رق لە پارتی ئەی بۆ رق لە نەتەوەو نیشتمان

فه‌رحان جه‌وهه‌ر

ناکۆکیەکانی بزوتنەوەی گۆڕان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان، خەریکە هەموو چوارچێوەیەکی نەتەوەیی و نیشتمانی و بەهایەکی سیاسی و ئەخڵاقی، تێدەپەڕێنێت.

ناکۆکی لایەنەسیاسیەکانی کوردستان لە کۆنەوە تا بە ئێستا دەگات بەردەوام بووە. بەڵام هیچ کاتێک وەک ئێستا تەنانەت لە سەردەمانی شەڕی ناوخۆشدا. وەک ئێستا نەگەیشتۆتە ئەو رادەیەیی لایەنێکی سیاسی بەهۆی ناکۆکیەکانیەوە لەگەڵ لایەنێکی تر، بەها نەتەوەیی و نیشتمانیەکانی خۆی وا کەم نرخ بکات و لەبەردەم نەتەوەیەکی تر، کەبەدریژایی مێژوو نەتەوەکەی خۆی جینۆسایدو نیشتمانەکەشی داگیرکردوە، بچەمێتەوە.

بەڵێ بۆ جیاوازی بیرو ڕای سیاسی، بەڵێ بۆ جیاوازی ئایدۆلۆژی، بەڵێ بۆ هەموو جۆرە جیاوازیەک بەڵام لە چوارچێوەی نیشتمان و بەها بەرزەکانی. هیچ بیرو باوەڕێک و هیچ جۆرە پاساوێکی سیاسی و ئەخڵاقی لە سەرووی نیشتمان و بەهاکانیەوە نییە، ئەوەی ئەمڕۆ لە کوردستان دەگوزەرێ و دەی بینین ناکۆکیەسیاسیەکان، ئەو چوارچێوەیان تێپەڕاندووە. وای لێهاتووە نوێنەرێکی خەڵکی کوردستان، بەئاشکراو لەبەردەم میدیای عەرەبی و جیهانی بڵێت: فەرماندەیەکی پێشمەرگەی نەتەوەکەی خۆی هەڵساوە بە راگوازتن و دەرکردن. کە ماوەی نزیکە سەتەیەکە هەمان ئەو نەتەوە هەڵساوە بەداگیرکردن و ئەنفالکردنی نەتەوەکەی خۆی و خاکەکەی و هەزاران ڕۆڵەی کوردستان بوونەتە قوربانی بۆ ڕزگاری ئەو خاکەی ئەو پێی دەڵێت راگوازتن و دەرکردن.

ناکۆکیتان لەگەڵ پارتی ئاساییە، بەڵام بگاتە ئەو ئاستەی بەهۆی رقتان لە پارتی رقتان لە نیشتمان و نەتەوەش بێت، ئاسایی نییە و جۆریکە لە ئینتیحاری سیاسیتان.


09/12/2016



وتارەکانی تری نوسەر