بازرگانیکردن بە نەوشیروان مستەفا

چیا عەباس
نمونە زۆرەکانی مێژو دەیسەلمێنن کە بەشێک لە کەسایەتی و کەس و کار و دۆست و هێزە نزیک و ناحەزەکانی سەرکردە ناودارەکان تایبەت دوای نەمانیان بۆ مەبەستە تایبەتیەکانیان بەکاریان دەهێنن.

چەند هاوکاری دێرینی کاک نەوشیروان لە یەکەم چرکەی دوای وەفاتی بەپاساوی جیاجیا هەوڵیان دا لە پێگەی کەم بکەنەوە، وەک نیەتی سازدانی مەراسیمێکی نیمچە شاردراو و بچوکی ناشتنی، گومان دروستکردن لە وەسیەتنامە و خواستەکانی، دواتریش دورخستنەوە و دەرکردنی دۆستە نزیکەکانی دامەزرێنەری گۆران لە بزوتنەوەکە، تەنانەت لە ساتەکانی دانوستان بۆ بەشداری گۆران لە کابینەکەی مەسرور بارزانی بێدەنگی لە سکاڵای تۆمارکراوی پارتی لەسەر کاک نەوشیروان بە پێی یاسای بەناو دژە تێرۆر، یاسایەک چەند هاوکارێکی نزیک لێی رۆڵیان لە درێژکردنەوەیدا هەبو، گشت ئەمانە بێجگە لە هەوڵەکانی دەستەیەکی خۆپەرست و بێ وەفا بۆ لەکەدارکردنی مێژو و ناو و ناوبانگی کاک نەوشیروان هیچی تر نەبو. هەرچەندە ئەم کەسانە لە سەرچاوەی فکری و سیاسی جیاوازەوە هاتبون، بەڵام مەبەستیان بو بە بەردێک دو نیشان بپێکن، کەمکردنەوە لە مێژو و ناوی و بەمەش بە ناراستەوخۆ کار بۆ تۆڵەکردنەوەیەکی مێژویی کە بەشێکی لە ناو یەکێتیدا رەگ و ریشەکانی داکوترا بون.

ناحەزە سەرسەختەکانی کاک نەوشیروان لە دەرەوەی گۆڕان دوای وەفاتی زۆر سودیان لەم رەفتارە بازرگانیکردن ئاسایەی دەوروبەری کردوە، کەچی ئەو ناحەزانە بۆ خۆشیان دوای وەفاتی بە یەک وشە و نقە باسی کاک نەوشیروان یان نەکردوە. بەشێک لە دۆست و هاوکارەکانی نەوشیروان مستەفا ئارەزومەندانە قایڵ بون وەک مقاشی ناو ئاگردان بەکاربهێنرێن لە بەرامبەر دابینکردنی بەرژەوەندیەکانی خۆیان و دەور و بەریان، تێشیاندایە تا ئەم چرکەیەش لە پێگەی پوچەڵی فەرمانرەواییدا بێشەرم خزمەتی نەیارانی کاک نەوشیروان دەکەن. 

ئەم تاقمە لە هاوکارەکانی کاک نەوشیروان بازرگانیان بە ناو و مێژویەوە کردوە، زۆر جار بینیومانە لە بۆنە تایبەتەکاندا وەک یوداسی ئەپۆستۆڵۆی مەسیح پەنجەی شایەتمان بەرز دەکەنەوە و فاتحەی ساختەکاری لەسەر مەزاری کاک نەوشیروان دادەن. کورد وتەنی مرۆڤ دۆستی وای هەبێت دوژمنی بۆچیە!

ئەمە کۆتایی بازرگانیکردن نیە بە کاک نەوشیروان، دێمە سەر دۆست و کەسایەتیە نزیکەکان لێی، بە کورەکانیشیەوە، ئەوانەی نزیک دوای پێنج ساڵ لە وەفاتی زۆر سپڵە و بێباک بەرچاو دەکەون.

کوێرانە بەرگری لە کاک نەوشیروان ناکەم، باش کارە مەزنەکان و هەڵەکانیشی دەزانم، بەڵام تەنها سەرکردەیە بە بەراوردکردن لە گەڵ زۆرینەی سەرکردەکانی تر جیاوازی نێوان ئەرز و ئاسمان نێوانیان دەبینرێت، چەندین راپۆرتی تیمە تایبەتەکانی ئەمریکا لە عێراق  کە بە دەق و ژمارە و بەروار و ناو بونیان هەیە ئەو زەمینە پاک و بێگەرد و دور و تیژبینیەی کاک نەوشیروان دەسەلمێنن. هاوکاتیش لە دۆکیۆمێنت و راپۆرتەکانی تردا بەوردی باسی گەندەڵی و بێسەروبەری و نفاقی بەشێک لەو هاوکارانەی کاک نەوشیروان لە گۆڕاندا دەکەن. 

بازرگانیکردن بە کەسایەتی کاک نەوشیروان دو لایەنەیە، ئەوانەی بە درۆ بە شان و باڵیدا دەخوێنن و ئەوانەشی هەم بۆ مەرامی تایبەتیان لە شان و باڵی کەم دەکەنەوە، هەر دو جۆر چۆن دەیکەن هەر بازرگانی نزم بەهای سیاسین.

کەسانی تر و بۆ خۆشم  چەندین جار لە کاک نەوشیروان بیستومانە تاکە رکابەری سەرسەختی سیاسی کە راشکاوانە لە گەڵیدا شەر و ململانێی کردوە خودی مسعود بارزانی بوە، بۆیە بۆ خۆی زانیویەتی لە گەڵ کێ و چۆن مامەڵەی لە گەڵ دەکات. 

ئەوانەی بازرگانی بە پرسی خوالێخۆشبو لە گەڵ پارتی و بنەماڵەی بارزانیدا دەکەن ( تایبەت لە دەوروبەرە نزیکەکانی سەردەمی ناو یەكیتی و گۆڕان) گوناهێکی گەورەی مێژویی دەرهەق بە کاک نەوشیروان دەکەن و ئەمەش تەنها بۆ بازرگانیکردنە بە ناکٶکیەکی مێژویی کە کاک نەوشیروان بە درێژایی تەمەنی سیاسی دوای شکستی شۆرشی ئەیلول هەوڵی جدی داوە بە هزر و چەمکی نوێ چارەیان بکات، بەڵگەکانیش بۆئەمە کەم نین، وەک راپۆرتێکی کۆبونەوەی سەرکردایەتی یەكێتی کە زیاتر لە ٢٠ لاپەرەیە لە ساڵی ١٩٧٦ نوسراوە و بابەتی سەرەکی کۆبونەوەکە پرسی مامەڵەکردن بوە لە گەڵ پارتی و بنەماڵەی بارزانی ( دەقە ئەسڵەکەی لام پارێزراوە) و نامەکانی نێوان کاک نەوشیروان و مسعود بارزانی دەربارەی کۆتایی هێنان بە شەری ناوخۆ و نوسینەکانی کاک نەوشیروان دەربارەی چۆنیەتی ئامادەسازی بۆ دروستکردنی بەرەی کوردستانی و راپەرین و دارشتنی دەستوری هەمیشەیی عێراق. بەشێک لەوانەی ئێستا بازرگانی بەو بابەتەوە دەکەن لە رکابەرە عەیارە بیست و چوار و زۆر سەرسەختەکانی پارتی و بنەماڵەی بارزانی بون، ئێستاش لە ریزدا سەرەیان گرتوە تا مسعود بارزانی ئاورێکیان لێبداتەوە. ئاکامەکەی کاک نەوشیروان لەو پرسەدا راستگۆ و بازرگانەکانیش مونافیق دەرچون.

با بێمە سەر هاوکارە دێرینەکانی ناو گۆڕان، بەشێک لە باڵی ریفۆرمی ناو یەکێتی پاش ئەوەی لە مام جلال و یەکێتی بێ ئومێد بون هاتنە پاڵ گۆڕان، لەو چرکەیەوە دەستیان بە بازرگانیکردن بە پێگە و ناوی کاک نەوشیروان کرد، تێیاندا بو دەیگوت گەر کاندیدی لیستی گۆڕان بۆ پەرلەمان نەبم دەگەرێمەوە ناو یەکێتی، ئەوی تر دەیگوت گەر مام جلال ئاورێکم لێبداتەوە چ کارم بە نەوشیروان هەیە، سێهەمیش بە یەکێتی دەگوت گەر بەرژەوەندیەکانم نەپارێزن دەنگی ناوچەکەم بۆ گۆڕان کۆدەکەمەوە، ئەو جۆرە زاتانە سوربون لەسەر ئیبتزاز و بازرگانیەکانیان. بەپێچەوانەوەش بەشێک لە هاورێ نوێ و دۆستە دێرینەکانی لە ناو یەکێتی و گۆڕان و لایەنەکانی تریش تا ئەم چرکەیەش ئەمەک و دڵسۆز بۆ کاک نەوشیروان ماون و مرۆڤەکانی رۆژە سەختەکانی خەباتی شاخ و کاک نەوشیروان و گۆڕان بون.

لە سەرەتای دروستبونی گۆڕاندا زۆربەی زۆری روخسارە نوێکان بە نیەتێکی پاک و لە ژێر کاریگەری ناو و کاریزمای کاک نەوشیروان دڵسۆز و گورج و گۆڵ پشتێکی بەهێزی بون، هەڵسوراوی جدی بون بۆ ئەرک و کارەکانیان. زۆربەیان فێری فرتوفێڵ و ئیبتزاز و بازرگانی وەک بەشێک لە نەوەکانی پێش خۆیان نەبوبون. بە مروری زەمەن و دۆخی ناجێگیری ناو گۆڕان و گەمەکانی هێزەکانی تر و دورکەوتنەوەی کاک نەوشیروان بە هۆی تێكچونی باری تەندروستیەوە ژمارەیەک لێێان و لە پێگەی هەستیاردا دەستیان بە بازرگانیکردن کرد نەک تەنها بە کاک نەوشیروان بەڵکو بەسەرجەم گۆڕان و هاورێکانیشیان، گەیشتە ئاستێک ناویان لە لیستی رەشی گەندەڵچیەکانی عێراقدا تۆمار بکرێت و بکەونە ژێر گومانەوە.

کاک نەوشیروان لە دوا ساتەکانی ژیانیدا راشکاوانە بە کورەکانی و دۆستە نزیکەکانی راگەیاندوە چەند پەشیمانە لە پشتیوانیکردنی چەند کاراکتەرێکی بەرچاوی نەوەی نوێی ناو گۆڕان.

ئەم روداوە واقیعیە دەگێرمەوە تا خەڵک حوکمی خۆی بدات:

لە دوا رۆژەکانی ساڵی ٢٠١٦ پاش چەند هەفتەیەک لە لەندەن لای کاک نەوشیروان بوم گەرامەوە بۆ هۆڵەند، لەو ماوەیەدا تێگەیشتم کە لە دوا قۆناغی ژیانیدایە، لە گەڵ گەرانەوەم پەیوەندیم بە سکرتێری جڤاتی نیشتمانی گۆران کرد و وەزعی کاک نەوشیروانم بۆ باسکرد، پێم گوت: مامۆستا جمال بە پێویستی دەزانم سەید عومەر و جەنابتان بچن بۆ لەندەن و لەسەر چەند تەوەرێکی گرنگ قسەی لە گەڵ بکەن، رەنگە ئەمە دوا دیدارشتان بێت لە گەڵی، مامۆستا جمال فکرەکەی زۆر پێ باشبو، گوتی بۆ خۆت قسەیەک لە گەڵ سەید عومەر ناکەیت، دوای ئەمە راستەخۆ پەیوەندیم بە سەید عومەرەوە کرد و مەسەلەکەم بۆ باسکرد، لە یەکەم رەتدانەوەیدا هێنا و بردی، بە کورتی تێیگەیاندم بە پێویستی نازانێت بچێت، ئەم پەیامەم بە مامۆستا جمال گەیاند، لە وەڵامدا گوتی یەک دو رۆژی تر چاوەران بە وەڵامت دەدەمەوە.

مامۆستا هەر واشی کرد وپێی گوتم سەید عومەر مان قەناعەت پێکردوە بروات و من ناچم خۆی بەتەنیا دەچێت بۆ لای.

لەو کاتەدا ئاگام لە کەین و بەینی ئەو چەند رۆژەی گردەکە نەبو. لەو سەردانەدا و لە دانیشتنێکی کاک نەوشیروان و سەید عومەر لە لەندەن دو دۆستی زۆر نزیک و دێرینی هەر دوکیان، کە لەژیاندان، لە وردەکاریەکانی قسە و باسەکان بەئاگان، کاتێک باس دێتە سەر موڵکەکانی گۆڕان کاک نەوشیروان بە زمانێکی راشکاوانە و بێ پێچ و پەنا ئەوەی لە دڵ و ناخیدا دەبێت بۆ سەید عومەری باس دەکات.

دوای وەفاتی کاک نەوشیروان لە کۆبونەویەکی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوە گۆڕان کە باس دێتە سەر موڵکداریەتی گۆڕان رێکخەری گشتی نوێ راشکاوانە باسی بەشێکی قسەکانی کاک نەوشیروان کە لە لەندەن پێی گوتوە دەکات، باسی بەشە گرنگ و هەستیارەکانی تری قسەکانی کاک نەوشیروان ناکات. ئەم رەفتارە وەک مۆمبێکی تەوقیتکراو تەقیەوە و لەو ساتەوەش بەگەرمی نان و پیاز بەو قسانەی رێکخەری نوێیەوە دەخورێت. بۆ خۆم ئەم رەفتارە بە زەمینەخۆشکەرێکی هەستیار دەبینم بۆ سەرهەڵدانی گەلێک پرسیار دەربارەی خواست و نیەتەکانی کاک نەوشیروان لەلایەن هاوڵاتیانەوە و لە ئاکامیشیدا لاوازبونی گۆڕان.

خۆشبەختانە کاک نەوشیروان بە ماوەیەکی کورت پێش وەفاتی بە تۆماری دەنگی خۆی باسی سەرجەم بۆچونەکانی لەسەر پرسی موڵکداریەتی دەکات، زۆربەی هەمان ئەو قسانەن کە بەهاوکارە دێرینەکەی لە لەندەن وتویەتی، زیادە بۆ ئەمەش دو دۆستە دێرینەکە شایەتحالی ئەو دانیشتنەن. با خەڵک بۆ خۆی هەڵسەنگاندن بۆ ئەمە بکات تایبەت کاتێک تۆمارە دەنگیەکەی کاک نەوشیروان بڵاو دەکرێتەوە. 

لە دەرفەتێکی گونجاوی تردا باسی چەند روداوێکی زۆر هەستیاری تر نێوان کاک نەوشیروان و چەند هاوکارە زۆر نزیکەکانی دەکەم کە لە وردەکاریەکان بەئاگام.

لەم سەردەمەدا و داوی پێنج ساڵ لە ماڵئاوایی کاک نەوشیروان و مام جەلال یش سەرجەم نەخشەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و حوکمرانی هەرێم بە سەریەکدا ترشاون.

لەم دۆخ و رەوشەدا کەسانێک و گروپە بچوکە زۆر نزیکەکان لە کاک نەوشیروان لە بری ئەوەی بەدوای یەکتردا بگەرێن و یەکتر بدۆزنەوە و کاری جدی بۆ بوژاندنەوە و گەشەکردنی پرەنسیپەکانی گۆرانکاری جدی بکەن دەبینین خواستیانە دەست بەشتێکەوە بگرن تا ناو و رۆڵیان لە سیاسەت و پرۆسە وەهمیەکانی گۆرانکاریدا بمێنێت، تەنانەت ئەمانیش لەو هەوڵانەدا خۆگرێدانەوەی توند و تۆڵیان بە کاک نەوشیروان بەکار دەهێنن. بۆ خۆم سەرچاوەی ئەم هەوڵانە بە بەشێک لە دلسۆزی و وەفا بۆ پرسی گۆرانکاری و کاک نەوشیروان دەبینم، مەخابن لە ناچاری و بێئومێدیدا و دۆخی شکستخواردوی پرسی گۆرانکاری چاوەروانی ئاکامی کۆنکرێتی لێ ناکرێت.  

دەمێنێتەوە منداڵەکانی کاک نەوشیروان، ئەوەندی من بەئاگا بم دو کورەکەی رۆڵی بەرچاویان لە پرۆسەکەدا هەبوە، زۆر بەتایبەت چیای کوری. 

لەسەردەمی تەقاندنەوەی پرسی موڵکداریەتی و ئیرس پەیوەندیم لە گەڵ نما کرد و پێم گوت، وەک چەندین کەسی تریش پێیان گوتبون، پێویستە رونکردنەوەیەک بە ناوتانەوە بڵاوبکرێتەوە و تێیدا باسی خواستەکانی باوکتان لەو پرسەدا بکەن کە دەبێت تەنها و تەنها بۆ بەرژەوەندی گشتی بەکاربهێنرێت، نما فکرەکەی پێ دروست بو و داوای لێکردم رونکردنەوەکە بنوسم، منیش بە ئەرکەکە هەڵسام. ماوەیەک گوێبیستی هیچ نەبوم، دواتر لە نما و کەسانی تریش کە بەرپرس بون لە گۆڕان تێگەیشتم لوتکەی دەسەڵاتی نوێی گۆران ریگری سەرسەختیان لە بڵاوکردنەوەی کردبو، لە گەڵ ئەوەشدا دەبو کورەکانی هەر  بڵاویان بکردایەوە.

بێگومان کورەکانی هەڵەی بەرچاویان لەو بوارەدا کردوە، تاکە رێگا بۆ راستکردنەوەی ئەو رەوشە راشکاوانە و ئاشکرا هەمو بەڵگە و دۆکیۆمێنتەکان بخەنە رو، خەڵک چاوەروانە ئایا کارێکی وا مەزنیان لێدەوەشێتەوە!

کارێکی لەو جۆرە سەرجەم هەوڵ و نفاق و بازرگانیکردن و کەمکردنەوە لە ناو و ناوبانگی کاک نەوشیروان پوچەل دەکات، هاوکاتیش زۆر دروستە کاتێک کورەکانی کاک نەوشیروان داوای لێبوردن لە خەڵک وتایبەت جەماوەری گۆران بکەن بۆ هەڵە و بێدەنگیان لە هەڵمەتێکی خەستی ناحەزان دژ بە باوکیان کە یەکێکە لە سەرکردە مەزنەکانی کورد. ناشێت خواست و تێرامانە واقیعیەکانی کاک نەوشیروان دەربارەی موڵکداری و ئیرس لەلایەن نەیار و دۆست و نەوەکانی بۆ مەبەستە جیاکان بەکاربهێنرێن، یەک رێگا لەبەر دەمیاندایە وەک خۆیان باسیان بکەن و چیتر دەرفەتی زیاتر بە بازرگانەکان نەدەن!

03/05/2022



وتارەکانی تری نوسەر