پۆستی سەرۆك كۆمار و گەڕی سێیەمی ڕكابەریەكان

هیوا سه‌ید سه‌لیم
دوای یەكلابوونەوەی پۆستەكانی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە قازنجی بەرەی (سەدر، بارزانی، حەلبوسی)، هەر لەو ڕۆژە قۆناغی كردنەوەی دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری دەستی پێكردووە.

شایانی باسە، بە پێی ئەو عورفە دەستوریەی لە عێراقی دوای ڕوخانی ڕژێمی سەدام كاری پێكراوە، پۆستی سەرۆك كۆمار پشكی كورد بووە، بەڵام هەرگیز كورد لە نێو خۆی خۆیدا ئەو پۆستەی بە یەكگرتووی و بێ گرفت بۆ یەكلانەبۆتەوە. لە سەردەمی مام جەلال نەبێت،  كە كەس ڕكابەری نەكردووە، لەو سەردەمە پارتی و یەكێتی لەسەر ئەو پۆستە لە چوارچێوەی رێكەوتنێكی ستڕاتیژی ڕێككەوتوون.

بە پێی رێكارە دەستورریەكان،  ئەنجومەنی نوێنەران دوای كردنەوەی دەرگای خۆپاڵاوتن ٣٠ رۆژی داوەتە كوتلە سیاسیەكان تا لەسەر كەسێك رێكبكەون كە دواتر ئەو ئەنجومەنە بە زۆرینەی دوو لەسەر سێی ئەندامانی و لە نێوان پاڵێوراوان دا سەرۆكێك بۆ كۆمار هەلدەبژێرێت.

لە ئێستادا كە لە عێراق پێنجەمین خولی هەڵبژاردن لە ١٠ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢١ ئەنجام دراوە، پارتی و یەكێتی باشتریش وایە بڵێین (بارزانی و بەرهەم) چوونەتە نێو گەڕی سێیەمی ڕكابەری بۆ یەكلاكردنەوەی ئەو پۆستی سەرۆک کۆماری.

گەڕی یەكەم، كە لە چوارچێوەی خولی سێیەمی هەڵبژاردن لە ساڵی ٢٠١٤ بوو،  لەوێ مەسعود بارزانی توانی یاریەكە لە بەرهەم ساڵح بباتەوە، ئەویش بە رێكەوتنی ماڵی (بارزانی و تاڵەبانی) كاندیدی ئەو پۆستە لە نێوان كیبڕكێی ( بەرهەم ساڵح، نەجمەدین كەریم، فواد مەعسوم) لە نێو كوتلە كوردستانیەكان بە قازانجی فواد مەعسوم یەكلای كرایەوە، دواتریش فواد مەعسوم کرایە هەشتەمین سەرۆک کۆماری عێراق و دووەم سەرۆکی کورد دوای مام جەلال.

 بۆیە دەتوانین بڵێین ئەو هەنگاوە بە گەڕی یەكەمی دژایەتی و ڕكابەری بارزانی بۆ دانانی بەرهەم ساڵح بۆ سەرۆك كۆماری دادەنرێت.
لە هەڵبژاردنی خولی چوارەمی ئەنجومەنی نوێنەران، كە لە ساڵی ٢٠١٨ ئەنجامدرا، ڕكابەریەكان زەقتربوونەوە، پارتی بۆ ڕێگریكردن لە هەڵبژاردنی بەرهەم ساڵح، ڕكابەرێكی لە دژ هەڵبژارد، بەڵام  ئەم جارەیان کێبڕکێی كاندیدە كوردەكان  گوازرایەوە  بۆ ناو پەرلەمان. سەرنجام بە دەرچوونی بەرهەم ساڵح لەسەر حیسابی فواد حوسێنی كاندیدی بارزانی ، بەرهەم ساڵح دەبێتە نۆیەمین سەرۆك كۆماری عیراق.

 بەو ئەنجامەش ڕكابەریەكانی بارزانی بۆ بەرهەم ساڵح قوڵتر دەبنەوە، وە لە ئێستاشدا كە هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەران ئەنجام دراوە، بارزانی ڕاشكاوانەتر لە جارانی پێشوو ڤیتۆی لەسەر بەرهەم ساڵح هەیە، وە تا بۆ بكرێت ناهێڵیت ئەزموونی ٢٠١٤ دووبارە بكرێتەوە.

شایانی باسە،  گەڕی سێیەمی ڕكابەریەكانی پۆستی سەرۆك كۆماری جیاوازی زۆری لەگەڵ دوو گەڕی پێشووتر هەیە. لە ڕووی كارەكتەرەكانی پشتی ڕكابەریەكە و ئەو سەنگەر بەندیەی لە نێو ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق درووست بووە. 

 بۆیە ئەویان وایكردووە ڕكابەریەكان تا ڕۆژی دەنگدان لە ڕووی سەوداو مامەڵەی سیاسی و شەڕی راگەیاندن توندتربن، دواجار بۆ یەكلابوونەوەی ئەو پرسە چەندین سیناریۆ دێنە پێشەوە.

سیناریۆی یەكەم:  ئەوەیە كە بەرهەم ساڵح تووشی هەمان ئەزموونی ٢٠١٤ بكرێتەوە، ئەویش بەوەی لە دوا ساتەكاندا پارتی كاندیدی خۆی كە هۆشیار زێباریە بە قازانجی لەتیف رەشید پاشەكشە پێبكات، بە مەرجی ئەوەی یەكێتی پشت لە بەرهەم ساڵح بكات بۆكاندیدكردنی.
سیناریۆی دووەم:  بریتیە لەوەی یەكێتی لەسەر هەڵوێستی ئیستای پێداگیری بكات، بەرهەم ساڵح وەك تاكە كاندیدی حزبەكەی بۆ ڕكابەری زێباری بهێڵێتەوە، لێرەدا ئەركی بەرهەم ئاسان نابێت، چونكە ئەوەی لە ٢٠١٨ بۆی چووە سەر ئێستا زەحمەتە، چونكە پارتی بە ڕێكەوتنی لەگەڵ سەدر و سوونەكان ئەركی زێباری لە بردنەوەی یاریەكە ئاسانتر كردووە. ئەگەرچی پارتی بە كاندیدكردنی هۆشیار زێباری تا رادەیەك لە گرنگی ئەو ڕێكەوتنەی كەم كردۆتەوە، بە تایبەت بۆ سەدریەكان كە هەڵگری درووشمی چاكسازین، پشتیوانیکردنیان لە زێباری کە لە ساڵی ٢٠١٦ وەک وەزیری دارایی لە لایەن ئەنجومەنی نوێنەران لە پۆستی وەزیری دارایی لادراوە، بۆ ئەوان  كارێکی ئاسان نابێت دەنگی پێبدەن.

دوایین سیناریۆش بریتیە لە كارتی سازانی كاراكتەرەكانی دەرەوەی پڕۆسەی سیاسی عێراق، لەویاندا بەرهەم ساڵح شانسی باشتر دەبێت لە ڕكابەرەكەی. بەڵام دۆخی ناوخۆی یەکێتی و دەرنجامەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەران ئەگەری جێبەچێکردنی سیناریۆی سێیەم لاوازدەکەن، بۆیە ئەگەری زۆر هەیە بازەکە لەسەر شانی لەتیف رەشید بنیشێتەوە، پارتی سیاسەتی (نەشیش بسوتێ و نەکەباب) پەیڕەو بکات، بەوەی پۆستەکە بداتەوە کەسێک کە هەم یەکێتی رازی دەکات و قسەی بارزانیش لە دانەنانەوە بەرهەم ساڵح بە سەرۆک کۆمار سەربخات.

ئەوەی بۆ هەموو لایەك جێگای نیگەرانیە ئەوەیە ڕكابەری لەسەر پۆستی سەرۆك كۆماری،  وەک هەموو جارەکانی دیکە لەسەر حیسابی پرس و مافە دەستوریەکان دەشکێتەوە، واش بڕوات ئەم جارەش لایەنە کوردستانیەکان بە پەرتەوازەیی و لاوازی دەچنەوە بەغدا، ئاسەواری ڕکابەریەکان لەنێوخۆی هەرێمی کوردستانیش هەر دەمێنن، لێرەدا دۆڕاو کورد دەبێت لە بەرامبەر پۆستێک کە نەتوانرێت سازانی لەسەر نەکرێت.

14/01/2022



وتارەکانی تری نوسەر