شەن وکەوێکی کابینەی نۆیەم لەژێر ڕۆشنایی ووتارەکەی سەرۆکی حکومەت دا!؟

ئەبو بەکر هەڵەدنی



وەک ئەرکی پەرلەمانتارکەچاودێری کردنی دەسەڵاتی جێبەجێ کردنە،دەتوانین ووتارەکەی بەڕێز سەرۆکی حکومەت وەک(بەڵێن)و(پلان)و(بەرنامە)لێک بدەینەوە،نەک دەسکەوتی وەدی هاتوو.

 
لەم ماوەیەدا لەمیدیاکان سەرۆکی (نیوزیلاند)مان بینی لەماوەی دوو خولەکدا دەسکەوتەکانی حکومەتەکەی بۆهاوڵاتیانی ووڵاتەکەی بەژمارە خستەڕوو،لەووتارەکەی شەوی ڕابردووی بەڕێز سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بەژمارە پێی نەوتین کە(داهاتی نەوت وناوخۆ چەندە)و(چەند دۆسیەی گەندەڵی یەکلاکراونەوەو چەند گەندەڵکار سزادراون) و(چەند کارگەی لەکارکەوتوە خراونەتەوە گەڕ)و(چەند موڵك وماڵیان گێڕاوەتەوە بۆ خەزێنەی گشتی)و(چەند کۆمپانیایان گێڕاوەتەوە ژێر ڕکێفی باج دان)و(چەند هەلی کاریان بۆ گەنجان ڕەخساندوە)و(چەندە ڕێژەکانی خۆکوشتن وجیابونەوە ی خێزانیان لەسایەی سەقامگیری حکومەتدا کەمکردۆتەوە)وچەندین چەندی دی .

 
هەموان ئەو ڕاستیە دەزانین کەهەڵتەکاندنی (سەرەنوێلکی هەڵدراوەی گەندەڵی حوکمڕانی هەرێم)ویستێکی شێلگیرانەی دەوێ وئەم کابینەیە کەلە10ی تەموزی ئەمساڵەوە متمانەی پێدراوە توخنی زۆربەی دۆسیەکانی نەکەوتوە،چونکە بەگوتەی سەرۆکی دەستەی دەستپاکی هەرێم(ئەگەر هەموو هاوڵاتیانی هەرێم دەستەی دەستپاکی بن دەرەقەتی بنبڕ کردنی گەندەڵی ناکەون) لەبەر ئەوەی گەندەڵی بەسیستماتیک کراوەو گەندەڵکاران خاوەن پێگەو نفوزن.

 
ئایالەم سەد ڕۆژەی حوکمڕانی (کەمشتێک نمونەی خەروارێکە)وەک بەڕێز سەرۆکی حکومەت ئاماژەی پێدا (قۆناغی باشمان بڕیوە،دەسکەوتی بەرچاو هاتونەدی،ڕەوتی کارەکان کەوتوەتە سەر ڕاستەڕێ)؟

 
لەکۆی پرۆسەی چاودێریکردنی ئەم ماوەیەی تەمەنی ئەم کابینەدا هێشتا هەنگاوی جدی بەپەلە وئیرادەیەکی ڕاستەقینە بۆپەندوەرگرتن لەڕابردوو ودەرفەت لەکیس نەدان نابینرێت.لەوانە:

 
_لەبواری داهات هێشتا پەرلەمانتارانی هەرێم چ جای هاوڵاتیەکانی نازانن ڕێژە وقەبارەی داهاتی هەرێم چەندە،شەش ساڵە بودجە نەهاتۆتە پەرلەمان.
_دەستوەردانی حزب لەدادگا،داواکاری گشتی ،زانکۆکان،دام ودەزگاکانی حکومەت زیادی کردوە وتەزکیەی حزبی نەک بنبڕ نەکراوە بەڵکو گەڕاوینەوەبۆ ساڵانی نەوەدەکان،بە نمونە لەم ماوەیەدا مانگرتنی پانزە دادوەرو داواکاری گشتی سنووری گەرمیانمان بینی نەک گوێ یان لێ نەگیرا،بگرە هەندێکیان سزادران.
_هێشتا هاوڵاتی بوون نەبۆتە پێوەری مامەڵەی دەزگا حکومیەکان،،دۆسیەی فەرمانبەرێکی ئەندازیارم لەلایە پێنج وەزیرم تێگەیاندوە لەدۆسیەکەی هێشتا لەژێر مۆری(لانوافق)دادەناڵێنێ،هەرلەم ماوەیەدا بەجەندین تەکلیف وتەلەفون ڕێگەدرا بەهاوڵاتیەکی بەشمەینەتی هەرێم بۆدانانی سەمونخانەیەک لەیەکێک لەقەزاکان تەنها بەپاساوی حزبایەتی!؟

 
_هەموو پڕۆژەیەک لەهەرێم بەرپرسێک لەپشتیەوەیەتی عه ره ب گوتەنی(من ورا‌و كل مشروع مسۆول)دەنا هەزاربڕوبیانوو بەهاوڵاتی دەگیرێ تا ناچار دەبێت کاربەدەستێکی دەستڕۆیشتوو بکاتە هاوبەش وشەریک.

 
_لەگەڵ ناوەند کوردیش وه ک لایەنەکانی تری عێراقی هاوکارێکی جدی سەرۆک وەزیرانی عێراق نەبون بەئاقاری چارەسەری کێشەکان تادەرفەت وکات لەکیس دراو هێشتا ڕێكەوتنەکان گرەنتی کراو نین کەجێبەجێ بکرێن.

 
_هاوڵاتیانی هەرێم بەدەست کەمی وخراپی خزمەتگوزاریەکانی ڕێگاوبان،تەندروستی،ئاوو ئاوەڕۆ،کارەبا،نەوت دەناڵێنن و واوەیلایانە.

 
_پاشەکەوتی موچە ودانەوەی قەرزی موچە خۆران سپێرراوە بەئایندەیەکی نادیار،کەحکومەت خۆی هۆکاری ئەم بێمتمانەییەی هاوڵاتیانە نەکاری بەبایۆمەتری کرد،نەحسابی بانکی کردەوە بۆ موچەخۆران،نەخۆی هێشتی بەشێکی ئەو پاشەکەوتە هاوڵاتیان بەکاری بهێنن لەبری پسوڵەی ئاوو وکارەبا وباجەکان بەگشتی.
_پێشمەرگە پێشمەرجی بەنیشتیمانی کردن وخزمەتکردنی ئەوەیە کوتومت یاسای حزبەکانی ژمارە(١٧)ی ساڵی ١٩٩٣ جێبەجێ بکرێت،قەدەغەی کاری حزبی لەتەشکیلاتەکانیان بکرێت،دانان ودامەزراندن لەسەربنەمای هاوڵاتی بون بێت نەک حزبی بوون،کۆلێژەکانی پۆلیس وسەربازی هەژموونی دوو حزبە دەسەڵاتدارەکەیان لەسەرهەڵیگرێت،ئابونە لەپێشمەرگە وەرنەگیرێت.

 
_کەسوکاری شەهیدان ئەوکات ئاسودەن کەلیستی موچەکان پاکسازی تیابکرێت وجاش وئەنفال چی ومەفرەزە خاسەکانی سەردەمی بەعسی لەناوچوو لەسەرەی موچەدا هاوشانی کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان نەوەستابن.

 
_کشتوکاڵ وگەشتوگوزار لەهەرێم وەک دووکەرتی گرنگی پشتگوێ خراون،کەئەگەر قەترەیەک بەنزینمان نەبوایە دەبوایە ئەم میللەتە شەش ملیۆنیەی هەرێممان بەوخاکە بەپیتە وژینگە جوانەی کوردستان بژیاندایە،بەنمونە ساردخانەکانی (گردەبۆر)ی سلێمانی کەبڕی چەندین دۆلاری تێ چوە نەخراونەتە گەڕ کە (٣٢)سارد خانەیە وهەریەکەیان هەزاروپێنج سەد مەترە،جوتیاران هێشتا چاوەڕوانی پارەی گەنمی ساڵانی ڕابردون بەچ حەماسەتێکەوە لەچاندنی بەرهەمی ساڵی نوێ بنەون.
بۆیە بەمەزندەی ئێمە ئەم کابینەش هێشتا بازنەی بەڵێن دانی تێنەپەڕاندوەو لەوەناچێت چوارساڵی تەمەنیشی شتی گەورەی پێ بکرێت چونکە مانگ سەرلەئێوارە دیارە،کەسەرچاوەی ئەم بۆچونانەشمان واقع بینیە نەک ڕەشبینی وڕەتکردنەوەی هەمووشتێکی دەسەڵاتی جێبەجێ کردن.چونکە ڕکابەری دوودەسەڵاتەکەی یاسا دانان وجێبەجێ کردن دەبێت لەسەر بنەمای یەکتری تەواوکردن وخزمەتکردنی زیاتری هاوڵاتیانی کوردستان بێت.


08/12/2019



وتارەکانی تری نوسەر