وەک چۆن پێویستە لە هەڵەی کەسێک فێربین، ئاواش گرنگە سەرکەوتنەکانی کەسێک بەرز بنرخێنین

فه‌رحان جه‌وهه‌ر
ناونیشانی سەرەوەی ئەم وتارە، پەرەگڕافی کۆتایی وتارێکی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانە، ئەمڕۆلە رۆژنامەی تایمزی لەندنی بڵاوی کردۆتەوە. 

هەموو سیاسیەک هەڵە دەکات، وەک چۆن هەموومرۆڤێکیش هەڵە دەکات، هەروەها هیچ  پلان و بەرنامەیەکیش نییە، گەڕانتی سەرکەوتنی پێشوەختەی کرابێت، چونکە زەمەن و رووداوەکان کاریگەریان هەیەو زۆرجار پێشبینی کراونین، ئەوەی نێچیرڤان بارزانی مەبەستیەتی لەم وتارەدا روونی بکاتەوە، ئەوەیە کە بەرای گشتی وفەرمی سیاسی ئەوروپا بڵێت مەرج نییە، هەموو دەست وەردانێکی سیاسی لە کاروباری وڵاتان هەڵە بێت،  ئەوەی سی ساڵ بەرلە ئێستا بۆ کوردستانتان کرد و نەوای ئارامتان بۆ دروست کردین، سەرکەوتنی هێناوە و گەلێکتان لە جینۆساید کردن پاراست، دواتریش ئەم گەلە توانی هەڵبژاردن بکات و داودەزگای یاسایی و حکومی دامەزراند، بووە لانەیەکی ئارامیش بۆ ملێۆنان ئاوارەی سوری و عێراقی، هەروەها پێکەوە ژیانی ئاینە جیاوازەکان و دابین کردنی ئازادی بیروڕاو فرەلایەنی سیاسی. 

نێچیرڤان بارزانی دەیەوێت بە ئینگلیزەکان و لە رێگای ئەوانیشەوە بە هەموو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بڵێت مەرج نییە، هەموو دەست وەردانێک لە کاروباری وڵاتە ستەمکارەکان بۆ رزگارکردنی گەلانی ئازادیخواز،  ئەنجامەکەی وەک ئەفغانستان بێت و سەرکەوتن بەودەست نەهێنێت، هەرێمی کوردستان نموونەیەکی زیندوو سەرکەوتووە،   داوایان لێدەکات بەردوام بن لە هاوکاری کردنی، ئەو سەرکەوتنەی بەهۆی ئەم دەست وەردانەی کۆمەلگەی نێودەوڵەتی دروست بووە بە گرنگ بزانن، هەروەک چۆن ئەو هەڵانەی کراویشن لە ئەنجامی دەست وەردانی نێودەوڵەتی لە ئەفغانستان شایانی لێ فێربوونن، بۆیە حەق نییە بەیەک چاو سەیری هەردوو ئەزموونی کوردستان و ئەفغانستان بکرێ، لە کوردستان سەرکەوتنی وەدەست هێناوە، لە ئەفغانستانیش شکست.

سەردانی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەم کات و ساتەدا بۆ لەندەن، وەک یەک لە ناوەندە هەرە گرنگەکانی بڕیای نێودەوڵەتی و هاوپەیمانی هەرە سەرەکی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، بایەخ و مانایەکی زۆری هەیە، یەک لەو رەهەندانەی ئەو سەردانە ئەوەیە کە پەیوەندی سیاسی و دبلۆماسیەتی هەرێم لەگەڵ ناوەندەکانی بڕیاری جیهانی لە ئاستێکی زۆر بەرزدایە، هەروها جێگای گرنگی پێدانە و دەیانەوێت هەرێمی کوردستان بە یەکگرتووی و بە بەهێزی لەنێوچوارچێوەی عیراقدا هەبێت، هەروەها رەهەندێکی تری ئەم سەردانە لەم کاتەدا ئەوەیە کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دوای کشانەوەیان لە ئەفغانستان دەیانەوێت پێمان بڵێن ئەزموون ودۆخی ئێوە جیاوازەو بەردەوام دەبین لە هاوکاری کردنتان، هەروەها لایەنکی تری ئەم شێوە ئاست بەرزە لە پێشێوازی کردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرفان بارزانی پەیوەستە بەو سیاسەتە سەرکەوتووانەی کە سەرۆک پەیڕەوی دەکات چ لەسەر ئاستی دەروەوبێت یا لەسەر ئاستی ناخۆبێت.

17/09/2021



وتارەکانی تری نوسەر