دوو نەفرەتی پێویست..نەفرەت لە جاش، نەفرەت لەداگیركەر! كوردی بێ كەرامەت، هەمان مرۆڤی بێ كەرامەتە!

ئومێد حەمەعەلی

  كوردی بێ كەرامەت هەمان مرۆڤی بێ كەرامەتە، كە كۆیلایەتی لە ئازادی و شەرەفمەندی بەلاوە پیرۆزترە، هەمان مرۆڤی ناڕەسەنە، كە لە پێناوی سەلامەتیی خۆیدا دەسەڵاتی داگیركەری پێ قەبوڵە. مرۆڤێكی گرگن و نزمە و، ئەو بوونەیە لەسەر پاشەڕۆی ئەویتری بێگانە ئەژی، لەناو پاشەڕۆی ئەویتری بێگانەدا ئەمێنێتەوە و، هەر لە پاشەڕۆی مێژووی بێگانەشدا بە هیچێتی و نەبوونی خۆیدا گلۆر گلۆردەبێتەوە. 
 كوردی بێ كەرامەت ئینسانی بێ كەرامەتە، بەڵام زۆربەیان لەوە تێنەگەیشتوون، كە كوردێكی بێ كەرامەت بیت ڕاستەوڕاست ئەبیتە ئینسانێكی بێ كەرامەتیش. كوردبوون دروستكراوی دەستی ئێمە نییە، كوردبوون دۆخێكی ئۆنتۆلۆژیی بوونی مرۆڤە، پێدراوێكە بە مرۆڤی كورد دراوە، بێ ئەوەی دەستی لە هەڵبژاردنیدا هەبێت، كتومت وەك خەسڵەتە ئینسانییەكەیە، ئەوەی ئینسانە و وەك ئینسان لەدایكبووە و خۆی لە هەڵبژاردنی  ئەوەی وەك مرۆڤ بێتە دونیاوە هیچ دەستێكی نییە، ئەوهایە ئێمە خۆمان پێش ئەوەی بێینە دونیاوە پرسمان پێ نەكراوە وەك ئینسان لەدایكبین، یان وەك زیندەوەر و گیانلەبەرێكی تر. كوردبوونیش هەمان دۆخە، كوردبوون پێدراوە و خەسڵەتێكی بنچینەیی بوونە، ئەتوانیت نكوڵیلێبكەیت و خۆت بخزێنیتە سەنگەری ئەویتری بێگانەوە، بەڵام ئەمە ڕەوشی بوونت بە قووڵایی خەرەندی ناڕەسەناێتیدا گلۆردەكاتەوە.  خۆدزینەوە و هەڵگەڕانەوە لەو خەسڵەتە بوونەوییە، واتە دەستبەرداربوون لەو پێدراوە بنچینەییە، یان بە واتایەكی تیۆلۆژی هەڵگەڕانەوە لەو كوردبوونە، هەڵگەڕانەوەیە لەو پێدراوە یەزدانی و خواییەی بە مرۆڤی كورد وەك كورد دراوە. 
 لە دۆخی مێژوویی ئێمەدا دەرگیرییەكی سەختمان بە دوو جۆر فاشیزمەوە هەیە، واتە دوو جۆر فاشیزم لەنێو چەندین فۆرمی بەرخوردی فاشیستیانەدا، یەكەمیان فاشیزمی داگیركەرە، فاشیزمی ئەویتری بێگانەیە بەرانبەر بوونی ئێمە، ئەو ڕەتكردنەوە و قەبوڵنەكردنەیە لەپەیوەند بە بوونی كوردەوە پیادەی دەكەن. بەردەوام خۆی پیادەدەكات و هەتا ئەوەی جەنگێكی ڕاستەقینە و كوشندە لەئاست گەلی ئێمە بەڕێوەدەبات. دووەمیان فاشیزمی جاشایەتییە، فاشیزمی جاشایەتی كە لە كتێبی ڕەمزییەتی بوونێكی نەگیراو دا بە فراوانی باسمكردووە، ئەو فاشیزمەیە كە لەناو كورد خۆیەوە هەڵدەقوڵێت، ئەو ڕەتكردنەوە و دژایەتی و نامۆبوونەی كورد خۆیەتی بەرانبەر بە خودی خۆی، بەرانبەر و دژ بە ڕەوایەتی بوون و زمان و فەرهەنگ و مێژووی خۆی هەیەتی، فاشیزمی جاشایەتی بریتییە لەو دەمارگیرییە كارەساتبارەی بەشێك لە گەلی كورد بە پاساوی ئایدۆلۆژی جیاواز، بە پاساوی سیاسی و خێڵەكی و ئابوری جیاوازەوە، تەنانەت بە پاساوی پێكەوەژیانی دیموكراسیشەوە دژ بە ماف و سەروەری و سەربەخۆیی سیاسی خودی نەتەوەكەی خۆی دەیكات. فاشیزمی جاشایەتی لە ڕۆحی بەشێك لە كورددا، واتە لە ڕۆحی كوردی بێ كەرامەت دا، ئەگاتە ڕادەی بەرپاكردنی شەڕ، ئەگاتە ڕادەی یارمەتی و چاوساغی بێگانەی داگیركەر، ئەگاتە ئاستی جێگرتنەوەی داگیركەری فاشیست لە دوژمنایەتیكردنی خودی كورد خۆیدا. 
 دژوارترین و هەمەجیترین فاشیزمی داگیركەر، فاشیزمی دەوڵەتی توركە، ئەوە ئێستاش وەك هەمیشە شەڕی سڕینەوە دەكات، بۆ نمایش كە فاشیزمی تورك بەناچاری فێری بووە، شەڕی سڕینەوەی كوردی نەبەرد و ڕەسەن و شەرەفمەند دەكات، شەڕی ئەو كوردە دەكات كە نەخێری گەورەی بۆ داگیركەر هەیە. لەگەڵ هەموو دەركەوتەیەكی شەڕی داگیركەردا دیاردەی فاشیزمی جاشایەتی بەشێك لە كورد خۆی، بە ڕوونی دەردەكەوێت، ئەمەش دەركەوتنی سروشتیانەی ڕۆحی كوردی بێ كەرامەتە، كە كوردێكە دوژمنی ڕەسەناێتی و شكۆمەندی ئەو بوونەیە خودا پێی بەخشیوە. 
  فاشیزمی جاشایەتی لە دۆخێكی زۆر ناڕەسەنانە و گەمژانەی تریشدا گینگڵ ئەدات، ئەویش نائاگامەندییەتی بەو ڕەتكردنەوە بنەڕەتییەی فاشیزمی داگیركەر و بەتایبەتی فاشیزمی تورك بۆ كوردی جاشیش هەیەتی، چونكە نكوڵییەكەی فاشیزمی داگیركەر لە بوونی كورد، تەنیا لە بوونێكی دیاریكراوی كورد نییە، نكوڵی داگیركەری فاشیستی توركی نكوڵی و حاشاكردنە لە بوونی كوردی بە هەموو واتاكانییەوە تا ئەو شوێنەی ئەتوانێت پیادەی سڕینەوە و نكوڵیكردنە سەراپاگیرەكەی بكات، لە هەر كات و شوێنێكدا نەیتوانی نكوڵی و سڕینەوەی بوونی كورد بەشێوەیەكی سەراپاگیر جێبەجێبكات، بەدڵنیایی مێژوو، یان پێویستی، فێری ئەوەیان كردووە، پێش هەر شتێك كوردی ڕاستەقینە و شكۆمەند بكوژێ و ڕووبەڕووی ببێتەوە و، هەرچییەكیشی بۆ بكرێت بە جۆرەها پاساوی ئایدۆلۆژی و سیاسییەوە یارمەتی كوردی بێ كەرامەت بدات و بشبێتە مەكینەی هەڵهێنانی ئەو جۆرە لە كورد، كە نەفرەت لەخۆی دەكات و، ئەویتری بێگانە بە سەروەری خۆی قەبوڵدەكات. فاشیزمی جاشایەتی جۆرێك لە كوردی بەرهەمهێناوە كە بەردەوام پاساو بۆ ڕەوایەتی دەسەڵاتی داگیركەر بە هەموو ڕەنگەكانییەوە، ئەهێنێتەوە.

18/04/2022



وتارەکانی تری نوسەر