رۆژنامەنووسی مۆبایلێک و پەیجێکی فەیسبووک نییە

فه‌رحان جه‌وهه‌ر
 رۆژنامەنووسی پیشەیەکی گرنگە، یەکێکە لە کۆلەگە هەرە پێویستییەکانی ژیان و سیستەمی دیموکراسیی، ئەم پیشەیەش وەک هەر پیشەیەکی تر، ملکەچی کۆمەڵێک یاسا و رێسایە. 
راگەیاندن و کاری رۆژنامەنووسی لە هەرێمی کوردستان لە ساڵانی رابردووشدا بێ کەموکوڕی نەبووە، بەڵام هیچ کاتێک وەک ئێستا لەلایەن چەند کەسێکەوە، کە خۆیان بە رۆژنامەنووس و چالاکڤانی سیاسی ئەزانن تێک نەدراوە، ئاخر بە کام یاسا و بە چ پێوەرێک، پەیجێکی فەیسبووک و  مۆبایلێکت بەدەستەوەیەو بە ژمارەیەکی نەناسراو، رۆژانە ژمارەی فڵانە بەرپرس و فیسارە بەرپرس وەرئەگریت و  هەرکاتێک ویستت تەلەفۆنی بۆ دەکەیت،  ئەگەر وەڵام بداتەوە  یان نا، لە پەیجەکەی خۆت بڵاوی دەکەیتەوە، پرسیارەکانیشت بەرمەبنای دەنگۆیە.
لە دنیای رۆژنامەنووسی، پێویستە رۆژنامەنووس پێش هەر چاوپێکەوتنێک، لەگەڵ هەرکەسێک، ئەگەر بەرپرسی سیاسی بێت یان رۆشنبیر و نووسەر بێت، دەبێت پێشوەخت خۆی و ئەو رۆژنامەیەی، یان ئەو دەزگا راگەیاندنەی کاری تێدا دەکات، بە کەسەکە بناسێنێت و رەزامەندی وەربگرێت. ئەگەر کەسەکە نەیویست چاوپێکەوتنەکە ئەنجام بدات، رۆژنامەنووس ئەو مافەی نییە، بە رای گشتی بڵێت: من داوای چاوپێکەوتنم لێکردووە و کەسەکە ئامادە نەبوو، ئەگەر رەزامەندیشیدا بۆ ئەنجامدانی چاوپێکەوتن، ئەوە دواتر لەسەر کاتێکی دیاریکراو رێکدەکەون، ئینجا کەسەکە ئەگەر حەزی کرد، چاوپێکەوتنەکە کراوە بێت، یان پێشوەخت پرسیارەکان ببینێت، مافی خۆیەتی، دوای ئەنجامدانی چاوپێکەوتنەکەش، ئەگەر داوای کرد، بڵاو نەکرێتەوە، ئەوا دەبێت بڵاو نەکرێتەوە، هەروەها مافی خۆیەتی، ئەگەر نەیویست وەڵامی پرسیارێکی دیاریکراویش بداتەوە، وێڕای ئەوەش نابێت، رۆژنامەنووس پێش ئەوەی خۆی ماندوو کردبێت، یان بەدواداچوونی وردی کردبێت و بەڵگەی بەدەستەوە بێت، پرسیار لە رابردووەکەی یان کارەکەی بکات، چونکە لەو کاتەدا شێوەی پرسیارەکە دەگۆڕێت و دەبێتە تۆمەت و ئابڕووی کەسەکە تەڵخ دەبێت.
ئەوەی ئێستا دەیبینین، پێچەوانەی هەموو رێساکانە. کەسێک لە فەیسبووک خۆی وەک رۆژنامەنووس دەناسێنێت و بە مۆبایلێک، رۆژانە وەک سواڵکەرێک لە دەرگای بەرپرسان دەدات،  بەزۆری زۆردارەکی داوای وەڵامی پرسیارە بێ بەڵگەکانی دەکات. 
بەڕاستی هەقە رۆژنامەنووسەکان پێش هەموو کەسێک لێی بێنە وەڵام، چونکە پێش ئەوەی ناوی هەندێک خەڵک لە بواری گشتی بشێوێنێت، ناوی ئەو پیشە گرنگ و ژیارییەی لەکەدار کردووە و شێواندووە. 
ئەوەی بەلای منەوە گرنگە، رۆژنامەنووس و کاری میدیا و رۆژنامەوانییە، نەک کار و ئەرکی ئەو بەرپرسانەی، ئەو وەک سواڵکەر یەخەیان دەگرێت، بەهیچ شێوەیەکیش نە لەئێستادا بەرگرییان لێدەکەم، نە لە رابردووشدا بەرگرییم لێیانکردووە. ئەوەی من بەرگری لێدەکەم رۆژنامەنووس و پیشەکەیەتی، پێمخۆشە وڵاتەکەم خاوەنی رۆژنامەنووسی پیشەیی و پڕۆفیشنەڵ بێت، پێمخۆشە وای لێبێت، بەرپرسەکان ئاوات بخوازن رۆژنامەنووسەکان هاوڕێیەتیان بکەن، نەک پێچەوانەکەی. رۆژنامەنووس ئەگەر بە پیشەیی کاری کرد، هەموو کەسێک بە سیاسی و غەیرە سیاسیشەوە رێزی لێدەگرێت.
جەواهیر لال نەهرۆ سەرۆک وەزیرانی هیندستان، کاتێک نەخۆش بوو لە ژێر چاودێری پزیشکەکەی بوو، بۆی نەبوو نزیکترین کەسی خۆی لە دە تا پێنج خولەک زیاتر چاوی پێبکەوێت، کاتێک رۆژنامەنووسی بەناوبانگی میسری محەممەد حەسەنەین هەیکەل چووە لای، بۆ ئەوەی تەنها سڵاوێکی لێبکات، کەچی نەهرۆ خۆی نەیهێشت بڕوات و زیاتر لە کاتژمێرێک قسەی بۆ کرد.

01/03/2023



وتارەکانی تری نوسەر