چیرۆكەكانی نیشتمان

چیا عەباس
لەم سەردەمەدا خەونەکانی هاوڵاتیان گەر نەمابن بێگومان کاڵبونەتەوە، کاتێک مرۆڤ پێشوەخت بزانێت ئەوانەی رودەدەن و چۆن دەبن مەینەتی وخەمەکانی نارەوێننەوە ئیترخەونەکانی بە ئاسۆی ئۆمێد و چاوەروانیەکان نامۆ دەبن.  
هاوڵاتی لەم دۆخەدا و لە غیابی بەرەیەکی ئۆپزسیۆنی تۆکمەی رەسەن نازانێت بەچی و لە کوێەوە دەست پێبکات، تیرەکانی ناخی بریندار و تورە و هەڵچو ئاراستەی کێ و چی بکات، بە چ مەنتیق و شێوازێک مامەڵە لە گەڵ مێژویەک بکات کە گۆشی کردوە، وانەکانی یاخیبونی فێرکردوە، ناخ و هەناوی بە خۆشەویستی خاک و نەتەوە ئومێدبەخش و رەنگین کردون، چۆن سەدان هەزار رۆلە ژیانیان بەو یاخیبون و خۆشەویستیە بەخشی، لەو مێژوەشدا بە توندی دەستی بە پرشنگی گزنگەکانی هیوا و ئاوات وخەونە جوانەکانەوە گرتبو. 
کاتێک ئەو بەشەی مێژومان تێپەراند و ئاسۆی خەونەکان رۆشن دەبون و قۆناغێکی  نوێ هات، کتوپر لێوان لێو کرا بە بێئومێدی و ستەم و چاوچنۆکی و خۆپەرستی و گەندەڵی و بێ ئەمەکی و درۆ و دەلەسە. 
سەیرە لە ساتێکی هەستیاری وەرچەرخاندندا هەمان مرۆڤ ببێتە ئاوێنەی دو چیرۆکی زۆر نامۆ و جیاواز و دژ بە یەکتر، لە بەرگریکەر و پارێزەری خاک و نەتەوە و ماڵ و موڵک و شەرەف ببێتە خۆپەرست و تاڵانکەر و پەلاماردەر، لە جەنگاوەر بۆ ئازادی و مافەکان ببێتە ستەمکار و پێشێلکەری یاسا و رێساکانی ئەرز و ئاسمان، لە سیمبۆڵی شانازی و سەربەرزیەوە ببێتە مایەی شەرمەزاری و عەیبە. 
ئەوەی مایەی سەرسورمان و هەڵوەستەکردنە لە سایەی لادانی نەوەی دێرین و  کۆیلایەتی حزبی" دیموکراسی و شارستانی دەستەمۆکراو"  بۆشاییەکی سیاسی خەسێنەر سەریهەڵدا، لەو بۆشاییەدا بەشێک لە نوێکان بە هزری سیاسی و مێژویی ناجێگیرەوە وەک قارچکی بەهاران هەڵتۆقین، خۆیان وەک سرینەوەری مێژو و هیوای ئایندە عەرزدەکرد و دەیکەن، خۆشیان خزاندە نێو جومگەکانی حزب و دەسەڵات و گۆرەپانەکانی بازرگانی و رۆشنبیری و کۆمەڵایەتیەوە، لاف و گەزافی کوردایەتی بە ژمارەکان و دەستەواژەکانی دیموکراسی وعێراقچیەتی ( وەک دایکی چارەی قەیرانەکان) و ژێربەژێریش بە ختوکەدانی دەسەڵات بە قوربانیانی دەسەڵاتەکە دەفرۆشنەوە.   
بێگومان نەوە نوێکان ئایندەی نیئشتمان و نەتەوەن، بەڵام ناشێت هەڵوەستەی جدی و ورد لە زەمینەی مێژویی و کۆمەڵایەتی و سیاسی بەشە چەواشەکاری ئەم هەڵتۆقاوانە نەکرێت.
لەم نوسینەدا راشکاوانە باسی نەوەی نوێ دەکەم، ئاراستەیەکی سیاسی تەم و مژاوی ناجێگیر و پۆپۆلیست و ناسنامەی رێکخراوەیی نەزانراو دەخوێنرێتەوە، بە قسە و دروشمیش هەزار بەهار دەهێننە سەر چٶکان.
بۆ خۆم و هاورێکانم لە رەوتی ئایندەی نیشتمان چەند جارێک دانیشتن و قسە و باسمان لە گەڵ سەرکردەی ئەم بزوتنەوەیە کردوە، ئاڵوگۆری بۆچون و چاوەروانیەکانمان کردوە، هیچکات نەگەیشتونەیتە ئاکامی کۆنکرێتی هاوبەش، پرسەکان لە تەم و لێڵیدا گیرسابونەوە. پاش دابەشکردنی بەنزینی هەرزان و پینە و پەرۆکردنی رێگا و بان و پرد، کە هیچیان چارەی بنەرەتی کێشەکان نین و وەک ئارایشتەکردنێکی سیاسی کاتی هەمە لایەنە بەرچاو کەوتن، پرسیارمان دەربارەی هاندەر و مەبەستەکانی پشت ئەم کردارە پۆپۆلیستە ناو بەناوانە لا دروستبو.  
بۆ خۆم بەرپرسی ئەم نەوەیەم لە رێگای کاک نەوشیروان ەوە ناسیوە، تایبەت لە مەجلیسەکانی رۆژانی هەینی کاک نەوشیروان، کە بۆ زۆر کەس کراوە بون.
کاک نەوشیروان بە گەڵێک هۆکارەوە بایەخی بەو کاراکتەرە دەدا و لە مەجلیسەکانیدا پێگەی تایبەتی پێدەبەخشی. 
جارێک کە بەتەنها بوین لە کاک نەوشیروانم پرسی پێم ناڵێیت بۆ وا بایەخی تایبەت بە شاسوار دەدەیت لە کاتێکدا لە چەندین مەجلیسەکانی تۆدا گوێم لە یەک قسە و باسی نەبوە، لە وەڵامدا گوتی چونکە ئەو نەتقی زۆر کەمە.
ئەوسات لەم مەتەڵە تێنەگەیشتم و پێشم جوان نەبو پرسیاری زیاتری لێ بکەم، بەڵام هەر خولیای وەڵامی ئەو پرسیارە بوم. 
چەند مانگێک پێش وەفاتی کاک نەوشیروان لە لەندەن لای بوم، رۆژانە لە گەڵیدا شەن و کەوی مێژ و روداەکانمان دەکرد، تایبەت بەوردی باسی نەوە نوێکانی ناو گۆڕانی دەکرد و چۆن هەندێکیان سپڵە و بێ کەڵک دەرچون، لەو ساتانەدا بە فرسەتم زانی پرسیارە دێرینەکەی ساڵانی پێشوتری لێ بکەمەوە، لە وەڵامدا ئەمجارە بە تۆنێکی یەکلاکەرەو گوتی:  واز لە شاسوار بهێنن ئەو زاتە هاریکاری باشی گۆڕانی کردوە، برۆ لە هاورێکەت ...... بپرسە بزانە چی بۆ ئێمە کردوە! لێرەدا وەستام و کۆتاییم بە باسکردنی ئەو بابەتە هێنا، تێگەیشتم لە رۆژانی تەنگانەدا شاسواری جاران یارمەتی گۆڕانی داوە، باشتر بڵیم بۆ خاتری کاک نەوشیروان ئەوەی کردوە، چونکە رێزێکی تایبەتی زۆری بۆ هەبو. 
دوای وەفاتی کاک نەوشیروان و لەرزۆکی و لاوازی سەرکردایەتی گۆڕان شاسوار هەڵەکەی قۆستەوە و ئەو متمانەیەی لای چەن هەڵسوراوێکی گۆڕان هەڵچنیبو کردیە سەرمایەی بنەرەتی بۆ بزوتنەوەکەی و بەو مەبەستەی نەوەی نوێ ببێتە جێگرەوەی گۆڕان وەک هێزێکی ئۆپزسیۆن. دەیان هەڵسوراوی گۆڕانی بەلای خۆیدا برد و دەزگا راگەیاندنە زەبەلاحەکەشی خستە خزمەتی ئەو پرۆسەیەوە.
لە واقیعدا ئەمریکا و بەریتانیا لە شێوازی ئۆپزسیۆنکردنی گۆڕان، تایبەت کاک نەوشیروان، دڵگران بون، چونکە مەترسیان لە ئەگەری تەقینەوەی دۆخی هەرێم هەبو بە هاندانی گۆڕان کە لە رودانیدا سەرتاپای ستراتیژی ئەمریکای لە عێراق 
( پاراستنی یەکپارچەیی و سەروەری عێراق) تێکدەدا. نهێنی نیە کە کاک نەوشیروان پەیوەندیەکی گرژی لە گەڵ نوێنەرەکانی ئەمریکا لە عێراق و کوردستان هەبو، تایبەت لە گەڵ باڵێۆزی ئەمریکا لە بەغدا و برێت مکگۆرکی نوێنەری ئەو وڵاتە بۆ پرسی شەری داعش.
دوای وەفاتی کاک نەوشیروان ئەمریکا هەوڵێکی جدی دا روخسارێکی گەنجی نوێ جڵەوی بزوتنەوەی گۆڕان بگرێتە دەست، بەڵام سەرکردە موخەزرەمەکانی گۆران و چەند بەرپرسێکی هێزەکانی تریش بەرامبەر بەو هەوڵە وەستانەوە، بۆیە فۆکەسی سەرەکی خرایە سەر شاسوار عبدالواحد کە پەیوەندی لە گەڵ چەند کەسایەتیەکی سیاسی ئەمریکا هەبو و ژێربەژێر پشتیوانیان دەکرد، پارتیش بەم هەوڵانە نیگەران نەبو چونکە بونی هێزێکی ئۆپزسیۆنی پۆپیلیست و نزیک لە ئەمریکا و بێ رەگ و ریشەی توند و تۆکمەی سیاسی مێژویی لە قازانجیدا دەبێت.
دوای دوا هەڵبژاردنەکان بۆ پەرلەمانی عێراق سەلمێندرا شاسوار عبدالواحدی ئەم سەردەمە سەرکەوتوانە پێگەی بزوتنەوەکەی بەهێزتر و کاریگەرتر کردوە و شایستەی دەستخۆشیکردن بو، بۆ زیاتر تێگەیشتن و ناسینی شاسوار و نەوە نوێکەی بەردەوام بەدوای لێدوان و کٶر و کارەکانیدا دەچوم.
نزیکەی سێ مانگ لەمەوبەر دەرفەتێک رەخسا بە تەلەفۆن تێر و تەسەل ئاڵوگۆری بۆچونەکان بکەین. پاش پیرۆزباییکردن لێی پێم گوت: کاک شاسوار لەم ساتەدا رەوتی ئایندەی نیشتمان نزمترین ئاستی چاوەروانی لە ژیانی پەرلەمانی لە کوردستان و بەغدا دەکات و لەو باوەرەشداین دەسەڵاتی بەغدا و هەرێم پێیان خۆشە ئەو نیوە چڵە دیموکراسیەی بەکاری دەهێنن بە بونی ئۆپزسیۆنی لاواز و پەرتەوازە ئارایشتە بکرێت. سەرکردەی نەوەی نوێ بەم قسانە دڵگران بو و بە دور و درێژی باسی خاڵە ئەرێنەکانی ژیانی پەرڵەمانی لە وڵات کرد، لە کۆتاییدا بە باشمان زانی رەوتی ئایندە پێشنیازی پرۆژەیەک بۆ کاری هاوبەش ئامادە بکات.
لە باسکردنی ئەم تەوەرە لە ناو رەوتی ئایندەدا هاورێیەک زۆر ژیرانە و ورد گوتی با چاوەروان بین تا بزانین نەوەی نوێ لە هەڵبژاردن بۆ سەرۆک کۆمار چ هەلوێستێکی دەبێت، ئەوان بەپاساوی جیاجیا کاندیدێکیان بۆ سەرۆک کۆمار ئامادەکردوە کە پێدەچیت بەم هەنگاوە هەوڵ بدەن نیسابی یاسایی تەواو بکەن.
ئەو هاورێیە زۆر باش شتەکانی پێکا و رەوتی ئایندەش تێگەیشت ناکرێت دەستەکانی داغان بکرێن.
لە کۆتاییدا چەند کۆڵەکەیەکی بنەرەتی هێزی نەوەی نوێن:
- پارە و سەروەتی شاسوار عبدالواحد.
- تۆرێکی راگەیاندنی بەهێز.
- خانەوادەکەی.
- پشتگیری دەرەکی و چاوپۆشینی ناوخۆیی.

چاوەروان بین بزانین ئەم نەوەیە بەرەو کوێ و چی دەروات

 


زنجیرەیەک چیرۆک لە ئێستاوە دەست پێدەکەم و هەنگاو بە هەنگاو دەگەرێمەوە بۆ رابوردوی دور و نزیک.

30/03/2022



وتارەکانی تری نوسەر