وامەزانن ئەم جۆرە ئۆتۆنۆمییە هەربەمسۆگەری هەتا هەتایی دەمێنێتەوە

فه‌رحان جه‌وهه‌ر
ئەم ناونیشانەی سەرەوە یەک لەو دەیان رستە و سەتان وشانە بوو، کە  بلاسخارت نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ عیراق لە کۆنفڕانسی یەک ریزی و پرسی دەستوورلە زانکۆی کوردستان ئاراستەی بەرپرسان و گەلی کوردستانی کرد ، کۆی وتارەکەی بلاسخارت پڕاو پڕبوو لە ئامۆژگاری و هۆشداری بۆ هەرێم و هەموو لایەنە سیاسیەکان ،  پێی گووتن ، گەر یەک ریزو یەکگرتوو نەبن ، هیچ زەمانەتێک نییە ، ئەم قەواریە تا هەتایی بەردەوام بێت ، هیچ جار نەبوو نەتەوەیەکگرتووەکان بەم شێوە بێ پێچ و پەنایە و بەئاشکرا لەبەردەم میدیا و بەکراوەی ئەم جۆرە گوتارە ئاراستەی هەموو هێزو لایەنی سیاسی بکات . ئەگەر خوێندنەوەیەکی واقعی و دوور لە هەست و سۆز بۆ ئەم قسانەی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بکەین ، دەرەنجامێکمان دەداتێ کە هەرێم لەبەردەم مەترسییەکی گەورە دایە ئەویش نەمانی ئەم واقعەیە ، بۆ بە روونی بە ئێمەی گوت نابێ چیتر دوو زۆنی سەوزو زەرد بمێنن ، دەبێ چاکسازی لە ئابووری و ئاسایش بکرێت و هێزی پێشمەرگە یەکبخەنەوە . وتارەکە لێوان لێوبوو لە رستەو وشەی پڕمانا ، هەروەها بەزمانێک داڕێژرابووپاڵپشت بە رۆشنبیریەکی قوڵ .

بە سەرکردایەتی سیاسی کوردی گوت : چیتر کاتی زۆر لەبەردەست نییە بۆ ئەنجامنەدانی ئەم پڕۆسەیە ، بلاسخارت گەلێک هۆشداری بە ئێمەدان پێی گووتین : ئەم قەوارەیە بەکەم مەزانن قوربانی و کاتێکی زۆری ویستووە تا دروست بووە ، بۆیە حەقە بیپارێزن ، یەکریزی کاری بەردەوامی دەوێت و ئەرکی سەرکردایەتییە کار بۆ ئەم یەک رێزیە بکات ، هەروەها گوتی: جێگەی سەرسووڕمان نییە ، کە خەڵک متمانەی بەوە نه‌مابێت کە پرۆسەی سیاسی لە خزمەتی ئەواندا بێت ، یان ببێتە مایەی هیچ گۆڕانکارییەک . بۆیە داوای لە بەرپرسان کرد، چیتر قسەی باق و بریق و بێ کردار بۆ خەڵک نەکەن ، چونکە دەبێتە هۆی بێ هیوابوونی خەڵک ، هەروەها دەڵێت :بەحوکمی هەڵکەوتەی جیۆپۆلەتێکی هەرێم لێتان دەخوازێت دووجار بیربکەنەوە . بلاسخارت لە وتارەکەی باسی لە تێۆری یەکێتی دژەکان کرد ، کە بەهیچ شێوەیەک جیاوازی بیرو ڕاو نابێتە هۆی بێهێزیتان ، بەڵکو سەرچاوەی هێزە بۆتان . 

ئەوەی گرنگە سەرکردایەتی و لایەنەسیاسیەکان تا چەند تێڕمان و بیرکردنەوەی قوڵیان بۆ وتارەکەی بلاسخارت هەبووە ، چونکە هەموو قسەکانی ئاراستەی سەرکردایەتی و لایەنە سیاسیەکان کرد ، تا چەند ئەم قسانەی نەتەوە یەکگرتووەکان بە گرنگ و جددی دەزانن ، یان هەر وەک هەموو جار لەو گوێ بۆ ئەو گوێ تێدەپڕێت و هیچ ناکرێت ، نەتەوەیەکگرتووەکان ئەو پەڕی بەدەنگەوە هاتن و خەمخۆری خۆیان بۆ ئێمە دەربڕی ، کە ئێمە بەرژەوەندی خۆمان نەزانین ئەوان لەمەزیاتر چ بکەن. ؟

19/05/2021



وتارەکانی تری نوسەر