ئێران‌و هەرێم حەتمیەتی جوگرافیا

فه‌رحان جه‌وهه‌ر


جوگرافیا دەستێکی باڵاو کاریگەری هەیە لە سروشتی پەیوەندییە سیاسییەکان ، هەم سیاسەت و هەم جوگرافیا لە پەیوەندیێەکی بەردەوام دان ، هەردووکیان کاریگەریان لەسەریەک هەیە ، بۆیە زاراوەی جیۆسیاسی یان جوگرافیای سیاسی بۆتە لقێکی سەربەخۆو بەرفراوان لە لێکۆڵینەوە جوگرافیاییەکان .

ئەوەی ئەمڕۆ و دوێنێ بینیمان لە سەردانی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ ئێران ،  هەروەها پێشوازی ئەو وڵاتە لە سەرۆکی هەرێم بەم شێوازە پڕشکۆیە ، دەرخەری راستی کاریگەری جوگرافیای سیاسییە لە پەیوەندی هەردوولا ، کە تێگەیشتنێکی نوێ و سەرەتایەکی زۆر باشە بۆ ئەوەی هەردوولامان بڕوا بەو راستییە مێژووییە وجوگرافیاییە بکەین ، کە ناتوانیین وەک دوو گەلی درواسێ تا کۆتایی لە پەیوەندێیەکی خراپدابین ، پەیوەندی سیاسی باش لەسەر بنەمایی رەچاوکردنی بەرژەوەندی هاوبەش بنیات دەنرێت ، بێ ئەوەی لایەک داخوازی ملکەچ بوونی لایەکی تربکات .

پێشوازی کۆماری ئیسلامی ئێران لەسەرۆکی هەرێم جێگای دڵخۆشی هەرکوردێک بوو لە هەرشوێنێک ، ئەمە تێگەیشتنێکی نوێی و ئەرێنیە لە پێگەی هەرێم ، کە دەیەوێت بە هاتنی ئیدارەی نوێی پەیامی ئەوەمان بداتێ کە وڵاتەکەی خوازیارە پەیوەندییەکی باش لە نێوان هەردوولاماندا هەبێت ، پێموایە هەرێمیش خوازیاری پەیوەندییەکی لەم جۆرەیە لەگەڵ کۆماری ئیسڵامی بۆ جێگیربوونی باری ئاسایشی هەردوولا ، بەتایبەتی بۆ ئێمە لە کاتێکدا کە ئەمریکا دەیەوێت ژمارەی جەنگاوەرەکانی لە عیراق بکێشێتەوە رەنگە بۆشایی ئەمنی لە هەندێک شوێنی عێراق پەیدا بکات . پەیوەندییەکانی هەرێم لەگەڵ ئێران بەزۆر قۆناغی جیاجییا و هەڵبەزو دابەزی بەخۆیەوە بینیوە بەپێی رووداوە سیاسییەکان گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە ، ئەوەی پێویستە لەسەر هەرێم بۆ رەواندنەوەی نیگەرانییەکانی ئێران دوو خاڵی سەرەکییە : یەکیان ئەوەیە ئێران بگاتە ئەو بڕوایەی کە پەیوەندییەکانی هەرێم و ئەمریکا بەهیچ شێوەیەک لەسەر حسابی زیان گەیاندن نییە بە بەرژەوەندییەکانی ئەوان . خاڵی دووەم : ترسی ئێرانە لە سیاسیەتی پان کوردیسم  کە رەنگە لە داهاتوودا کاریگەری لەسەربەشی کوردستانی ئێران دابنێت،  هەرچەندە هەرێم لەسەر ئاستی فەرمی هیچ سیاسەتێکی لەم چەشنە پەیڕەو ناکات ، چونکە زۆر باش لە واقعی سیاسی تێدەگات ، بەڵام لەسەر ئاستی میللی هاوسۆزی هەیە ئەمەش ناکاتە ئەوەی بەشێک بێت لە سیاسەتی هەرێم . 

سەبارەت بە نیگەرانییەکانی ئێمەش وەک هەرێمی کوردستان لە ئێران هێرشەکانی میلیشیاکانە بەمەبەستی ئاڵۆزکردنی باری ئاسایشی هەرێم و پاڵپشتی کردنی ئەو میللیشیانە لەلایەن ئەوان ، هەروەها کاریگەریەکانی ئەوان لەسەر بڕیاری سیاسی حکومەتی فیدڕاڵ بە ئاراستەی جێبەجێ نەکردنی داخوازیەکانی هەرێم ، وەک ناردنی بودجەو موچەی فەرمانبەران و ئاسایی نەکردنەوەی دۆخی ناوچە کێشەلەسەرەکان وهەندێک کیشەی تر. پێموایە ئەم کێشانە ئەوەندە ئاڵۆزو زەحمەت نیین بۆ چارەسەر کردن ، دەکرێ ئەم سەردانەی سەرۆکی هەرێم وهاتنی سەرۆک کۆماری نوێ ئیبراهیم رەئیسی ببێتە سەرەتایەکی باش بۆ تێگەیشتنێکی نوێ وپەیوەندییەکی دروست لەسەربنەمای بەرژەوەندی هاوبەش لە نێوان هەردوولا .

06/08/2021



وتارەکانی تری نوسەر