لەوەتەی کۆچ هەیە کۆچمان پێدەکەن

هیوا سه‌ید سه‌لیم
لە بەرەبەیانی مێژووەوە،کورد کۆچی پێدەکرێت، زۆربەی جاریش کۆچەکان کۆچێکی ئارەزوومەندانە نەبووە بگرە کۆچی ناچاری بووە.

پێش هاتنی ئیسلام ئیمبڕاتۆریەتە گەورەکان شەڕەکانی خۆیان هێناوەتە سەر خاکی کوردستان، کورد بۆ ئەوەی نەبێتە قوربانی شەڕی ئەوان، بە ناچاری کۆچیکردووە، دواتر ئیسلام هاتوو بە ناوی فتۆحات دیسان لە ناوچەیەکی بەرفراوانی کوردستان خاکمان داگیرکراوە، بۆیە خەڵکەکەی لەو شوێنانە ناچاری کۆچ پێکردن کراون.

لە مێژووی سەردەمی مۆدرێنتەوە، و دامەزراندنی دەوڵەت نەتەوەشدا، پشکی کورد هەر بریتی بووە لە دابەش و داگیرکردنی خاکەکەی، هەمدیسان کورد لە زێدی خۆی دەربەدرکراوە، یان ناچارکراوە لە دەوڵەتی فارس و تورک و عەرەب بە هاولاتی پلە دوو سێ ڕازی بێت. کاتێکیش بەشێکی نەچوونە ژێرباری ئەو بارە دیسان کۆچی کردووە.

لە سەردەمی نوێشماندا، کارەساتی تعریب و ئەنفال و کیمیاباران و کۆڕەو و بەم دواییەش مەترسی داعش، ئەمانە هەموویان بە دەوری خۆیان هۆکاربوونە کە کورد لە زێدی خۆی هەڵقەندرێت و ناچاری کۆچکرد بکرێت.

ئەگەر ئەوانە غەدری مێژووی و سیاسەتی دووژمنان و داگیرکەران بن دژ گەلی کوردستان، وە زۆر جاریش بێ دەوڵەتی کوردان کوردی ناچاری کۆچکردن کردبێت. دەپرسین ئەی بۆچی لەسەردمەی حوکمی کوردی کۆچی کوردان هەر بەردەوامە ؟ وەک چۆن شاعیری مەزنی کورد شێرکۆ بێکەس دەفەرمووێت" لەوەتەی کۆچ هەیە کۆچ دەکەم."

ئەگەر بە داتا و ژمارە بچینە سەر دیاردەی کۆچی کوردان، ئەوا دەگەینە سەر ئەو ڕاستیەیی کە ژمارەی ئەو کوردانەی لەسەردەمی دەسەڵاتی خۆماڵی لە ساڵی ١٩٩١ تا ئێستا کۆچیان کردووە، هیچی کەمتر نیە لە ژمارەی ئەو کوردانەی لە سەردەمی حوکمی ٣٠ ساڵەی بەعس لە باشووری کوردسان بەرەوە هەندەران سەری خۆیان هەڵگرتووە، بگرە زیاترە کەمتر نیە.

لە ئێستاشادا کە تەوژمی کۆچی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان لە زیادبووندایە، پێویست دەکات هەڵوەستەیەکی جدی لەسەر ئەو دیاردە مەترسیدارە بکەین.

لە هۆکارەکانی کۆچ بکۆڵێنەوە، قامک بۆ لایەنی کەمتەرخەم درێژ بکەین، چونکە دیاردەی کۆچ لە ئێستادا بۆتە هۆکاری گیان لەدەستدانی چەندین هاوڵاتی لە دەریاکان و دارستانەکانی نێوان وڵاتان، هەروەها لەبەریەک هەڵوەشاندنەوەی بە سەدان خێزانی کوردی.

شایانی باسە دیمەنەکانی مەرگەساتی ئەم دواییەی ئەو خێزانە کوردانەی کە لە جەنگەڵستانەکانی نێوان (بیلۆروسیا، پۆڵەندا، لیتوانیا) گیریان خواردووە، دیمەنی یەکجار تڕاژیدین، ئەو دیمەنانە ئەوەمان پێدەڵێن کە ئەگەر هاوڵاتی کورد لە هەرێمی کوردستان ژیانێکی تۆزێک باشی هەبێت ناچار نابێت ڕێگای هات و نەهات بگرێتە بەر، وە بە شێوە تڕاژیدیە کۆچ بکات.

هەموو لایەک دەزانین، کۆچی ئەو جارەی کوردان ڕاکردنە لە بێکاری، نادادی، گەندەڵی و بە دەیان دیاردەی دیکە، کە بوونەتە هۆکاری ئەوەی چین و توێژەکانی کۆمەڵگا دڵیان بە مانەوە لە زێدی خۆیان خۆش نەبێت و کۆچ بکەن.

ئەگەر بە ووردی هەڵوەستەیەک لەسەر دیاردەی ئەم جارەی کۆچ بکەین دەبینین ئەوانەی زیاتر کۆچ دەکەن بریتین لە توێژی گەنجان، لە نێو ئەو گەنجانەشدا زۆرینەیان ئەوانەن کە خوێندنی کۆلیژ و پەیمانگەیان تەواو کردووە، لێرە لە لایەن دەسەڵاتدارانی هەرێم هێچ دەرفەتێک بۆ کارکردنیان ناڕەخسێت.

راپۆرتی ریکخراوێک کە کاری لەسەر دیاردەی بێکاری گەنجان کردووە دەنووسێت، لە ساڵی ٢٠١٤ تا ئێستا ژمارەی ئەو گەنجانەی خوێندنیان تەواو کردووە و دانەمەزراون گەیشتۆتە زیاتر لە ٣٠٠ هەزار کەس. ئەو ژمارەیە نەک هەر لە کەرت گشتی دانەمەزراون، بگرە لە کەرتی تایبەتیش وەک پێویست هەلی کارکردنیان بۆ نەڕەخساوە.

شایانی باسە، جگە لە هۆکاری بێکاری، گەنجی کورد دەبینێت لەو هەرێمە پارەیەکی زۆر دەچێتە گیرفانی بنەماڵە دەسەلاتدارەکان، کوڕ و کچانی ئەوان پاشایانە دەژین، هەروەها نادادی کۆمەڵگای کوردستانی بۆسەر دوو چینی یەکجار دوور لەیەک دابەشکردووە، چینێک خۆش دەژیت و چینێک مەمرە مەژی ژیان دەکات.

لە بەرامبەر دیاردەی کۆچکردنەدان دەسەڵاتدارانی کوردستان خەمساردانە مامەڵە لەگەڵ ئەو دیاردەیە دەکەن، بۆ نموونە لە جیاتی ئەوەی بێن هۆکارەکانی کۆچکردن کەم بکەنەوە، دێن داوا لە باڵوێزی ئەو ولاتانە دەکەن کە خەڵک بۆ کۆچی هەندەران پەنایان بۆ دەبات ڕێوشوێنی توند دژ بە کۆچبەران بگرنە بەر.

دوا جار بە بەرپرسانی ئەو هەرێمە دەڵێین،ئەگەر دەتانەوێت خەڵک کۆچ نەکات، وەرن دەست لەو هەموو گەندەڵی و نادادیە هەڵگرن.

06/11/2021



وتارەکانی تری نوسەر