دێوەزمەی کۆرۆنا و ترس لە ڤاکسینەکە

هیوا سه‌ید سه‌لیم
ساڵێک و چەند مانگێک بەسەر بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڤید ١٩ تێدەپەڕێت، ئەو ڤایرۆسەی کە تەواوی جیھانی بە خۆیەوە سەرقاڵکرد، زۆرترین زیانی گیانی لێکەوتەوە، ھەروەھا زانست و لە ناویشیاندا سیستەمی تەندروستی لەسەر ئاستی جیھان خستە ژێر تاقیکردنەوەیەکی قورسەوە.

لەو ماوە زەمەنیەدا، تەواوی مرۆڤایەتی لە چاوەڕوانی دۆزینەوەی چارەسەر، و پێکوتەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوونە. لەو بارەیەوە لەسەر ئاستی جیھان کۆمپانیا ناودارەکان کەوتنە پێشبڕکێ لەگەڵ یەکتری،  تا ھەرچی زووە وەک دەستکەوتێکی زانستی پێکوتەی ئەو ڤایرۆسە بدۆزنەوە و پێشکەشی ھاوڵاتیانی بکەن.

دوای ساڵێک لە تووشبوونی چەندین ملیۆن کەس بە ڤایرۆسی کۆڕۆنا، و مردنی ژمارەیەکی یەکجار زۆر لە تووشبوان لەسەر ئاستی تەواوی جیھان، و کاریگەری نەرێنی بڵاوبوونەوەی ئەو پەتایە لەسەر ژیانی ھاولاتیان، لە بڵاوبوونەوەی ترس، و بێ کاری بە ھۆی رێوشوێنەکانی رێگری لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڤید١٩،  سەرەنجام بە ھەوڵی کۆمپانیا جیھانیەکان چەندین جۆری پێکوتەی ئەو پەتایە دۆزرایەوە،  و ئیستا لە زۆرێک لە وڵاتان وەک بەشێک لە سیستەمی خۆپارێزی لە بڵاوبوونەوەی زیاتری کۆرۆنا خەڵکی پێدەکوترێت.

لە ھەرێمی کوردستانیش وێڕای رێوشوێنی توند لە بڵاوبوونەوەی ئەو پەتایە، بەڵام ھەرێم وەک ھەر ناوچەیەکی دیکەی جیھان ئەو پەتایە زەفەری پێبرد، کە دەرنجامەکەشی بە مەرگی ھەزاران ھاوڵاتی و تووشبوونی ژمارەیەکی زۆر تەواو بوو.

شایانی باسە ئەوەی کە ھەرێمی کوردستان لە ناوچەکانی دیکەی جیھان جیادەکاتەوە دوو شتە: یەکەمیان نەبوونی ھۆشیاری تەندرووستیە لای بەشی ھەرەزۆری ھاوڵاتیانی ھەرێمی کوردستان. 

دووەمیشیان خرابی سیستەمی تەندرووستیە لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان، کە ئەویشیان بە ھۆی تێکەڵاوی لە نێوان ھەریەک لە سیستەمی گشتی و تایبەتە گرنگی نەدان بە سیستەمی گشتی. 

ئەم دوو ھۆکارە  وایکردووە کە ھاوڵاتیانی کوردستان کەمترین متمانەیان بە سیستەمی تەندرووستی ھەرێم ھەبێت.

وەک دەزانرێت نەبوونی متمانە لە لای ھاولاتیانی کوردستان ئەرکی دەزگا تەندرووستیەکانی لە رووبەڕوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا زۆر قورسترکرد.

بۆیە سەرەتا رێژەیەکی زۆری ھاوڵاتیان ھەر متمانەیان بە پەتاکە نەبوو، ھەروەھا ئەو رێوشوێنە توندانەی کە لەسەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە لە ھەرێمی کوردستان لە لایەن حکومەتی ھەرێم وەرگیران، جۆرێک لە کاردانەوەی ئەرێنیان لای ھاولاتیان درووستکرد، تا کار گەیشتە ئەوەی لە زۆر شوێن خەڵک ناچاری پشکنینی بە کۆمەڵ و ئیجباری بکرێت، کەرەنتینە و پکخستنی ژیانی لێبکەوێتەوە.

لە ئێستادا کە ھاوشێوەی جیھان لە نەخۆشخانەکان و ناوەندە تەندروستیەکانی ھەرێمی کوردستان پێکوتەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەردەستە، و بە خۆڕایی لە ھاوڵاتیان دەدرێت، بەڵام ئەوەی جێگای تێبینی و ھەڵوەستە لەسەرکردنە ئامادەنەبوونی خەڵکە بۆ وەرگرتنی ئەو پێکوتەیە.

بە پێی ئەو ئامارانەی لەبەردەستن تەنیا لە نێو کەرتی تەندرووستی کە پێش ھەر چین و توێژێکی دیکەی کۆمەڵگا مافی ئەوەیان پێدراوە کە پێکوتەکە وەرگرن،  تا ئێستا ٢٠٪ ئەو توێژە ئامادە نەبوونە ڤاکسینەکە وەرگرن، ئەم ھەڵوێستەی ئەوان وایکردووە کە چین و توێژەکانی دیکەش متمانەیان بە ڤاکسینەکە نەبێت.

دێوزمەی پەتای کۆرۆنا و ئەو زیانە گەورەیەی کە بە مەرگی ھاولاتیان لە کۆمەڵگای ئێمە کەوتەوە،  لە ھەموو لایەک دەخوازێت کە نەکەونە ژێر کاریگەری پڕوپاگەندەی نازانستیانە.  چونکە جۆرەکانی پێکوتەی ڤایرۆسی کۆرۆنا،  وەک ھەر پێکوتەیەکی دیکەی پەتا بەربڵاوەکانی دیکە، وایە،  و بەدەر نیە لە کاریگەری لاوەکی، بەڵام ئەوەی تا ئێستا ساخ بۆتەوە ئەوەیە کە تەواوی ڤاکسینەکان بە رێژەی جیاجیا خزمەت بە خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆڕۆنا دەکەن.

دواجار دەڵێین بێ متمانەی خەڵک بە سیستەمی تەندروستی، و پڕوپاگەندەی نادرووست دژ بە ڤاکسینی کۆڕۆنا،  ھێندەی دیکە وا دەکات دێوزمەی پەتای کۆڕۆنا زیاتر زەفەرمان پێببات، بۆیە تەنیا بە بەکارھێنانی ڤاکسینەکە و پەێڕەوکردنی سیستەمی تاکپارێزی ھەموو لایەکمان پاریزراومان دەکات.

08/04/2021



وتارەکانی تری نوسەر