پەکەکە لە باکور هیچی پێناکرێ و وازیش لە هەرێم ناهێنێ

فه‌رحان جه‌وهه‌ر

پەکەکە هێزێکی کوردییەو چەقی خەباتەکەشی باکوری کوردستانە، هیچ کەسێکی ئازادیخوازیش نە لە کوردو نە لە غەیرە کوردیش نییە ، پەکەکەی پێ حەق تر نەبێ لە دوڵەتی تورک ،  چونکە ئەم دەوڵەتە سادەترین ماف بە میللەتێکی بیست ملیۆنی رەوا نابینێ و بێ بەشی کردوونە لە هەموو مافێک ،  میللەت و ناوچەیەکی هەژارونەخوێندەواری بەسەریەکەوە داناوە ، بەزەبری هێزی ئەمنی و سەربازی بەڕێوەی دەبات ، هەرچەندە بەهاتنی ئاک پارتی بۆ دەسەڵات ، بارودۆخی ئەو ناوچانە باشتربووەو رێگەی داون بە زمانی خۆیان بپەیڤن .

 

بەڵام لەم ساڵانەی دوایی ئەردۆگان و حزبەکەی خەریکە لەم مافانە پەشیمان دەبنەوەوهاوپەیمانەتیان لەگەڵ نەتەوەپەرستانی تورک مەهەپە بەستەوە بۆ لێدان لە کوردو پڕۆسەی ئاشتیان وەستاندووە.

 

تا ئێرە هیچ کێشەمان لەگەڵ پەکەکە نییە،  و زۆریش یارمەتی هەردوولامان لە پەکەکەو دەوڵەتی تورک داوە بۆ گەیشتن بەئاشتی و بڕانەوەی شەڕ، بەڵام دیارە هەردوولا تا ئێستا سوورن لەسەر بەڕێوەبردنی شەڕ، زیاتریش ئەم بابەتە پەیوەستە بە دوڵەت وئەوان ناهێنە ژێر باری ئاشتی ، هۆکارەکەش زیاتر هاوپەیمانەتی ئاک پارتییە لەگەڵ مەهەپەی رەگەزپەرست و ئەوانەی پێیاندەڵێن: گورگە بۆرەکان ، بەهیچ شێوەک حەزلە چارەی کوردووهیچ نەتەوەیەکی تری غەیرە تورک ناکەن.

 

ئەوخاڵەی ئێمە لەگەڵ پەکەکە کۆناکەتەوە ئەو سیاستە هەڵەیە کە بەرامبەربە هەرێم بەڕێوەی دەبات، پەکەکە سوورە کە خۆی حوکم لەهەرێم بکات ، چەقی خەباتی خۆی کە باکوری کوردستانە جێ هێشتووە ، دەیەوێت بەم سیاسەتە بەلایەنگرانی بڵێت : خەباتی ئێمە بەرهەم دارە ، لەبیری کردووە وادەزانێ خەڵکیش ئەمەی بیرچۆتەوە پەکەکە نەهیچ چاکە و نەهیچ منەتێکی لەسەر هەرێم نییە ، هەربەهۆی هەرێمی کوردستانیشەوە ماوەتەوە و هۆکاری سەرەکیشە لە هاتنی تورکیا بۆناوخاکی هەرێم ، حەزیش دەکات تورکیا هەرێم داگیربکات ، ما دام ناتوانێ حوکمداری لێ بکات ، چونکە لەبەرامبەر هەرێم و حزبەکانیش بەتایبەتی پارتی هەست بە کەماتی و گرێیەکی دەروونی دەکات ،  چونکە ئێمە توانیومانە ئەم بەشەی کوردستان رزگار بکەین و حکومەت دروست بکەین ،  بەڵام پەکەکە نەیتوانیوە نەک گوندێک لە باکور رزگار بکات ، بەڵکو یەک بستی ئەو خاکەشی بەدەستەوە نییە، هەموو ئەو ناوانەی دایناون وەک هەڕێمی میدیا و زاب و هەفتانین وچەندین ناوی عەنیکە تر، خاکی هەرێمە و خەڵکی ئەو گوندانەیان دەرکردوونەو خویان لەسەری دانیشتوون ، لەهەر سەت سەر مەڕو بزنی شوانکارێک پێنج سەر وەردەگرن کە دەکەونە بەردەستیان  ، ئیدی ئەمەیە خەباتی کوردایەتیان لەهەرێم .

 

ئێستا بەهۆی هێرشی دەوڵەتی تورکیا ناتوانن لەسەر سنوریش بمێننەوەو هاتوونەتە خوار بۆ ناوجەرگەی هەرێم، ئەوان هەڵدێن و دێنە خواربەمەش دەستی تورکیا زیاتر ڕادەکێشن تا بگاتە ناوجەرگەی شارەکانی هەرێم ، لە کاتێکی واشدا ئەوان زیاتر شۆڕدەبنەوە بۆ ناو خاکی عیراق لەوێشدا لەلایەن حەشدی شەعبی بەهۆی هاوپەیمانەتی هەردوولا لەگەڵ ئێران داڵدەیان دەدەن،  ئەمە ئەجێندای پەکەکەیە لە هەرێم ، ئێستا پرسیاری جەوهەری ئەمەیە ، ئایا حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستەوەستان دانیشێ و سەیری ئەم یاریەی پەکەکە و تورکیا بکات ، تا ئەو کاتەی هەرێم بەتەواوی نوقمی ئاوەکە بکەن ؟


03/11/2020



وتارەکانی تری نوسەر