بۆ فەرحان جەوهەر: لەباخەڵی خۆتانەوە گوێزان دەژمێری!؟

ئەبو بەکر هەڵەدنی
 ئەوەی تۆ ناوی لێدەنێی (ئیسلامی سیاسی) لای بەندە ئیسلامخوازانی گۆشکراو بە هەناسەی نیشتیمان پەروەری ومرۆڤ دۆستیه‌، کە بەشانازیەوە بەندە خزمەتکارێکی بچکۆلەم لەوان، دەزانی ئەوانە کێن بەڕەوشترین و خوێنەوارترین و سەنگین ترین کەسایەتیەکانی ئەم وڵاتەن کە بۆن وبەرامەی عەنبەرئاسایان بەناو کوچەو کۆڵان وگوند و شاری کوردەواریدا بڵاوبۆتەوە.
وەرە با پێت بڵێم کێ داوێنپیس و سێکس پەرست و گەندەڵە، ئەوە بەشێک لەو سەرکردە و فەرماندە و کادیرانەن لەپەنای شۆڕش و کوردایەتیەوە ئەتکی هەزاران  ئافرەتی پاکیزەی کوردەواریان کرد لەشاخ وشار، وەرە با بەڵگەوە سەدان چیرۆکت پێ بڵێم کەهەندێ کەتافی لەبەر لەشەستەکانەوە چی بێ حورمەتی هەیە کردیان بەژن و کچی کورد، نانی گوندنشینانیان دەخوارد وناندێنیشیان دەدڕی، من وەک تۆ ناڵێم هەموو. بەڵێ هەندێ لەوانە لەشارو شاخ تەماعیان دەکردە ژنی هاوسەنگەرەکانی خۆشیان وچەندیان سەر نگون دەکردن و لەکونەشاخ وتاوێرە بەردەکان دەیان شاردنەوە.
نامەیان بەیەکێکا دەنارد و یان سەربانیان پێدەگێڕا و ئێشکیان پێ دەكرد و دوایی بەزەبری چەک وزۆرەملێ بەردەبوونە وێزەی خانمە هاوسەرەکەی.
لەشارا بەشێ لەو گیاکەڵانەی کوردایەتی تەماعیان دەکردە ژن وکچی هاوسەرەكانی سەربەرزی شەهیدان کە هانایان بۆدەبردن بۆ پاروە نان و زەوی و دامەزراندنێک، گەر مەنهۆڵی شەڕواڵ پیسی هەندێک لەوانە هەڵدەینەوە ئەوا بۆگەناویان کەڕو کاسیەک بەشوێن خۆیدا دێنێ بەباران و لافاویش ناشۆرێتەوە.
بۆگەندەڵیش شوکور میلەت هۆشیارە کێن ئەوانەی بەجوتێ ئەدیداسەوە بونەتە خاوەنی مۆڵ و بەنزینخانە و مارکێت وسیتی وبانکەکانی هەندەران، کێن ئەوانەی بەزۆر دەبنە شەریکی بازرگان وکاسبکاران، کێن بونەتە ملیاردێر وملیۆنێری هەڵتۆقیو.
تۆ کە هەموو ماڵەکەت لەشوشەیە تەنها بۆ حەڵاڵکردنی گوێڕایەڵیت بەرد دەگریە ماڵی خەڵک.
شازادە و منداڵی سەر بێشکەی کامە ئیسلامی سیاسیە لەسەر ئاخوڕی گەندەڵی دەلەوەڕێ و بوەتە بزنسمان وخاوەنی دامەزراوە.
ئیسلامی بەشێوەی شەرعی و لەڕێگەی گرێبەستێکی حەڵاڵەوە پرۆسەی ژنهێنان و فرەژنی ئەنجام دەدات، نەک وەک هەندێ لەسەرانی ژێر عەبای کوردایەتی لەژێر سەدان ناوی ساختەی هاوڕێ وهەوەس وحەز و بەناو خۆشەویستی بەژن داگیرکردنیشەوە ئەوەی نامۆیە بەمرۆڤ و کوردەواری  ئەنجامیان داوە.
ئێوە دوای ڕاپەڕین ئەخلاقتان لەمرۆڤ وکۆمەڵگای کوردی داڕنی ودژایەتی دین وڕەوشتی ئەو میلەتە پاک و ئاکار بەرزەتان کرد، کورد بەدرێژایی مێژوو گەر قەوارەی دڵخوازی خۆی نەبوبێت ئەوا خاوەنی ڕەوشت بوە.
 لەگەڵ ئەوەی ئیسلامیەکان مرۆڤن نەک فریشتە وشایستەی هەڵەن، بەڵام ئەگەرئیسلامی سیاسی بەدوای سێکس وگەندەڵیەوەن وەک ئەو شەکرەی شکاندووتە ئەی بۆ زۆرینەی کۆمەڵگا زەکات وخێر و پارە و بەخشین و کچ و خوشک و هاوسەریان ڕادەستی ڕێکخراوە ئیسلامیەکان دەکەن چونکە دەزانن دەچنە دەستانێکی ئەمین  وپارێزگارەوە.
(کورد چەند جوانی وتوە لەدز وایە هەموو کەس دزە)

13/09/2021



وتارەکانی تری نوسەر