سۆیلۆ مەترسیدارتر لە ئەردۆغان دەرکەوت

هیوا سه‌ید سه‌لیم
لە یەکەمین رۆژی چەژنی قورباندا، سولەیمان سۆیلۆ وەزیری ناوخۆی تورکیا کە بەیەکێک لە جەمسەر گرنگەکانی ناو دەسەڵاتی تورکیا و پارتی دادو گەشەپێدان دەناسرێت پەردەی لەسەر چەمکێکی تازەی داگیرکاری وڵاتەکەی هەڵدایەوە،  ئەویش باسکردنە لە جوگرافیای ئیسلامی،  وەک ئاماژەش بۆ سنووری ئەو جوگرافیایە ناوی هەریەک لە وڵاتانی(لیبیا و ئەفغانستان و عێراق و سوریا)هێنا.

 شایانی باسە ئەو وڵاتانەی کە سۆیلۆ بە جوگرافیای ئیسلامی ناوی بردوون، هەموویان لە ئێستادا سوپای تورکیای لێیە، لە سوریا و هەرێمی کوردستان کە سۆیلۆ بە عێراق ناوی دەهێنێت،  سوپای تورکیا وەک هێزی داگیرکەر هاتۆتە ناوی و داگیری کردووە، چەندین بنکەی سەربازی لی دامەزراندوەە، لە لیبیا و ئەفغانستان بە شێوازی جیاوازتر سوپای بۆ بردووە.

سۆیلۆ، کە دەیەوێت لە سیاسەتی داگیرکاری لە ئەردۆغانی سەرۆکەکەی تێپەڕێنێت، دێت باس لەوە دەکات کە "ئەو رۆژانە نزیکن کە بە پێ بچینە عێراق و سوریا و سڵاوێک لە گەلی لیبیا بکەین"

 ئەو لێدوانەی وەزیری ناوخۆی تورکیا ئەگەر رێگری لێنەکرێت ئەو مەترسیەکی جدی لێ دەخوێندرێتەوە، چونکە سۆیلۆ لەو لێدوانەیدا باس لە بەرپرسیارەتی ولاتەکەی دەکات لە بەرامبەر جوگرافیای دەروربەریان، ئەوەیان ئەو خەونەیە کە عوسمانیە نوێکان بۆ گێڕانەوەی باڵادەستی تورکیا بۆ سەردەمی دەوڵەتی عوسمانی دەیبینن.

شایانی باسە پێشتریش رەجەب تەیب ئەردۆغان لێدوانی لەو شێوەی زۆر دابوو، بەڵام هەرگیز وا بە ڕوونی باسی خواستی داگیرکاری تورکیا نەکردبوو لەو سنوورە بەر فراوانە، بۆیە پێدەچیت ئەردۆگان بیەوێت سۆیلۆ ئامادەبکات بۆ دوای دەسەڵاتی خۆی تا ئەوەی ئەوبۆی نەکراوە سۆیلۆتەواوی بکات.

هەر بۆیەشە چوونی سلێمان سۆیلۆ بۆ شاری عەفرینی داگیرکراو لە یەکەمین رۆژی چەژندا هەمان خوێندنەوەی بۆ دەکرێت کە دەسەلاتدارانی ئەکەپە مەبەستیانە کەسایەتی سلیمان سۆیلۆ بێنە پێشەوە وەک ئەندازیاری داگیرکاری خاکی وڵاتانی دیکە ئامادەی بکەن.
ئەوەی لەو نێوەندەدا جێگای هەڵوەستە لەسەرکردنە، بریتیە لە بێ دەنگی لایەنە پەیوەندیدارەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان لە ئاست ئەو لێدوانە نا دبلۆسیانەی وەزیری دەرەوەی تورکیا، کە بەپێی یاسا و عورفە دەولیەکان بە پێشێلکاری و چاو بڕینە خاکی ولاتانی دیکە هەژمار دەکرێت.

ئەگەرچی تورکیا و دەسەلاتدارانی ئەکەپە ئێستادا خەون بە دوڵەتێک دەبینن کە پێ دەوترێت دەوڵەتی عوسمانی نوێ ، ئەویش بە گەڕانەوە بۆ میساقی میللی و چاوبڕینە خاکی ئەو دەوڵەتانەی کە بە هەڵوەشاندنەوەی ئیمبڕاتۆریەی عوسمانی سەد ساڵ پێش ئێستا لە دەستیان داوە.  بەڵام  بەشێک لە چاودێران لێدوان و سەردانی سۆیلۆ لەو کاتەدا  بۆ شرناخ لە باکووری کوردستان و عەفرینی داگیرکراو لە رۆژئاوای کوردستان،  وەک وەلامێکیش لێکدەدرێتەوە بۆ هەریەک لە کۆنگرسی ئەمەریکا و کۆشکی ئەلیزا.

 کە یەکەمیان دانیشتنی تایبەتی ئەنجام داوە سەبارەت بە مەترسیەکانی تورکیا لە رۆژئاوای کوردستان و دووەمیش پێشوازی کرد لە شاندێکی باڵای مەسەد بە سەرۆکایەتی ئیلهام ئەحمەد و شاندی یاوەری.

شایانی باسە لە دانیشتنی کۆنگرسی ئەمەریکا کە گوێگرتن بوو لە ڤیکتۆریا نۆلاندی یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ولاتەکەیان لە لەیەن سەرۆکی لیژنەی پەیوەندیەکانی کۆنگرس پرسێکی گرنگ وروژێندراوە کاتێک باس لەوە کراوە کە تورکیا ئەوەندەی رووبەری ولاتێکی وەک لوبنان  خاکی سوریای لە رۆژئاوی کوردستان داگیرکردووە،  کە ئەمەشیان بە ڕای کۆنگرسی ئەمەریکا بە مەترسی لەسەر پەیوەنیەکانی ئەمەریکا و تورکیا هەژمار دەکرێت.

 بۆیە دەکرێت بەرپرسانی عێراق کە لەچەند رۆژی داهاتوو شاندێکیان بە سەرۆکایەتی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیران، کە  وەزیری دەرەوەی عێراق یاوەری دەکات، نوێنەرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ دایە دەچنە واشنتۆن، پێویست دەکات ئەو بابەتە لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکا باس بکەن، تا بە هاوکاری ئەوان سنورێک بۆ داگیرکاری دەوڵەتی تورکیا دابندرێ.

داوا جار دەڵێین لیدوانەکانی سۆیلۆ (بەپێ دەچینە عێراق و سوریا) ئەگەر بێ وەڵام بمێنێتەوە، کاردانەوەی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی لینەکەوێتەوە، ئەوا چوونە ژێر باری ئەو سیاسەتەی تورکیایە کە ئەجێندایەکی مەترسیداری لە پشتە، چونکە ئەگەر جاران سوپای تورکیا بە زریپۆشەکانی داهاتە ئەو ناوچانە و ڕێکەوتنامە ئەمنیەکانی نێوان تورکیا - عێراقی دەقۆستەوە، ئەوا  ئیستا بە پێ دێتە ئەو ناوچانە وەک ئەوەی فەرشی سوور بۆ سۆیلۆ ڕاخرابێت! 



22/07/2021



وتارەکانی تری نوسەر