ئەفغانستان ، ئەمریکا وتاڵیبان

فه‌رحان جه‌وهه‌ر


کشانەوەی ئەمریکا لە ئەفغانستان وهاتنەوەی تاڵیبان بۆدەسەڵاتی ئەو وڵاتە ، بۆتە جێگای مشتوومڕێکی سیاسی گەوەرە لە سەرانسەری جیهان ، بەتایبەتی دوایی بڵاوبوونەوەی ئەو دیمەنە کارەساتبارانەی فڕۆکەخانەی کابۆڵی پایتەخت ، زۆرێک لە خەڵک و چاودێرانی سیاسیش پێیانوایە ئەمە دەرەنجامی شکستی ئەمریکایە لەو وڵاتە ، بەڵام ئەمە هەموو چیرۆکەکە نییە ، بەڵکو بەشێکی بچووکە لەو سیناریۆیەی  ماوەی ساڵێکە لە دەوحەی پایتەختی قەتەر دەنوسرێتەوە ، بۆ چۆنییەتی گەڕاندنەوەی تاڵیبان بۆ دەسەڵات . 

راستە ئەمریکا لە ئەفغانستان ماندوو بوو،  زەرەرو زیانێکی زۆر گیانی و ماڵی کردووە و نەیتوانی جێگیربوونی سیاسی و ئەمنی لەو وڵاتە بچەسپێنێ ، لەگەڵ ئەوەشدا هاتنەوەی تاڵیبانی بۆ کۆمەڵێک ئامانجە کە دوایی بیست ساڵ گۆڕانکاری بەسەر بەرژەوەندییەکانیدا هاتووە ، گرنگترین ئەو گۆڕانکاریانەش گەورەبوون و بەهێزبوونی وڵاتی چینە ، ئەمریکا بەتایبەتی ئیدارەی جۆبایدن خەویان لێ حەرام بووە بەهۆی گەشەی بەپەلەی ئابووری چین ، بۆیە ئێستا خەمی هەرە گەورەیان ئەوەیە چۆن بتوانن رێ لەگەورەبوون و فروان بوونی دەسەڵاتی ئابووری و سیاسی چین بگرن ، چونکە لە دە ساڵی داهاتوودا چین لە رووی ئابووریەوە دەبێتە هێزی یەکەم لەسەر ئاستی جیهان ، ئەمریکا لەو بڕوایەدایە بوونی تاڵیبان لەدەسەڵات کێشە بۆ چین لە رێگای دەست وەردان لە کاروبارییان بەهۆی بوونی کەمینەی موسڵمانانی ئیگۆڕ لەو وڵاتە و جیاوازی ئایدۆلۆژی نێوانیان دروست دەبێت ،  بۆ روسیا و ئێرانیش بەهەمان شێوە دەبێتە سەر ئێشە . لەگەڵ ئەوەشدا ئەمریکا هەندێک بەڵێنی لە تاڵیبان وەرگرتووە لە بارەی پاراستنی مافی مرۆڤ بە تایبەتی ژنان ، بەڵام پێناچێت تاڵیبان پێیانەوە پابەند بێت ، لایەکی تری هاوکێشەکە ئەوەیە ئەمریکا باش دەزانێت ئەفغانستان بەبێ تاڵیبان ئارام نابێت ، ئەگەر چەندین ساڵی تریش لەو وڵاتە بمێنێتەوە ، بۆیە هەر ئەبێت مامڵەی لەگەڵدا بکرێت داواشی لە دەسەڵاتدارانی ئەفغان کردبوو کە رازی ببن تاڵیبان ببێتە بەشێک لە دەسەڵات ، بەڵام ئەشرەف غەنی سەرۆکی پێشوو ئەمەی رەتکردبووە ، بۆیە ئیدی ئەمریکا گڵۆپی سەوزی بۆ گەڕاندنەوەی تاڵیبان هەڵکرد . 

دۆخی ئەفغانستان لە عیراق دووبارە دەبێتەوە ؟ ئەمە پرسیاری ئەمڕۆی هەموو شەقامی عیراقیە ، راستییەک لە سیاسەتی ئەمریکادا هەیە ، پێویستە هەموومان بیزانن ئەوەیە ، ئەمریکا بەرژەوەندییەکانی لە کوێن و لەگڵ کێدایە ، ئەوان لەوێن ، ئەگەر دۆخی عێراق بەم شێوەی ئێستا بێت و میلیشیاکان هەر بەردەوام بن لە گوشار خستنەسەر بەرژەوەندیەکانی و حکومەتیش نەتوانی بەرگری لە پێگەی خۆیی و بەرژەوەندیەکانی ئەمەریکا بکات ، هیچ دوور نییە ، لە ماوەیەکی کورتدا هەمان سینارێۆش بەشێوازێکی تر لە عیراقیش دووبارە بکاتەوە ، رەنگە بپرسن دەبێت چ هێزێک هەبێت بۆ جێگرەوەی ئەم دەسەڵاتەی عیراق ؟ دوور نییە ، بەعسیەکان کۆبکاتوەو رێکیان بخات و بیانهێنێتەوە ئەگەر چی  رەنگە هێشتا بەعس لە هەموو باشوری عیراق قبووڵکراو نەبێت ، بەڵام بە هۆی خراپی ئیدارەدانی حکومەت و بێ هێزی سەروەری وڵات لە بەرامبەر حوکمی میلیشیاکان ، بەشێکی زۆری شەقامی شیعەش لە باشوور بەعسیەکانیان پێ باشرن لەم دۆخەی ئێستا ، هەرچەندە لە ئێستادا پێناچێت بەعسیەکان هێزێکی تۆکمە و یەکگرتووبن ، بەڵام ئەمریکا بەهاوکاری قەتەر دەتوانێت ئەم کارە بکات ، بەمەرجێک دڵنیابن کە دژی بەرژەوەندییەکانی ئیسڕائیل نابن ، چونکە ئەمە خاڵی جەوهەری سیاسەتی ئەمریکایە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ، ئەگەر ئەم سیناریۆیەش جێبەجێ نەکەن ، رەنگە رێ لە گەشەو سەڕهەڵدانەوەی دووبارەی داعش لەعیراق وەک پێویست نەگرن ، بۆیە پێوێستە حکومەتی عیراق دەرس لەم دۆخەی ئەفغانستان وەربگرێت ، بەرلەوەی لێی بقەومێت .

17/08/2021



وتارەکانی تری نوسەر