وه‌ڵامێك بۆ مەلا كرێكار

ئەبو بەکر هەڵەدنی
 هەموو چاوەڕوانی ئەوە بووین كە وانەت لە ڕوداوەكانی ڕابردوو وەرگرتووە و هەڵوێستەیەكی فكری دەكەیت و خوێندنەوەیەكی واقعیانەت دەبێ بۆ ئەوەی ئەمڕۆ لەسەر ئاستی ناوخۆ و ناوچەكە و جیهانی ئیسلامی دەگوزەرێ.، بە هیوا بووین زیندان وات لێبكات تۆش وەك(كاك أحمدی موفتی زادە) كە لە زیندان دەرچووی ببیت بە تۆپەڵێ لە مرۆڤ دۆستی و نەرم و نیانی و بەزەیی و تەنانەت ڕق و قینت لە دوژمنەكانیشت نەبێ،. چاوەڕوان بووین وەك زەینەب غەزالی شاكاری گەورەی ئەدەبیمان بۆبنوسی تا ئەدەبی ئیسلامیش لەم میانەدا ئەسپی خۆی تاودا،. بەڵام ئەفسوس تۆ هەر لە جێی خۆتی و هەر لە ڕابردوودا دەژی و تۆزقاڵێك بەخۆدا چونەت نەكردوە بە ئەركێ بۆ خۆت تا لە ڕێیەوە شەن و كەوی هەڵەكانت بكەی.

 ڕۆژێ بینیمان خوێندنەوە ناواقعیەكانت كە لە چڵپۆپەی غروردا بوویت حیزبەكانی كوردستان پۆلێن دەكردن كە (پارتی حزبی كەلەپور و یەكێتی جولەكەی كوردستان و یەكگرتوو مریشكی مەصلەحەن) هەر خۆمان تاقە سواری مەیدانەكەین فرمێسكی تیمساحی بۆ مامۆستا مەلا عوسمانی ڕحمەتی هەڵدەڕێژی كەچی جەنابت لە ئاوارەیی خەنجەری ژەهراویت لە پشتەوەداو لە بزوتنەوەی ئیسلامی(جماعەتی إسلامی)ت داهێنا و، دووبەرەكیت دروست كرد و لە گۆڤارەكانی ئەو كاتە زمان و قەڵەمەكەت بۆ ساردكردنەوەی موجاهیدەكانی ئەو ڕۆژە خستە كار.

. لە جیاتی ئەوەی شانازی بە ڕەمزەكانی نەتەوەكەت لە شێخ محمود و قازی محمد و موفتی زادە و سوبحانی بكەیت, دێیت و شێتەیەكی وەك بن لادن دەكەیتە تاجی سەری ئۆمەتی ئیسلامی. ئێستاش دەروونت لە زیندان پاڵفتە نەكردۆتەوە و دوایەمین پەلاماری ناهەقیانەی پڕ لە كینت بە سوار چاكێكی وەك د.علی قەرەداغی دەڕێژی كە نوسینەكەت جگە لە بوغز و ئیرەیی بەرامبەر بە پێگە و كەسایەتی بەڕێزیان نەبێ هیچی تر نیە.. بەڵام تۆ و ئەو ئاسمان و ڕێسمانتان بەینە: 

1ـ كە د. علی قەرەداغی دەستی خێر و ئاوەدانی گەیاندە شار و گوندە كاولكراوەكانی كوردستان، تۆ وێرانی ترت بۆ خولقادین.

2ـ كە ئەو فرمێسكی منداڵە نازدارە بێ باوكەكانی دەسڕی، بە فەتوا نا واقیعیەكانی تۆ بەشێك بووی لە پرۆسەی هەتیو خستنی تری منداڵنی كوردەواری.

3ـ كە ئەو بانگەشەی بۆ برایەتی و ئاشتی دەكرد، تۆ كورەی شەڕی براكوژیت گەرمدەكرد.

4ـ ئەو داوای میانڕەوی و لێك گەیشتتن و ئاشتەوایی دەكرد، بەڕێزت بالۆرەت بۆ توند و تیژی و یەكتر قبوڵ نەكردن و سڕینەوەی یەكتری لێدەدا.

5ـ كە ئەو مەشخەڵی زانستی زیاتر بڵێسە پێدا، تۆ دەمانگێڕیتەوە بۆ لەزەت بینین لە خوێن ڕشتن و ڕق بەخشینەوە. نازانم بە چ دینێ، لۆژیكێ، لە كوێی برایەتیا جێی دەبێتەوە بەم شێوە ڕق و كینەی ژەهراویت بۆ كەسێ هەڵدەڕێژی كە دۆست و دوژمن شایەتی خزمەتەكانی دەدەن. تكایە وازبێنە چی دی مەبە مایەی فیتنە و سەرلێشێوان كە دەرچووت لە زیندان سۆشیالەكەی خۆت وەرگرە و وازمان لێبێنە، گەورەترین كارێ كە خزمەتی دونیا و قیامەتت دەكات زمانت پاك كەرەوە و دەست لە شەڕ فرۆشتن هەڵگرە و تۆیەك كە كەس شت بە كڵاوت نا پێوێ بە هەڵەدا چوی بەم جۆرە خۆت بخەیتە ناوی ناو ناوان. نوسینی : 



26/05/2015



وتارەکانی تری نوسەر