانی ناوەڕاستا وەستاون  ... .
ئێوە نەوەی دوای  شۆڕشی نوێ و شاهیدی قوتابخانەكانی مقاوەمەتی ناو زیندانەكانی سەردەمی دیكتاتۆریی و  مەدرەسەی كەم ژیان و كەڵ ژیانن  ،نەوەی شۆڕشە خوێناوییەكەی كوردستانن ،نەوەی دوای سوتماك و جینۆساید و   بۆردومانی كیمیایی بالیسان و شێخ وەسان و جافەتیی و بۆردومانی كیمیایی  هەڵەبجەو  ئەنفالە بەدناوەكانن ،ئێوە نەوەی دوای راپەڕینن ، نەوەی  یەكەم ئەزمونی بەڕێوەبردن و حوكمداریی مەدەنیین .
ئەتان بینم ....چۆن بەگژ هارترین دوژمندا ئەچنەوە ،چۆن پێش بڕكێ لەگەڵ مەرگ ئەكەن بۆ مسۆگەر كردنی ژیانێكی ئاسودە بۆ نەوەكانی تر ...كە شەهید دەبن جارێكی تر زیندو ئەبنەوە ...لە نێو دڵماندا  بە نەمری ئەمێننەوە .

ئەتان بینم ....ئێوەش وەك نەوەكەی پێش خۆتان  خەمی میللەتتان لە كۆڵ كردوە ...سوێندێكە و خواردوتانە ،بەڵێنێكە داوتانە ،  تا نەخشەی راستەقینەی هەرێمەكەمان  لە چوارچێوەی فیدراڵییە (بە خوێن بەدەستهاتو)ەكەمان  نەهێننەوە  ناگەڕێنەوە .
ئەتان بینم ....ئێوە ش وەك رابردوی ئێمەی پێشمەرگەی دێرین ،هەریەكەتان لە ناوچە و شار و گەڕەكی  خۆی  یادگارییەكی جێ هێشتوە ،یەكێك دایك و باوك و خوشك وبرای چاوەڕوانكراو ،ئەوی ترتان  هاوسەری دوگیان ،ئەمەی تریشیان ساوایەكی چەند رۆژ لەدایكبو   كە نەیدیوە  ،ئەمەشیان جگەر گۆشە كەی بە نیازە بابەی پێشمەرگەی بێتەوە  پێكەوە دیارییەك بكڕن ،كەچی ئەوینیی و پاراستنی خاك و  وڵات لای ئەم پێشمەرگانە لە هەمو ئەو یادگارییانە شیرینترن ،چونكە ئەوان بۆنیشتمانێك گیان فیدا ئەكەن كە  ئەو یادگارییانەیان دروست كردوە .

ئەتان بینم ...لە سەنگەرەكانی دیفاعەوە ئەتان بینم ،لە سەنگەرەكانی هەڵمەت بردندا ئەتان بینم ....لە ساتە وەختی چەپۆكی بە هێزی چنگاڵ تیژی پێشمەرگە ی پڵنگ و بەور ئاسا  ... لە كاتی  سرەواندنی گورزە گورچكبڕەكانی  پاڵەوانەكانی دژە تیرۆر  ئەتان بینم كە كەمەری داعشە تاوانبارەكان ئەپسێنێت  نەفرەت لەو قیسمەتە ئەكەن كە راپێچی ئەم دەڤەرەی كردون ..تف لەچارەی ئەو  واعیزە ریش چڵكن و بیر بەستەڵەكە دەكەن كەبە بەهەشتی پڕ لە حۆریی فریوی داون  ،لاپەڕەكانی  ئەو فیكرە  هەنجن هەنج دەكەن  كە گەیاندونی بەو دۆزەخەی لە كوردستان بۆیان داخراوە .

ئەتان بینم  ....بیر  و  ئومێدتان دەخوێنمەوە ..... بیرتان كوردایەتیی و كوردستان پەرستیی ...ئومێدیشتان ئازادیی یەكجارەكیی راونانی چەتەكانی داعشە لە كوردستان لە شەنگالەوە تا سنوری حەمرین  .
سەركەوتن  و لەكەل دەركەوتنی خۆری ئازادی  لە چاوی ئێوەوە ئەبینم ..... تێكشكاندنیش  هەر بۆ ئەو چەتانەیە كە شەڕیان هێناوەتە ماڵەكەمان و مەرامیانە پیلانەكانی بەعس و عروبەی شۆڤێنی تەواو بكەن   ئەمجارەیان بە ناوی فیكری ئیسلامیی و دەمارگیریی و بە كۆمەڵ كوشتن


22/03/2015



وتارەکانی تری نوسەر