چۆن رێگا لە کێماسیەکانی دەنگدانی تایبەت بگیرێت

هیوا سه‌ید سه‌لیم
دەنگدانی تایبەت، بریتیە لە پڕۆسەی دەنگدانی پێشوەختەی بەشێک لە هێزەکانی ناوخۆ و سوپا و پێشمەرگە و ئێشکگرانی نەخۆشخانەکان و سزادراوانی زیندانەکان هەروەها ئاوارەی نیشتەجێی کەمپەکان. 

لەسەر ئاستی عێراق ژمارەی ئەو کەسانەی لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەران دەنگ دەدەن، ژمارەیان لە ملیۆن و نیوێک دەنگدەر تێدەپەڕێت، سەرجەم  ئەوانە ٤٨ کاژمێر بەر لە دەنگدانی گشتی دەنگ دەدەن.

شایانی باسە، لە زۆربەی وڵاتان سوپا بەشێک نیە لە پڕۆسەی سیاسی، تەنانەت لە هەندێک وڵات سوپا مافی دەنگدانی نیە، بەڵام لە عێراق و هەرێمی کوردستان پڕۆسەی دەنگدانی تایبەت دەقۆزرێتەوە بۆ تەزویرکردن و یاریکردن بە ئەنجامەکانی دەنگدان لە قازانجی حزبە دەسەڵاتدارەکان، لە نێو حزبەکانیش بۆ ئەو کاندیدانەی کە حزب دەیەوێت سەرکەوێت لە هەڵبژاردنەکان.

بەر لەوەی بێین باس لە شێوازەکانی ئەو تەزویرە بکەین کە لە خولەکانی رابردووی هەڵبژاردنەکانی عێراق و هەرێم لە کاتی دەنگدانی تایبەت ئەنجام دراون،  بابێین بزانین کێن ئەوانەی پشکی شێری دەنگدانی تایبەت دەیانگرێتەوە؟

هێزەکانی ناوخۆ و سوپا و پێشمەرگە تا ئەو هەڵبژاردنەش بریتین لە ئەندامانی حزبە دەسەڵاتدارەکان، لە نێو کارمەندانی تەندرووستیش ئەوانە لە دەنگدانی تایبەت ناویان دێتەوە کە وەک ئەوانی دیکە ئەندامی گوێ لە مستی حزبە دەسەڵاتدارەکانن، تەنانەت ئاوارەی کەمپەکانیش کراونەتە بەشیک لەو یاریە نا دیموکراسیە.

لە خوولەکانی رابردوو چەندین جۆر تەزویر لە پڕۆسەی دەنگدانی تایبەت دەکرا، ئومێد دەکەین لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەران تۆزێک لەو تەزویرە کەم کرابێتەوە.

بۆ نموونە لە هەڵبژاردنەکانی رابردوودا زۆربەی ئەوانەی لە پڕۆسەی دەنگدانی تایبەت دەنگیان دەدا، جارێکی دیکە لە دەنگدانی گشتی ناویان دەهاتەوە، هەروەها رێگریان لێنەدەکرا کە بۆ جاری دووەم دەنگ بدەنەوە، بۆیە زۆربەیان دووبارە و چەند بارە دەنگیان پێدەدرا.
لێرەدا دەتوانین بڵێین لە پڕۆسەکانی هەڵبژاردنی رابردوودا بە هیچ پێوەرێک دەنگدانی تایبەت پڕۆسەیەکی دیموکراسیانە نەبووە،  چونکە دەنگدەر لە ژێر فشار و چاوسوورکردنەوە دەنگی داوە.  بۆ ئەم مەبەستە هێزەکانی ناوخۆ و پێشمەرگە ئاڕاستە دەکران دەنگ بۆ کام حزب و کام کاندید بدەن، کە بۆ ئەمەشیان رێوشوێنی نا دیموکراسیانە گیراوتە بەر، لە وێنەگرتنی دەنگدەری تایبەت لە کاتی دەنگدان، هاوەڵی کردنی دەنگدەر لە لایەن برپرسەکانیان بە بیانووی ئەوەی کەسی دەنگدەر نەخوێندەوارە.

لە یەکێک لە هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان ئەفسەرێک گێرایەوە ووتی: 

" پێیان ووتم کە چوویتە ژووری دەنگدان دەبێت بڵێی نەخوێندەوارم، ئەوە پێشمەرگەیەی لەگەڵم دێتە ژوورەوە برای منە، کەچی نە نەخوێندەوار بووم، نە ئەو کەسەش برام بوو، بگرە گومانیان لێم هەبوو کە دەنگیان پێ نادەم بۆیە بەو شێوەیە دەنگیان پێدام"
دیوێکی دیکەی تەزویری ناو پڕۆسەی دەنگدانی تایبەت بریتیە لە تەزویری رێکخراو، ئەویش بریتیە لەو تەزویرەی کە بە یاسایی کراوە، بە پێی یاساکانی هەڵبژاردن دەنگدەر لە دەنگدانی تایبەت بۆی هەیە دەنگ بە کاندیدی کۆتایی پێکهاتەکان بدات، ئەمەشیان دەستوەردانە لە دەنگدانی ئەو پێکهاتانەی کە بە پێی یاسای هەڵبژاردن دەبێت کاندیدیان لە رێگای کۆتاوە بگاتە پەرلەمان. 

بۆ ئەوەی دەنگی کۆتاکان یاری پێبکرێت دەنگدەری دەنگدانی تایبەت ناچار و ئاڕاستە دەکرێت کە دەنگ بە تورکمانێک یان ئاشوریەکی سەر بە دەسەڵات بدات.

ئەگەرچی لە هەڵبژاردنی ئێستای ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، باس لەوە دەکرێت کە رێگری کراوە لەوەی ئەو کەسانەی لە لە دەنگدانی تایبەت دەنگ دەدەن،  بۆیان نەبێت لە دەنگدانی گشتی دووبارە دەنگ بدەنەوە.

بەڵام باشترین رێگا بۆ رێگریکردن لە ئەو تەزویرەی هێزە دەسەلاتدارەکان کە لە پڕۆسەی دەنگدانی تایبەت دەیکەنبریتیە لە گرتنەبەری ڕێوشوێنی تازە لە پڕۆسەی دەنگدانی تایبەت، لە هەمورکردنەوەی ئەو بڕگەیەی پەیوەندی بە کۆتاکانەوە هەیە، چڕکردنەوەی چاودێری نێودەوڵەتی لە رۆژی دەنگدانی تایبەت، تا دەنگدەر ئازادبێت لە دەنگدان و هەموو جۆرە فشاریکی لەسەر هەڵبگیرێت، تا دەگاتە ئەوەی هەر یەکجاری دەنگدانی تایبەت نەمێنێت.  

ئەوە نەکرێت هەمیشە دەنگدانی تایبەت دەقۆزرێتەوە بۆ یاریکردن بە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن و دەروازەیەکیش دەبێت بۆ دزی و گزی لە دەنگی دەنگدەری تایبەت لە بەرژەوەندی هێزە دەسەڵاتدارەکان. 

08/10/2021



وتارەکانی تری نوسەر