کاتێک پەرلەمان دەکرێتە شوێنی موزایەدە

هیوا سه‌ید سه‌لیم
بەشێکی پەرلەمانتاران بڕیاریان دابوو ڕێگا نەدەن پەرلەمانی کوردستان هیچ دانیشتنێک ئەنجامبدات تا سەرۆکایەتی پەرلەمان کۆبوونەوەیەک تەڕخان نەکات بۆ هەڵوەشاندنەوەی لێبڕینی ٢١٪ مووچەی فەرمانبەران، پابەندکردنی حکومەت بە گێڕانەوەی پارە لێبڕاوەکە، دابەشکردنی مووچە لە کاتی خۆیدا.

شایانی باسە بە بڕیاری کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرجەم فەرمانبەران جگە لە پلە تایبەتەکان ٢١٪ لە مووچەەکەیان دەبڕدرێت، ئەو بڕیارەش لە لایەن حکومەت  ناونراوە سیاسەتی خۆگونجاندنی حکومەت،گوایە حکومەت لەگەڵ ئەو داهاتەی دەستی دەکەوێت خۆی دەگونجێنێت، و بڕینی ٢١٪ یەکسانە بەو داهاتەی کە دەگاتە خەزێنەی حکومەت.

لە لایەکی دیکە بڕیاری لێبڕینی مووجە لە لایەن حکومەتگوایە بۆ ئەوە بووە کە حکومەت بتوانێت لە ٣٠ رۆژ جارێک مووچە بەسەر فەرمانبەران دابەش بکات، بەڵام لەگەڵ بەردەوامی لێبڕینی مووچەشهێشتاش نەتوانراوە مووچە بە ٣٠ رۆژ دابەش بکرێت.

وەک ناڕەزایەتیەک لە بەرامبەر ئەو بێ سەروبەریە لە ناڕوونی لە داهات و سەرفیات لە هەرێمی کوردستان، سیاسەتی لێبڕینی مووچە،  دەنگێکی بەهێز لە نێو پەرلەمان توانیان سەرۆکی پەرلەمان ناچار بکەن ئەویش ئەستۆپاکی خۆی لەو بڕیارەی حکومەت دەر ببڕێت.

هەروەها  فشارەکان سەریانگرت، کۆبوونەوەی٢٨ی ئەم مانگەی پێشووی پەرلەمان  کە بەشێک لە وەزیرە پەیوەندیدارەکانیش تیایدا ئامادەبوون،  بەشی هەرزۆری بۆ هەڵوەشاندنەوەی لێبرێنی مووچەتەڕخانکرا.

 لەو کۆبوونەوەی پەرلەماندا زۆرینەی پەرلەمانتاران بە دەسەڵات و ئۆپزسیۆنە بە ئاڕاستەی هەلوەشاندنەوەی لێبڕین و رەخنەگرانە قسەیان کرد، بەڵام قسەکان هیچی لێ شین نەبوو، چونکە سەرۆکایەتی پەرلەمان نەچووە ژێرباری ئەوەی کۆبوونەوە بە بڕیارێک دەرچێت کە حکومەتی هەرێم پابەند بکات بە هەڵوەشاندنەوەی لێبڕینی مووچە.

ئەوەی لەو دانیشتنەی پەرلەمانی کوردستان  جێگای تێبینی بوو هەلوێستی بەشێک لە پەرلەمانتارانی سەر بە فراکسیۆنەکانی دەسەڵات بوو کە وا قسەیان دەکرد و ڕەخنەیان دەگرت کە هەڵوێستەکانیان لە هەڵوێستی پەرلەمانتارە ئۆپۆزسیۆنەکانی تێپەڕاند بوو. 

دانیشتنی ٢٨ی مانگی پەرلەمان جگە لە زویر بوونی کاتی دوو وەزیر هیچی دیکەی لێ شین نەبوو، بۆیە لە ئێستادا پەرلەمانتاران بەسەر دوو بەرە دابەشبوونە، کە لەو کۆبوونەوەی ٢٨ی مانگ زۆربەیان هاوهەڵوێست بوون لەسەر دژایەتی لێبڕینی مووچە.

بەرەیەکیان داوادەکات پەرلەمانی کوردستان بڕیارێک دەربکات کە حکومەت پابەند بکات بە هەڵوەشاندنەوەی لیبڕینی مووچە، بەرەیەی دیکەیان دژی ئەو بڕیارە وەستاونەتەوە نایانەوێت دڵی حکومەت لە خۆیان بڕەنجێنن، تا پێیان دەکرێت دژی ئەو بڕیارە دەوەستنەوە.

لێرەدا تێدەگەین ئەو پەرلەمانتارەی لە کۆبوونەوەی ٢٨ مانگ دژی لێبڕین بووە، و ئێستا کۆسپ بۆ دەرکردنی بڕیاری پەرلەمان درووست دەکەن قسەکانی ئەو رۆژەی موزایەدە بوونە،بۆ خۆ دەرخستنی بەردەم شاشەکانی تیڤی و خۆڵکردنە چاوی جەماوەر بووە.

شایانی باسە دانیشتنەکەی پەرلەمان کە شەو رۆژێکی خایەند وێڕای ئەوەی بێ ئەنجام تەواو بوو، وە نەک حکومەت ناچاری هەڵگرتنی لێبڕین نەکرا،  بگرە لەم مانگەدا دابەشکردنی مووچەش خاوەخاوی تێکەوت،  بە شێوەیەک بەشێک لە وەزارەت و دەستەکان ٤٠ رۆژە مووچەیان وەرنەگرتووە، لێبڕینیش سەربار.ئەوەیە کە دەوترێت (چاکی مەکە با خرابتر نەبێت)

لێردا دەپرسین ئەری ئەو میللەتە داماوەی کوردستان شایەنەی ئەوەیە مووچە کە کەمترین مافی خۆیەتی بەو شێوەیە پێیبدرێت؟  رۆژێک بۆی پاشەکەوت بکرێت و ئێستاش٢١٪ لێببڕدرێت،  موزایەدەکانی ناو پەرلەمانیش سەربار..

08/07/2021



وتارەکانی تری نوسەر