بەغدا و ھەرێم رێککەوتن تا رێک نەکەون

هیوا سه‌ید سه‌لیم
دوای چەندین جار سەردانی شاندی ھەرێمی کوردستان بۆ بەغدا، بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر یاسای بودجە.  سەرەنجام ھەموو لایەک لە لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر سیغەیەک رێککەوتن.  شایانی باسە رێکەوتنەکە جێگرەوەی ماددەی ١١ی پرۆژەی حکومەتە بۆ یاسای بودجە، کە دەمێکە وەک خاڵی ناکۆک گیریخواردووە لە نێوان ھەرێم و ناوەندا.

رۆژی ١٩/٣، ھەردوولا گەیشتنە رێکەوتنێک،  کە ھەرێمی کوردستان دوای جیاکردنەوەی پشکی پێویست بۆ خەرجی و گواستنەوەی ٤٥٠ ھەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە،  پێویستە ٢٥٠ ھەزار بەرمیل رادەستی سۆمۆ بکات و، ھەرێم پابەند دەبێت بە رادەستکردنی %٥٠ی داھاتی نا نەوتی بە بەغدا.

لە بەرامبەر جێبەجێکردنی بڕگەکانی خاڵی دووی ماددەی ١١ی یاسای بودجە، بەغدا پابەند دەبێت بە پێدانی شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان. ھەروەھا وەزارەتی دارایی لە سەرەتای ئەمساڵەوە قیستەکانی قەرزی پەیوەست بە ھەرێم لە بانکی بازرگانی عێراق دادەنێت.

شایانی باسە لە ئێستا و رابردوودا، یەکێک لە کۆسپەکانی بەردەەم رێک نەکەوتنی نێوان ھەرێم و بەغدا،  بریتیە لە نەبوونی متمانە لە نێوانی ھەردوولا، بۆیە ئەمجارەیان بۆ داڕشتنی یاسای بودجە، ھەریەکەیان  تا بۆیان کراوە مەرجەکانیان لەسەر یەکتری زیاتر کردووە. 

بەغدا دەیەوێت ھەرێم ناچار بکات داھاتی نەوتی رادەست بکات نەک نەوتەکە، ئەمەشیان دوو ھۆکاری ھەیە:

یەکەمیان، ئەوەیە کە بەغدا چۆتە ژێر پابەندبوونێک لەگەڵ رێکخراوی ئۆپیک سەبارەت بە سنووردارکردنی ھەناردەی نەوت بۆ بازارەکان.

 دووەمیشیان، بریتیە لەو کێشانەی لە گرێبەستە نەوتیەکانی ھەرێم ھەن، بەغدا تا یەکلابوونەوەی شکایەتەکەی دادگای پاریس نایەوێت تەواوی کۆنتڕۆلی نەوتی ھەرێمی بکەوێتە دەست.

لە بەرامبەر ئەو داوایانەی ناوەند لە ھەرێمی کوردستان ھەیەتی، ھەرێم تەنیا بۆ ئەوەی سیاسەتی نەوتی لەدەست خۆی بمێنێتەوە بە مەرجە قورسەکانی بەغدا رازی دەبێت.

وێڕای تێپەڕاندنی ئەو بڕگەیەی پەیوەست بە شایستە دارایەکانی ھەرێمی کوردستان لە یاسای بودجە لە لایەن لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە کاتژمێرەکانی دوایدا،  کاتێک ئەنجومەن ئامادەکاری دەکرد بۆ دەنگدان لەسەر یاساکە، لایەنە شیعەکان بڕگەیەک لە یاساکە زیاددەکەن کە تیایدا ھاتووە ( ئەگەر ھەرێمی کوردستان پابەند نەبێت بە رێککەوتنەکە ئەوا ھیچ بودجەیەک لە عێراقەوە نانێردرێت).

ھەموو لایەک دەزانین بۆ ھەر رێکەوتنێک عیبرەت لە جێبەجێکردنی دایە، بۆیە کاتێک مەرجی جێبەجیکردنی ئەو رێکەوتنامەیە وا قورس دەکرێت لەسەر یەکتری، تێدەگەین ئەوەی کراوە لە نێوانی ھەرێم و بەغدا، رێکەوتنە بۆ رێک نەکەوتن، چونکە لە نێو رێکەوتنەکەدا کۆمەڵیک مینی چێندراو ھەیە لە نموونەی پرسی یەکلاکردنەوەی کێشەو قەرزە دارییەکان لە دوای ساڵی ٢٠٠٤ەوە و چاودێری داھاتی ھەرێم و وردبینی لیستی مووچە خۆران، چونکە ئەمانە مەرجی نەکردەن.

بەڵام ئەوەی جێگای نیگەرانیە ئەوەیە کە دیسان لە کاتی نەگەیشتن بە رێکەوتن، سزاکە بەسەر خەڵکی کوردستان دەسپێندرێت، و باجە گەورەکەش خەڵکی کوردستان بە گشتی و چین و توێژی مووچەخۆران دەیدەن. وەک ئەوەی لە دوا بڕگەی زیادکراو ھاتووە، کە لە حاڵی پابەندنەبوونی ھەرێم بە رادەستنەکردنی بڕی دیاریکراو بۆی لە نەوت و داھاتی ناوخۆ، ھەرێم لە شایستە دارایی و مووچە و ئی دیکەش بێبەش دەکرێت. 

ھێشتان ماوە بزانین ھەرێمی کوردستان دەچێتە ژێر باری بڕگە زیادکراوەکە، یان تەواوی ریسەکە دەبێتەوە بە خوری و خەرمانی ئەو ھەموو ھاتوچۆیەی شاندی ھەرێم بۆ بەغدا بە با دەدرێت، با چاوەڕوان بین.

21/03/2021



وتارەکانی تری نوسەر