خاو کردنەوەی گرژیەکان

فه‌رحان جه‌وهه‌ر
کێشە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان هەمیشە لە هەڵبەزو داکشاندا بەردەوامن، ئەویش بەهۆی لاوازی دامەزراوەکانیەوەیە، لاوازی دامەزراوەکانیش پەیوەندی بە دەست وەردانی خەڵکێکە لە ناو حزبەکەی خۆیدا دەست رۆیشتوو پشت ئەستوورن، بۆیە تا ئەم دیاردەیە بمێنێت، دامەزراوەکان هەر بە لاوازی و بێ سەروەری دەمێننەوەو کێشە کانیش بەردەوام دەبن.

ئەم سەردان و دیدارو کۆبونەوانەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، گیانی دایەوە بەر چارەسەریەکان و بڕێک لە ئومێدی گەڕاندەوە بۆ شەقامی کوردی، ئەم سەردانە دڵخۆشییەکی زۆری بۆ خەڵک هێنا و بەشێکی زۆری تارمایی ئەو تەمەی ئاسمانی هەرێمی گرتووە رەواندەوە، ئەگەر ئەم کۆبونەوانەو دیدارانەش چارەسەری تەواوی پێ نەبێت، رەنگە نەشبێت، بەڵام لە گرنگی و پێویستیان کەم ناکاتەوە. ئەگەر دوێنێ دەزگایەک راپرسی بکردایە لەسەر گرنگی ئەم سەردان و کۆبونەوانە لە ناوخەڵک، ئینجا بەشێوەیەکی زانستی و دوور لە سۆزی لایەنگیری، تێدەگەیشتین و دەمانزانی خەڵکی کوردستان چەندە دڵخۆشبوون، بەتایبەتی بەشداری سەرۆکی هەرێم لە رێ و رەسمی دەرچوانی خولی شانزەی کۆلیژی سەربازی قەڵاچوالان، گرنگیەکی مەزنی هەبوو، گەلی کوردستان هەستی دەکرد چیتر ئەو قسانەی لەبارەی دێوزمەی دوو ئیدارییەوە دەکرێن، نابنە واقع و سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەو چەترەیە کە هەموو لایەنە سیاسییەکان لە ژێریدا، بەهەموو جیاوازیەکانیانەوە شوێنیان دەبێتەوە.

ئەوەی زۆر گرنگ بوو لەم دیدارو کۆبوونەوانەی سەرۆکی هەرێم، پەنجەخستنە سەر کێشەکان و دیارکردنی چارەسەرییەکان بوو، لایەکی تری ئەم سەردانە ، ئەوەیە کە لایەنسیاسیەکانی هەرێمی کوردستان ئەو راستییە بزانن، کە جگەلە پێکەوە بوون و گفتووگۆو دانیشتن، هیچ رێگایەکی تریان لەبەردەمدا نییە، رێگاکانی تر هەمووی کات بەهەدەردانە، بێ ئەوەی هیچ دەستکەوتێکیان هەبێت، مێژوویەکی زۆر کۆنیش نییە، هەموو رێگاکانی ترمان لەگەڵ یەکتر ئەزموون کردن، بێ ئەوەی هیچمان دەست بکەوێت، ئەمڕۆ ئەو هێزە براوەیە کە خەڵکی لەگەڵە، دوا بڕیاریش هەر لای خەڵکە،؟ چ زووبێت یا درەنگ.

23/05/2022



وتارەکانی تری نوسەر