ماکڕۆن لە هەولێر و بەغدا

فه‌رحان جه‌وهه‌ر

فەڕەنسا تاکە وڵاتی رۆژئاواییە لەسەر ئاستی سەرۆکی وڵات ، بەشداری کۆنگرەی هاوکاری و هاوبەشی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی بەغدادی کرد ، هەروەها تاکە سەرۆکی نێوبەشداربووانی کۆنگرەکەش بوو سەردانی هەولێری کرد . 

هاتنی ماکڕۆن لەم کاتەدا بۆ عیراق بەگشتی و هەولێریش بەتایبەتی ،  مەغزای سیاسی هەیە ،  چونکە کشانەوەی ئەمریکا لە ئەفغانستان دوو دڵی و نیگەرانیەکی زۆری لە نێو شەقامی عیراقی و کوردستانیشدا دروست کردووە ، بەجۆرێک کاری کردۆتە سەر بازاڕی هاووڵاتیانیش ، لەبەرئەوەی لە کۆتایی ئەم ساڵدا هێزە شەڕکەرەکەی لە عێراق دەکێشێتەوە ، هەرچەندە بارودۆخی هەردوو وڵات لە زۆر رووە لێک جیاوازن ، بەڵام  خاڵی هاوبەشیشیان هەیە بە تایبەتی گەندەڵی . 

بوونی ماکڕۆن بەم شێوەی ئێستا لە بەغداو هەولێر، پەیامێکە بۆ هەمووان ، ناوەڕۆکەکەی ئەوەیە کە بەکشانەوەی هێزەکانی ئەمریکاش لە عیراق ئەوان پشتی عیراق و هەرێمی کوردستان بەرنادەن لە هیچ باروودۆخێکدا ، ئەگەر بچینەوە ناو رابردووش لە تەمەنی سی ساڵی ئەم ئەزموونەی هەرێم ، هەمیشە فەرەنسا لەکاتە ناخۆش و تەنگەکاندا پشتی کوردستانی بەرنەداوە ، بۆیە دوای ئەو نیگەرانیانەی ئێستای باردۆخی عیراقیش دوای ئەفغانستان پێماندەڵێت : نیگەران مەبن ئێمە لەگەڵتانین ، ئەوڕوپا بەگشتی و فەرەنسا بەتایبەتی نیگەرانن لە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستان ، رەخنەیان لە ئەمریکا هەیە ، چونکە بۆ ئەم کارەی هیچ پرسێکی بە ئەوروپا نەکردووە ، جگەلەوەش ئەمریکا بەم هەنگاوەی لە ئەفغانستان متمانەی نێودەوڵەتی لەسەرهەردوو ئاستی فەرمی و میللی لەدەستدا ، لەناوخۆشیدا بایدن و ئیدارەکەی کەوتوونەتە ژێر گوشارێکی زۆر و کیرڤی لایەنگری جەماوەری زۆر دابەزیووە ، بۆیە ماکڕۆن پێیوایە ئێستا کاتێکی زۆر باشە کە وڵاتەکەی وەک یاریزانێکی بەهێز لە گۆڕەپانەکە رۆڵی خۆی ببینێ . 

فەرەنسا لە هەر وڵاتێکی تری رۆژئاوای زیاتر بەتەنگ بەها مرۆڤایەتییەکانەوەیە ، چونکە ئێستاشی لەگەڵ دابێ لەژێر کاریگەری دروشمەکانی شۆڕشە بەناوبانگەکەیدایە ، هەروەها خۆی بە میراتگری کەلەپوری رۆشەنگەری دەزانێت ، بۆیە سیاسەتەکەی هەندێک لە بەهاکانی ئەخلاقی تێدایە . هەرێمی کوردستانیش ناوچەیەکی گرنگە و رۆلێکی باش دەبینێت لە دابین کردنی ئاسایش بۆ هەموو ناوچەکە و عیراق بە تایبەتی ، بۆیە ئەوان لە بڕوایەدان هەر هەژانێکی ئەمنی لەم ناوچەیە رووبدات ، هەرێمی کوردستان دەتوانێت رۆڵێکی مەزن ببینێت بۆ هێورکردنەوە ، سەرباری ئەوەی هەرێم خاوەن پەیوەندییەکی باشی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتیە ، عێراق بەبێ هەرێم دەکەوێتە دۆخێکی زۆر نەخوازراو بۆ ئەوان ، وێڕای ئەمەش ماکڕۆن متمانەیەکی زۆری بە نێچیرفان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەیە ، کە دەتوانێت هاوسەنگیەکی باش لە نێوان لایەنە ناکۆکەکان رابگرێت ، هەروەها یارمەتیدەرێکی باشیشە بۆ عێراق ، چونکە ئەمە  داواکاریەکی جەوهەری فەرنسایە لە هەرێمی کوردستان ، ئەوان پێیانوایە تێکچونی باری ئاسایشی عیراق کاریگەری نەرێنی بۆسەر هەرێم و هەموو ناوچەکە هەیە ، بۆیە مەبەستیانە عیراق وەک وڵاتێک ، سەربەخۆیی و سەروەری خۆی لە دەست نەدات و بەهێز بێت ، بەرامبەر دەست وەردانە دەرەکییەکان بەتایبەتی دەست وەردانی ئێران و تورکیا لە کاروباری ناوخۆی ،  ئەمە داخوازی وڵاتانی عەرەبیشە ، بۆیە بەم شێوەو لەسەر ئاستی باڵادا بەشداریان لە کۆنگرەی بەغدا کرد .

29/08/2021



وتارەکانی تری نوسەر