پاریس، ماڵە نائارامەکەی کوردانی باکوور

هیوا سه‌ید سه‌لیم
                                                                                         
ساڵانێکە زۆرە کوردان وەک هەر میللەتێکی دیکەی ناوچەکە تووشی بوونەتەوە ڕووداوە سیاسی و ئابووریەکانی سەدەی ڕابردوو هۆکاربوونە کە میللەتی کوردیش خاکی خۆیان جێبهێڵێن و ڕوو لە سەرزەمینێکی ئارام بکەن.
لە چەند دەیە لە ساڵانی ڕابردوو کوردانی باکوور بەشیکیان لەسەر زێدی خۆیان ڕاگواستران و،  گوندەکانیان خاپورکران، ئەوەی روویکردە شارە گەورەکانی تورکیا،  لەوێ گیرسایەوە و کاری دەستکەوت، بەشێکیان ڕوویان کردە وڵاتانی ئەوروپا، وڵاتی فەرەنسا یەکێک لەم وڵاتانە بوو دوای ئەڵمانیا کە ژمارەیەکی زۆری کوردی باکووری داڵدەدا.

بۆیە لە ئێستادا ڕەوەندی کوردی لە فەرەنسا بە یەکێک لە ڕەوەندە هەر بەهێزەکان دەژمێردرێت، کورد لە فەرەنسا خاوەنی چەندین سەنتەر و ناوندی سیاسی و کەلتوریە، ساڵانە لەو وڵاتە چالاکی جۆراوجۆر ئەنجام دەدات، ئەگەرچی بە هۆی بوونی ژمارەیەک زۆر لە ڕەوەندی تورکی لەو وڵاتە،  گەلێک جار کورد لەگەڵ ئەوان تووشی پێکدادان بۆتەوە، بە تایبەت کە دەزانرێت تورکەکان لە فەرەنسا لە چوارچێوەی رێکخراوی گورگە بۆرەکان خۆیان ریکخستووە، دەوڵەتی تورکیا لە ڕێگای ئەو رێکخراوە دژایەتی کورد و تەنانەت ئەرمینیەکان دەکات، پێکدادانی هەردوو ڕەوەندی تورکی و ئەرمەنی لە ساڵی ٢٠٢٠ لە شاری لیۆنی فەرەنسا لە یادی کۆمەلکوژی ئەرمەنیەکان،  بەرپرسانی فەرەنسای هێنایە سەر ئەو ڕایەیی کە دەبێت رێکخراوی گورگە بۆرەکانی تورکیا چالاکیان لە فەرەنسا قەدەغە بکرێت.
شایانی باسە، بڕیاری فەرەنسا لە کاتێک هات کە ساڵی ٢٠١٣ لە ناو جەرگەی پاریس سێ چالاکوانی کوردی باکووری کوردستان بە ناوەکانی " فیدان دۆغان،ساکینە چانسیز،لەیلا شەیلەماز" لە لایەن کەسێکی سەر بە دەزگای هەواڵگری تورکیا " میت" تیرۆرکران،
ئەو ڕووداوە سەلماندی کە دەوڵەتی تورکیا بە بەرنامە کاردەکات تا نەهێڵێت پاریس بۆ کوردانی باکوور ئەو ماڵە ئارامە بێت، مخابن لە کاتی ئەو ڕووداوە تیرۆرستیەدا بەرپراسانی فەرەنسا هەڵوێستێکی ئەوتۆیان نەبوو.
هەر ئەم خەمساردیەی دەزگا ئەمنیەکانی فەرەنسا هۆکار بوو کە جارێکی دیکەش  لە رۆژی ٢٣/١٢/٢٠٢٢ هەر لە پاریس کوردانی باکوور بکرێنەوە ئامانجی دەستێکی ڕەش و،سێ چالاکوانی دیکە لە نێو سەنتەری کەلتوری ئەحمەد کایا تیرۆر بکرێن.
قوربانیەکانی ئەو جارەی کردەوە تیرۆرەکەی پاریس ژنێک و دوو پیاو بوونە، پیاوێکی بە تەمەن و ئەوەی دیکەشیان کەسێکی هونەرمەند بوو، کە بوونە قوربانی دەستی کەسێک کە گوایە فەرەنسیەکی ڕاستڕەوەی دژ بە پەنابەرانە.
کەسە تاوانبارەکە هەر کەسێک بێت، چونکە قوربانیەکە هاوڵاتیانی کوردی باکووری کوردستانن، بۆیە هیچ گومان لە بوونی دەستی دەزگا هەواڵگریەکانی تورکیا ناکرێت، چونکە لە فەرەنسا تەنیا ڕەوەندی کوردی نیە تا بکرێتە ئامانجی تیرۆری کەسێکی ڕاستڕەو، بگرە دەیان نەتەوە و گروپی دیکە لە فەرەنسا هەن، بە شێوەیەک کە ئەگەر کەسێک شاری پاریسی بینی بێت ئەوا هەست ناکات لەو شارەدا زۆرینەی فەرەنسی ژیان دەکەن، ئەی خێرە لە نێو ئەو هەموو نەتەوانەی لە پاریس داڵدەدراون تەنیا ناوەندێکی کەلتوری کوردی و دوکانێکی کوردان دەکرێنە ئامانج؟!
دەوڵەتی تورکیا بە مەبەستی فشار خستنە سەر چالاکی ڕەوەندی کوردی لە وڵاتانی ئەوروپا لە ئێستادا فشاری سیاسی و دبلۆماسی و تەنانەت تیرۆری دەستپێکردووە، لە فەرەنسا چالاکوانی تیرۆردەکات، لە سوید دوا بە دوای رێکەوتنی سێ قۆڵی هەوڵی دەرپەڕاندنی کوردان لەو وڵاتە دەدات، تا ئێستاش فشارەکانی وایکردووە سوید ٣ هاوڵاتی کە لە تورکیا چوونەتە سوێد دیپۆرتی تورکیا بکاتەوە.
شایانی باسە، وەک کاردانەوەیەک لەبەرامبەر کردەوە تیرۆرستیەکی پاریس، وە بۆ شکست پێهێنانی پیلانەکانی تورکیا، هەروەها فشار خستنە سەر دەوڵەتی فەرەنسا بۆ دۆزینەوەی دەستە شاراوەکەی پشتی ئەو کردەوە تیرۆرستیە، کوردان چەند رۆژێکە لە پاریس بە تایبەت لە شوێنی روودانی کردەوە تیرۆرستیەکە لەسەر شەقامن.  بەشیوەیەک کە فشاری ڕەوندی کوردی بەرپرسانی فەرەنسای ناچارکرد کە کەسێکی وەک "ئیریک دۆیند"ی وەزیری دادی فەرەنسا، لەگەڵ ئەنجومەنی دیموکراتی کورد لە فەرەنساکۆببێتەوە و،  گوێ لە داخوازی خۆپیشاندەران بگرێت.
ئەگەرچی لێرەولەوێ دەبیسترێت کە نەدەبوو کورد بەم شێوەیە کاردانەوەی هەبێ، بەڵام ئەزموونی تیرۆری سێ چالاکوانی کورد لە ساڵی ٢٠١٣ لە لایەک و، هەوڵی بەرەوامی دەوڵەتی تورکیا کە دەیەوێت پاریس ئەو ماڵە ئارامە نەبێت بۆ کوردانی باکوور، وای دەخواست ئەو کردەوە تیرۆرستیە بێ وەڵام نەمێنێتەوە، بۆیە لە یەکەم رۆژەوە تا ئێستا هەر رۆژەوە کوردان بە شێوازێک چالاکیەکانیان بۆ پرۆتستۆکردنی تیرۆر ئەنجام دەدەن.
ئەوەی لەم چەند رۆژە لە پاریس ڕوودەدات شەڕە بۆ تێکشکاندنی ئیرادەی کوردانە لە بە ئامانج گرتنی ناوەندە کەلتوریەکان و،  تیرۆرکردنی کەسانی چالاک لە بوارەکانی سیاسی و دبلۆماسی و کەلتوری، گومانیش دەکرێت کە دەستێکی شاراوە لە پشتی ئەو شەڕەهەبێ، ئەویش دەستی دەزگا هەواڵگریەکانی تورکیایە، با لە تورکیا بگەڕێین، شەرمەزاریە بۆ فەرەنسا کە کوردان لە وڵاتی شۆڕش، دڵی دیموکراسی هەست بە ئارامی نەکەن.




28/12/2022



وتارەکانی تری نوسەر