هاوڵاتی و خوێندن لە قەفەسی نیشتماندا

چیا عەباس

هەرچی هەیە و رودەدات چیرۆکێکە، رەگ و ریشە و بەها و مانای خۆی هەیە، نە پێویست دەکات و نە دەشکرێت مرۆڤ لە هەمویان تێبگات، گرنگە دەرک بەو راستیە بکرێت و کاتێک پرسەکە گرنگی خۆی هەبێت گەران بەدوای وردەکاریەکان  و دۆزینەوەیان بەرچاورونی دەبەخشێت، کەسان و تاقمیش هەن بەمەبەست خۆیان لێیان غافڵ دەکەن یاخود دەیان شێوێنن.

ئەم راستیە لە سەرجەم بوارەکانی ژیان زەمینە و هۆکاری بنەرەتی روداو و گۆرانکاریەکانو ئاراستەکردنیان بوە وهەرواش دەمێنێتەوە.
گومان نیە لەوەی ئەم واقعە لە بوارەکانی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتیدا جەنجاڵێکی زۆر ئاڵۆز و ناجێگیری خەڵقاندوە، مرۆڤایەتی لەو جەنجاڵەدا سەدان ملیۆن ژیانی لە دەستداوە و دوچاری کێشە و سەرگەردانی گەورە بوە.

کۆمەڵگای کوردەورای بەدەر نیە لەم یاسا ئەزەلیە،بەڵام چەوت و خراپ لێکدانەوە و بەکارهێنانی وردەکەریەکان دۆخێکیان خەڵقاندوە کە تێیدا بەها و تۆنی کۆمەڵایەتی و مانا رەسەنەکان بەسەر یەکتردا ترشاون، شتێکی ئەوتۆ نەماوە تا چیرۆکەکان بەیەکەوە گرێ بدەنەوە و تەواوکەری یەکتر بن و چیرۆکی نەتەوە و نیشتمان و هاوڵاتی ببنە خەمی سەرەکی هاوبەش، ئێستا هەر لایەن و تاقمێک بە خەستی سەرقاڵی چیرۆکەکەی خۆیەتی.

شێکردنەوە و وردکردنەوەی مێژومان لەسایەی ئەو هاوکێشەیەوە کارێکی ئێجگار ئەستەمە، توانراوە تەنها سەرە داوەکان ببینرێن و نمایش بکرێن، هاوکاتیش بەها و مانای چیرۆکەکانی تاکی مرۆڤی کورد و روداوەکان لە هزر و چەمکە گشتیەکاندا توانراونەتەوە و بەپۆشاکینەتەوە و خەبات و حزب و سیاسەت و ئاین ەعەقیدە و نەریت و کۆمەڵگا داپۆشراوان و بەو شێوەیەرەوایەتیان پێ بەخشراون. لە ئاکامی ئەم پرۆسەیەدادۆخێک  خوڵقاوەکە تاکی مرۆڤ لە دەرەوەی ئەو پۆشاکانە روت و قوت و بێ بەهاو و بێ کاریگەر و بێ مانا گوزەران دەکات، بۆیە لەو گونبونەدا و بۆ گەلێک مەبەست ئامادەیە پاشکۆ و کۆیلە و گوێرایەل بێت و وەک موچەخۆرێکی بکەرانی تێشکاندن و پوچەڵکردنەوەی بەهاکانی کاربکات.

ئەم داو و راوە کۆمەڵایەتی و مرۆییە بەهاو و جومگەکانی نەتەوەیی و نیشتمانی بە جورێک هەوین کردوە کە خودی قوربانیەکە لەلایەک لە گەڵیدا راهاتوە و لەلاکەی تریشەوە پاسیڤانە وەک نارازیەک لە قەفەسی نیشتماندا هەر دەخوێنێت.

ئەو گروپ و کەسانەی لەم واقعە یاخیبون و خواستی گۆرانکاریان هەبوە، بەردەوام دوچاری کێشە و ئەستەمی سەرسەخت بون، بزوتنەوەی گۆڕان ئەو ئەزمونەی تاقیکردەوە و لە دوا مەتافدا ئەویش گەیشتە ئاستێک هەر سەرقاڵی چیرۆکە شێواوەکەی بێت، بۆیە بەها و ماناکانی چیرۆکەکەی پوچەڵ بون وە بوە بکەرێکی تری تێكشکاندن. 

خوازیار و داواکەرانی چیرۆکە مەزنەکەی نەتەوە ئارەزومەندانە و بە ئیرادە و دەستی خۆیان ئەو چیرۆکەیان کردۆتە قوربانی حەزە وردیلەکانی چیرۆکەکانی خۆیان، ئەم پارادۆکسە کوشندەیە لە ژیانی حزبی و سیاسی و حوکمرانی و کۆمەڵایەتیدا تا ئەم چرکەیەش، بە تاقم و گروپە نارازیەکانیشەوە، بەزەقی دەبینرێت.

کاتێک کاری جدی بکرێت بۆ گەرانەوە و بوژاندنەوەی بەها و ماناکانی هاوڵاتی و کاتێک ئەو پرۆسەیە کە سەبر و کاری شارستانی درێژخایانی دەوێت بە ئامانج بگات ئەوا بێگومان تاکی هاوڵاتی لە کۆیلایەتی و پاشکۆیەتی و لەو قەفەسەی ئێستادا گیرکراوە رزگاری دەبێت، ئیتر سەرپشک دەبێت لە دارشتنی چێرۆکی خۆی و نەتەوە و نیشتمانەکەی، ئەمە سەرەتا دروستەکەی گۆرانکاری جدیە و زۆر پێویستیشە ئەوانەی لە ئێستادا خەون بەو ئایندەیەوە دەبینن بە یەکەوە کاری جدی بۆ ئەو پرۆسەیە بکەن.  


28/05/2022



وتارەکانی تری نوسەر