لێدانی دامەزراوە حکومییەکان لە سلێمانی

فه‌رحان جه‌وهه‌ر

ئەو بێ ڕێزییەی رۆژانە بەرامبەر دامەزراوە حکومییەکان لەلایەن باڵاترین کەسی حزبی یەکێتییەوە لە پارێزگای سلێمانی دەکرێ ، بەرلەوەی لێدان بێت لە کۆی دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێم وەک کیانێکی یاسایی و دەستوری دانپێدانراوی نێودەوڵەتی و نێوخۆیی ، لێدان و بێ رێزییە بۆ خەڵکی سلێمانی و بەرژەوەندییەکانی ، هەر میللەتێک یان هەر حزبێک  رێزلە دامەزراوە یاساییەکانی خۆی نەگرێت ئەمڕۆ نا سبەی هەر رووبەرووی شکست دەبێتەوە ، ئەو بەرپرسە باڵایەی یەکێتی ئەگەر خەیاڵی وابێ بەم جۆرە ئیستفزانەنە زیان لە پارتی دەدات و دەتوانێ کێبەرکێی پارتی بکات ، ئەوە جگەلە زیان گەیاندن بەکۆی مییللەت بە گشتی و خەڵکی سلێمانی نەبێت هیچ زیانێک بە پارتی ناگەێنێت.

 

ئەم هەڵسووکەوتە بۆ ئەوەیە بێ یاسایی لەو دەڤەرە زاڵبێت بۆ ئەوەی لە گومرگەکانی سنوور دەستی واڵاتربێت بۆ گەندەڵی و دواتر هێنانەوەی ئەو پارەیە بۆ ئەوەی وەک خێرو سەدەقە و منەت بیداتەوە هەندێک خەڵک و هەندی پڕۆژەی کەسی پێ بکات تا خەڵک مەدح و سەنای بکەن ، پێمواییە ئەمڕۆ میللەت گەلێک لەوە وشیارترە لەم فرت و فێڵانە تێنەگات ، ئەوەی ئەمڕۆ خەڵک دەیەویت و پێویستییەتی حوکمی یاسا و دامەزراوەکانییەتی ،  نەک کەسێک بێت و خۆی بکاتە پاڵەوان و دەست بۆ پارەی گومرگەکانی ببات و دواتر خێری پێ بکاتەوە ، دەبوو لانیکەم کادرو باقی سەرکردەکانی خودی یەکێتی لەسەر ئەم بێ رێزییە بە  دامەزراوەکانی حکومی لە سنووری خۆیاندا هاتبانە دەنگ ، پێی بێڵێن : ئەرێ کاکە راستە تۆ بۆت هەیە لەگەڵ ئەندام و لایەگرانی حزب کۆڕو کۆبوونەوە بکەی؟ بەڵام چیت داوە لە کۆبوونەوە بە دامەزراوە حکومییەکان ، یان پارێزگاری سلێمانی تۆی رۆشنبیرو رەخنەگر و لە حزبێکی تر، چۆن بەرامبەر ئەو بێ رێزییە بەرامبەر خۆت و دامەزراوەکانی ژێر دەسەڵاتت وا بێ دەنگی ، ئێ خۆ ئەوان کەسێکی باڵاو دەست رۆیشتووی وەک کاک قوبادیان جێگری سەرۆک وەزیرانەو دەتوانی لە بەیانییەوە تا ئێوارە لەگەڵ هەموو دامەزراوە حکومییەکان نەک هەر لە پارێزگای سلێمانی ، بەڵکو لە هەموو هەرێم کۆنەوە بکات ، نەک هەر کەس رەخنەی لێ ناگرێت بەڵکو جێگای دەستخۆشیش دەبێت.

 

ئەی کاکی جێگری سەرۆکی حکومەت تۆچۆن  ئەم بێ رێزییە بەرامبەرخۆت ووەزیرەکانت قبوولە ؟ ئەرێ تۆلە کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران ئیحراج نابی؟ یان ئەوەیە هەر هەستی پێناکەی ؟! من ناڵێم با سەرۆک وەزیر یان وەزیرەکانی پارتی لەو سنوورە کۆبونەوە بە دامەزراوە حکومییەکانی دەڤەرەکەتان بکەن ، بەڵام رێگە بدە ئامۆزایەکەت کە  کۆڕی ئەوسەرکردەییە کە تۆ لەسایەو سێبەری ئەودا وادەوڵەمەندو خاوەن دەسەڵاتی ، کارە یاسایی و حکومییەکانی خۆی بکات  ، هەر ئەوەندەو چیترنا..!


15/10/2020



وتارەکانی تری نوسەر