لە یادی ڕاگەیاندنی شۆڕشی نوێ

هیوا سه‌ید سه‌لیم
لە یەکەم  رۆژی  مانگی شەش، ٤٧ ساڵ بەسەر یادی دامەزراندنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و ڕاگەیاندنی شۆڕشی نوێ تێدەپەرێت، وەک چۆن لە ناونیشاندا هەر ناوی شۆڕشی نوێمان هێناوە،  لە ناوەڕۆکی نووسینەکەشدا تەنیا هەڵوەستە لەسەر شۆڕشی نوی دەکەین، بابەتی دامەزراندنی یەکێتی بۆ خودی یەکێتیەکان جێدەهێڵین، بەتایبەت کە لە ئێستادا ئەوان لە نێو کاروباری دیداری یەکێتین، پێمان وایە هەر دەبێت بەشێکی ئەو دیدارەیان بۆ هەڵسەنگاندنی مێژووی حزبەکەیان تەرخان کرد بێت.

ڕاگەیاندنی شۆڕشی نوێ لە مێژووی هاوچەرخی گەلی کوردستان وەرچەرخانێکی گرنگ بوو، بە تایبەت دوای ئەوەی رژێمی بەعس لە رێگەی پیلانگێڕی رێکەوتنامەی جەزائیر شکستی بە گەورەترین شۆڕشی چەکداری لە باشوری کوردستان هێنابوو.

شایانی باسە، کارەساتی هەرەسی شۆڕشی ئەیلول بە تەنیا تێکشکاندنی خەباتی چەکداری نەبوو، بگرە پاشەکشەیەکی سیاسی، تێکشاندنی باری دەروونی خەڵک بوو، لە بڵاوبوونەوەی بێ ئومێدی بڕوا بەخۆنەبوو. هەر بۆیە بە مەبەستی دەستپێشخەری بۆ سەرهەلدانەوەی شۆڕش و دەستپێکردنەوەی خەباتی چەکداری،  لە لایەن چەند ڕەوتیکی سیاسی و چەکداری تازە لە نموونەی بزوتنەوەی سۆسیالستی کوردستان و کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستان کە دواترهەر ئەمانە بوونە هەوێنی دامەزراندنی نیمچە بەری یەکیتی نیشتمانی کوردستان کار کرا بۆ جاریکی دیکە سەرهەڵدانەوەی شؤڕش،  بۆیە ئەو ڕووداوە گرنگە ناونرا شۆڕشی نوێ.

دوای ٤٧ساڵ لە ڕاگەیاندنی شۆڕشی نوێ ئێستا کاتی ئەو هاتووە بپرسین بۆچی ئەو شۆڕشە هەر بە نوێی نەمایەوە، بگرە زوو گەڕایەوە بۆ سەر ململانێ کۆنەکە کە بە ململانێی مەلای و جەلالی ناسرابوو؟

بۆ وەڵامی ئەو پرسیارە دەبێت جارێکی دیکە بگەڕێینەوە بۆ پێکهینەرە سیاسیەکانی شۆڕشی نوێ (کۆمەڵە، بزوتنەوە)، یەکەمیان بۆ خۆیان جێدەهیڵین، بەڵام پرسیارەکەمان بۆ بزووتنەوەی سۆسیالستی کورستانە، چونکە ئەوان لەسەر ئەو بنەمایە خۆیان ڕاگەیاندبوو کە بەشێک نابن لە ململانێی مێژووی هەردوو مەدرەسەی مەلای و جەلالی.

بزووتنەوە کێ بوون؟ زۆربەی فەرماندە سەربازیەکانیان کاتی خۆی کارەکتەری ناو شۆڕشی ئەیلول بوون، بەرپرسە سیاسیەکانیشیان بەهەمان شێوە، نموونەی (سەیدا ساڵح یوسفی، دکتۆر خالید،عەلی عەسکەری....هتد) بۆیە وێڕای ئەوەی بزوتنەوەی سۆسیالست هەوڵی دا رێکخراوێکی تازە بیت، بەڵام بەچوونی بۆ ناو نیمچە بەرەی یەکێتی،  تاسەر نەیتوانی دەست بە جیاوازیەکانی بگرێت، بۆیە نە بزووتنەوە و نە شۆڕشەکەش نەی توانی خۆی دابماڵێت لە مێژووی پڕ ناکۆکی بزوتنەوەی سیاسی لە باشوری کوردستان(جەلالی – مەلایی).

وەک دەزانرێت، خاسیەتە جیاوازیەکانی شۆڕشی نوێ بریتی بوو لە فرەیی سیاسی، ئەمەشەیان وەک کاردانەوەیەک بوو لە بەرامبەر ئەو تاک حزبیەی کە زۆرێک پییان وابوو یەکێک لە هۆکارەکانی شکستی شۆڕشی ئەیلول بووە، بەڵام ئەوەی هێشتان جێگای هەڵوەستەیە دوای ٤٧ ساڵ لە سەرهەڵدانی شۆڕشی نوێ، تا رۆژگاری ئەمڕۆمان گەلی کوردستان لەو پارچەیەی کوردستان نەیتوانیەوە ببێتە خاوەنی مۆدێلێک لە حزبایەتی تەندرووست، تا بتوانێت ئەرکەکانی ئەو قۆناغە بگەیەنێتە ئەو شوێنەی کە زەمەنێکە میللەتەکەمان خەونی پێوە دەبینێت، بۆیە لە ئیستادا باشوری کوردستان پێویستی بە مۆدیلێکی تازەیە لە حزبایەتی کە هەڵقوڵاوی ناکۆکیە مێژوویەکان نەبێت، تا بتوانێت شۆڕشێک بە مانایی شۆڕش لە دژی نا دادی و ئەو ستایلە نەرێنیە لە حزبایەتی بەرپا بکات، ئەوسا دەتوانین بڵێین شۆڕشمان کرد.

01/06/2022



وتارەکانی تری نوسەر