بومەلەرزەکەی تورکیا چی پێگووتین

فه‌رحان جه‌وهه‌ر
هەموو هەژانێک چ سروشتی بێت یا سیاسی یا ئابووری جۆرێک لە وشیاری دروست دەکات، بوومەلەرزە کارەساتبارەکەی تورکیا شۆکێکی گەورەیە، هیچ و وشەو رستەو وتارێک ناتوانێت گوزارشت، لە ئێش وئازاری خەڵکەکەی بکات، ناوچەیەکی هەژار نشین، خەڵکێکی بێ دەرەتان، سوریایەکی نەگبەت و ناڵاندوو بە دەست هەڕەشەی شەڕو تیرۆرو گەمارۆ، چۆن بتوانێت رووبەرووی ئەم باروودۆخە سەختە ببێتەوە.

بوومەلەرزەکە کارەساتێکی سروشتییە، بەڵام سەرێکی دەچێتەوە ناو سیاسەت، ئەویش بابەتی گەندەڵییە، گەندەڵیش راستەوخۆ پەیوەستە بە سیاسەت، بەهۆی گەندەڵیەوە لە کاری بیناکاری و نزمی کواڵێتی کەرەستەی بەکارهاتوو بۆ ژێرخانی باڵەخانەکان، هۆکارێکی سەرەکی زیادبوونی رێژەی قوربانیانی بوومەلەرزەکەیە، هەروەها گەورەیی کارەساتەکەیە، هەرچەندە تورکیا لە دوای ساڵی 2004وە یاسای ئەندازیاری بۆ بەرگە گرتنی باڵەخانەکان لە مەترسی بوومەلەرزە هەیە، بەڵام وەک پێویست بەهۆی بوونی گەندەڵییەوە فەرامۆش کراوە، ئەم گەندەڵییە وای کردووە بەرپرسانی حکومی، لەبەرامبەر وەرگرتنی هەندێک پارە لە سەرمایە گوزارەکان، چاو لە مەسەلەی جۆری کواڵێتی بپۆشن، بەم شێوەیە دەبینین گەندەڵی نەک هەر پارەی خەڵک دەخوات، بەڵکو روحیشی کێشان.

لە لایەکی تر ئەم بوومەلەرزیە، پێیگووتین: ئەگەر حکومەت چەند هەوڵی خۆ بەهێزکردنی سەربازیش بدات، چەند تانک و فڕۆکە بکڕێت،  چەند بەیرەقدار دروست بکات، ئەگەر ژێرخانی وڵاتەکەی بەم شێوەیە بێت،  هەربەم شێوەش دەستەو پاچە بێت، لە رزگارکردنی گیانی هاووڵاتییەکانی، پێی ناگوترێت دەوڵەتی بەهێز، تورکیا دووچاری شەڕێکی گەورەش ببوایە زیانەکانی ئەوەندەی بوومەلەرزەکە نەدەبوون، راستە قەبارەی کارەساتەکە گەورەیە و پێویستی بەهاوکاری نێودەوڵەتییە، بەڵام دیسان بێهێزی وڵاتەکەی نیشانی دنیادا، بوومەلەرزەکە نیشانی داین، تورکیا هێشتا وڵاتێکە گەندەڵی تیایدا بڵاوو باڵا دەستە، بەو شێوە بەهێزو پێشکەووتوو نییە، وەک ئەو وێنەی بۆخۆی دروست کردووە، یان لانیکەم لە زەهنییەتی هاووڵاتیانیدا دروستی کردووە، ئەوەی پێویستە بەر لە تورکیا بیرلە بارودۆخی خۆی بکاتەوە ئێمەین، لە هەرێمی کوردستان، چونکە هەرخوا بۆخۆی دەزانێت، ئێمە لە کەرتی بیناسازیدا چیمان بنیاتناوە، قەبارەی گەندەڵی لەم کەرتە بە شێوەیەکە عەقڵ باوەڕناکات، خودا نەکات لێمان بقەومێت، ئەگەرنا ئەوان لە چاو ئێمە پاشا دەبن، بۆیە هەرچی  زووە پێویستە حکومەت، بە یاسای ئەندازیاری نوێ و بەپێی پێوەرە جیهانییەکان، کار بۆ رێگرتن لە گەندەڵی کەرتی بیناسازیدا بکات، لەمەودوا رێگە نەدات بەبێ ئەم پێوەرانە کاری بیناکاری بکرێت.

20/02/2023



وتارەکانی تری نوسەر