ئەوان لە کۆچیشدا جیاوازن

هیوا سه‌ید سه‌لیم
پرسی کۆچی بە لێشاوی هاوڵاتیان بۆ هەنەدران، ئێستا بابەتی رۆژەڤی میدیا و ڕای گشتی جیهانییە، ئەو دیاردەیە جیهانی بە خۆی سەرقاڵکردووە، بەشێوەیەک کە ئەو وڵاتانەی لێشاوی کۆچبەرانی نایاسایی ڕوویان تێکردووە، خەریکی توندوتۆڵکردنی سنوورەکانیانن، تا ڕێگری بکەن لەو لێشاوە بەر فراوانەی کۆچی هاولاتیان.

شایانی باسە کۆچی ئەو جارەی هاولاتیانی کوردستان سەرجەم چین و توێژەکانی گرتۆتەوە، لە هەژار و زەنگینەوە بگرە، تا دەسەڵات و بێ دەسەڵات، لەخیزانێکی ئاسایی تا خیزانی بەرپرسان.

بەڵام ئەوەی کە جیاوازە ئەوەیە زۆرینە  لێی لە هەڵادەدرێت وکەمینەیەکیش بە بێ دەنگی ژیانی بەهەشت ئاسای ئەوروپای بە زەبری پارە بۆ مسۆگەر دەکرێت.

وەک چؤن دەبینین لە بەرامبەر لێشاوی کۆچبەران، حکومەتی هەرێم و دەزگا فەرمیەکان دێنەدەنگ، هەروەها جۆرەها  تۆمەت ئاڕاستەی ئەوانە دەکەن کە بەشێک بوون لەو کۆچە بەرفراوانەی ئەم دواییە.

گوایە ئەوانە بۆ ئەوە کۆچ دەکەن تا ناوبانگی هەرێمی کوردستان ناشیرین بکەن، بەرپرسانی هەرێم دەڵێن "ئەو خەلکەی کۆچ دەکات لێرە بێ کار نەبوونە بگرە خەڵکانێکن هەڵخەڵەتێنراون لە لایەن قاچاخچیەکان"

ئەوەی کە زۆر جێگای سەرسوڕمانە ئەوەیە بەرپرسانی هەرێم باس لە کۆچێکی دیکەی شاراوە ناکەن، ئەویش کۆچی کەسە نزیک و خواپێداوەکانی نزیک لە خۆیان و کەسانت سەر بە دەسەڵاتە بۆ هەندەران، ئەویش لە رێگای کرینی موڵکی گران بەهاکان لە دورگەکانی کاریبی و دۆمینکا و ئیتاڵیا... هتد.

شایانی باسە ئامارەکان باس لەوە دەکەن کە تەنیا لەم دوو ساڵەی دوایی لە هەرێمی کوردستان 5000  خێزان رەگەزنامەی وڵاتی دۆمینیکایان کڕیوە، تا بتوانن ببنە خاوەنی رەگەزنامەی ئەوروپی، چونکە  دۆمینیکا ئەندامە لە یەکێتی ئەوروپا. ئەو خێزانانەی ئەویان بۆ ڕەخساوە  زۆربەیان لە کەسە نزیکەکانی بەرپرسانی هەرێمی کوردستانن، چونکە هەر ئەوان دەتوانن بە هەزاران دۆلار بۆ ئەو کارە بدەن.

ئەوەیە وەک دەوترێت (بانێکە و دوو هەوایە)، بۆ ئەوان ئاساییە بە پارەی دزراوی خەڵک خۆیان و کەسوکاریان کۆچ بکەن، رەگەزنامەی ئەوروپی لە تەنگەی گیرفانیان بنێن، بەڵام کەسانێک کە بە هۆکاری نادادی ئەوان سەری خۆی هەڵدەگرێت، دەبێت تۆمەتی ئاڕاستە بکرێت، گوایە ئەوان بەو کۆچەیان دەچن ناوبانگی هەرێمی کوردستان ناشیرین دەکەن!!

شایانی باسە دەمێکە هەرێمی کوردستان دابەشبووە بەسەر دوو چینی زۆر جیاواز، چینێکی زۆرینەی خەڵکە،  کە بە هەزار دەردەرسەری ژیان دەکات، چینی دووەمی کە کەمینەیە، بریتیە لە چینە دەستڕۆیشتوەکەی هەرێمی کوردستان، ئەوان  ژیانی پاشایانە دەژین، لە ساڵانی رابردووش ئەوان دەبوو بۆ سەر ئێشەیەک روو لە نەخۆشخانە گرانبەهاکانی ئەوروپا بکەن، منداڵی ئەوان دەبێت لە هەر بۆنەیەک بچنە پایتەختە ناودارەکانی جیهان.

بۆیە وا جارێکی دیکە لە کۆچ و سەرهەلگرتنیش ئەو جیاوازیە چینایەتیە بە زەقی دیارە، ئەوان بە زەبری پارە خۆیان لە زۆرینە جیاکردەوە، خەڵکی دیکەشمان بینی لە نێوانی بیلارووسیا و پۆڵەندا چی بەسەرهات؟

ئەنجامەکەشی ئەوەیە، کۆچی ئەوان مسۆگەرکردنی ژیانی شایستەیە بۆ خۆیان و کەسوکاریان، بەڵام کۆچی خەڵکی بریتیە لە پرۆسەیەک کە خەلکانێک هەڵی خەڵەتاندوون کە ناوی قاچاغچیە.

بەڵام کەس نیە پێمان بڵێت ئەو دەستە کێیە کە کەسە نزیکەکانی ئێوەی هەڵخەڵەتاندووە تا بچن ئەو پارە نازدارە لە کڕینی دورگەکانی ئەوروپا خەرج بکەن؟

دوا جار دەڵێین هۆکارەکانی کۆچی هاوڵاتیانی کوردستان بریتیە لە ترس لە ئێستا و ئایندە، بریتیە لە پرۆتستۆکردنی سیستەمی حوکـمڕانی و سیاسی و ئابووری کوردستان، کە کەمینەیەکی سەر بە دەسەڵات لێی بەرپرسە. وەرن چارەسەری ئەو کێماسیانە بکەن ئەگینا کۆچ هەر بەردەوام دەبێت، ئێوە بەڕێگا ئاسانەکەی خۆتان و خەڵکیش بەو دەرەسەریەی کە هەموو لایەک دەیبینن.


20/11/2021



وتارەکانی تری نوسەر