سیاسەت ئەزمون و مەعریفەیە

فه‌رحان جه‌وهه‌ر

سیاسەت بە حەماسی گەنجایەتی ناکرێت ، سیاسەت وەرگرتنی بڕیارو بەڕێوەبردنی کاروباری کۆمەڵگە و رێکخستنی پەیوەندی نێوان حاکم و مەحکومە ، هەروەها هونەری وەدەستهێنان و ملکەچ بوونی واقعی سیاسی و گۆڕینی لە رێگای بابەتییەوە  ، هەروەها چارەسەرکردن و لێکۆڵینەوەی کێشەکانە ، بە کۆمەڵێک ئایدیاو رێگای واقعی کە دوربێت لە حیساباتی هێزو بەکارهێنانی سەربازی . 
سیاسەت لە رێگای کەڵەکە بوونی ئەزموون و هەبوونی مەعریفەیەکی فروان سەرکەوتووتر دەبێت، لەوەی تەنها پشت بە حەماسەتی گەنجایەتی و خوێنی تازە ببەستی ،  مێژووی سیاسی گەلان پڕن لەو ئەزموونانەی کە حەماسی گەنجایەتی کۆمەڵێک کەسی تازەی ناوسیاسەت ، وڵات و کۆمەڵگەکەیان وێران کردووە ، نمونەی دەوڵەتی عوسمانی ، دەبینین دوای وەرگرتنی دەسەڵات لە لایەن کۆمەڵەی لاوی تورکیا  کۆمەڵێک گەنج بوون ، چیان بەسەر ئەو وڵاتە هێنا ، بە تایبەتی دوای وەرگرتنی دەسەڵات لە لایەن هەرسێ گەنج ،  انورپاشاو تەلعەت و جمال پاشا ، کە بە سێ پاشایەکە دەناسرێن ، حەماسی گەنجایەتی وای لێکردن ، دەوڵەت ناچار بکەن لە جەنگی یەکەمی جیهان پاڵبدەتە پاڵ دەوڵەتی ئەڵمانی و ببنە بەشێک لەو شەڕە ، سەرەنجام ئەڵمانەکان و هاوبەشەکانی شکان وخۆیان و  دەوڵەتەکەیان لە ناوچوون ، ئەم سێ گەنجە جگەلە حەماسەتی ئایدۆلۆژیای نەتەوەیی ، هیچی تریان لە بارەی واقعی سیاسی نەدەزانی ، سەرسام بوون بە بیری نەتەوەیی ئەڵمانی کە تازە چەکەرەی کردبوو، پێیانوابوو دەبێت هەموو جیهان ملکەچی ئایدیاو دەسەڵاتی ئەوان بێت ، ئەگەر خەلیفەی عوسمانی دەسەڵاتی هەبوایە بەهیچ شێوەیەک نەدەچووە ناو ئەو جەنگەو نەدەبووە بەشێک لە ولاتانی میحوەر. 
ئەوەی ئەمڕۆ لە سلێمانی دەگوزەرێ ، بەشێکی زۆری پەیوەندی بەو حەماسەوە هەیە ، ئەو گەنجە تازانەی سیاسەت بەڕێوەی دەبەن و پێیانوایە جگەلە خۆیان هیچ کەسی تر ناتوانێ ئیش و کارەکان بەڕێوەبەرێ ، هیچ حیساب بۆ ئەزموونی سیاسیەکانی پێش خۆیان ناکەن ، بە سواو بەسەرچوو دەیانناسێنن ، سیاسی ئەزمووندارئەگەر هەڵەش بکات لە نیوەی رێگا دەگەڕێتەوە و نایگەێنیتە خاڵی نەگەڕانەوە ، بەڵام حەماسی گەنجایەتی مەترسیدارە خۆی و کۆمەڵگەکەش دەخاتە بەر مەترسی گەورە و ناتوانێ واقع وەک ئەوەی هەیە ببینێ ، حەزوو ئارەزووەکانی ئەوەندە بێ سنوورن ئامادەیە لە پێناویاندا وڵات وێرانکات ، لەمەش کارەسات بارتر ئەوەیە هەڵەکانی نابینێ و بە پیلانگیڕی و دەستی دەرەکی دەیزانێ ، هەڵەکانی دەخاتە ئەستۆی نەیارانی و دەست دەبات بۆ گوتاری حەماسی پۆپۆلیستی ، هەموویان تاوانبارن جگەلە خۆی نەبێت ، ئاخر هەرکەسێک بێنی ئەلف و بای نەک سیاسەت ، بەڵکوو ئەلف و بای ژیان تێبگات ، دەزانێت دووسەرۆک بۆ یەک حیزب کارەساتە و لەگەڵ خۆیشیدا کارەسات بۆ حیزبەکە و خەڵکەکەش دروست دەکات ، ئەم ئەزموونەی ئەو گەنجانەی یەکێتی دوای توڕهەلدانی سیاسییە ئەزمووندارەکانی خۆیان و خەڵکانی شۆڕشگێڕی ناو حیزبەکەیان، زۆر بێ هاوتایە لە نێو دنیای سیاسەت و حیزبایەتی ، هەموو کەسێک جگەلە خۆیان ، دەیانزانی ئەو مۆدێلە نەک هەر سەر ناگرێ ، بەڵکوو دەبێتە کارەسات بەرلە هەموو کەسێک بۆ خۆیان ، چەپڵە بۆ سیاسی گەنج وێرانکەرە ، کۆمەڵگەی ئێمە زۆری کۆمەڵگەی چەپڵەیە ، بەبێ لێکدانەوەو تێگەیشتن چەپڵە لێدەدات ، وەک چۆن بینیمان پەرلەمانتاران چەپڵەیان بۆ وەزیر لێدەدا لە کاتێکدا قسەیەکی زۆر نایاسای لەسەر مینبەری دانانی یاسا کرد ، بەبێ بیرکردنەوە لە قسەکانی . 
 پێویستە کەسی سیاسی زۆر ئاگای لە چەپڵەی خەڵک بێت ، ئەگەرنا بەرەو هەڵدێری دەبەن ، ئەو گەنجەی ناو یەکێتی دەهات لە سلێمانی و نێو کۆمەلێک لایەنگیری خۆی ، جنێوی بە داروبەرد و ئاسمانی پارتی دیموکراتی کوردستان دەدا ، بۆ ئەوەی هەندێک چەپڵەی زیاتروەدەست بێنێت ، ئەو سیاسەت بە جنێو تێگەیشت بوو ، نەک بەڕێوەبردنی کاروباری خەڵک و دابین کردنی کەشی ئارام بۆ کۆمەڵگە ، هەرکەسێک سیاسی و سەرکردە بێت ، دەزانێت بۆ ئەم قوناغە و لە داهاتووشدا پەیوەندی باشی پارتی و یەکێتی لەسەر بنەمای چەساپندنی هێزی دامەزراوەکان چەند پێویستە بۆ ئەمن وئارامی و  چەسپاندنی ئەو ئەزموونە ، بەڵام ئەو بە پێچەوانەوە ، لە پێناوی بەرژەوەندییە ئابوری و حەزوو ئارەزووەکانی بۆ چەپڵە و وەرگرتنی دەسەڵاتی یەکەمی حزبەکەی ، تا دەهات هەوڵی وێرانکردنی ئەو پەیوەندیانەی دەدا و پێگەی کەسی خۆی قایم تر دەکرد لەسەر حیسابی هابەشەکەی ،  پێیوابوو بە کۆنتڕۆڵکردنی میدیاکاران و ترساندنیان رێگای بۆ تەخت بێت .

15/07/2021



وتارەکانی تری نوسەر