سەرۆکێک بۆ کۆمار و چیرۆکی پاشای وەجاخ کوێر

چیا عەباس


کەسێک لە عێراق  و دەرەوەشی نادۆزیتەوە نەزانێت قەیرانی پرسی دۆزینەوەی سەرۆکێک بۆ کۆماری وێرانی و گەندەڵی و تاریکستانی مەزهەبی لە پلەی یەکەمدا بۆ قیرچسمەیی و پێداگری دو هێزی کوردی دەسەڵاتداری رکابەری مێژویی یەکتر دەگەرێتەوە، دو هێز لە واقعدا گرەو لە سەر هێزە داگیرکەر و ناحەز و غەیرە کوردیەکان لە عێراق و دەرەوەی دەکەن بۆ بردنەوەی ئەم جەولەیە لە رکابەریە دێرینەکانیان. ئەمان لە مێژە فێری ئەم نەریتە قێزەوەنە بون.

لەم هەریسە سیاسیەدا دەنگێک لە نێوانیان دەبیسترێت و ناراستەوخۆ دەڵێت بۆ یەکلاییکردنەوەی ئەو پرسە بگەرێنەوە بۆ پەرلەمانی کوردستان، بۆچونێکی دروست و راست، مەخابن لە ئەرزی واقیعدا ئەم پەرلەمانە نوێنەرایەتی راستەقینەی گەڵی باشوری کوردستان ناکات، بۆیە نەریتە مێژوییەکەی ئیرسی سەردەمی جەلالی و مەلایی خۆی دەسەپێنێت.

دەگێرنەوە لە دێر زەماندا پاشایەک دەبێت و مەملەکەتەکەی بەباشی بەرێوە دەبات، پاشا پیر دەبێت و هەست دەکات کۆتایی ژیانی نزیکە، خەمی دوای خۆی دەخوات، فەرمانێک دەردەکات، تێیدا دەڵێت هەر هاوڵاتیەکی مەملەکەتەکەم بۆی هەیە ببێتە جێگرەوەی من، بە مەرجێ دو پرسیاری لێدەکەم،، لە وەڵامی دروستدا شوێنی من دەگرێتەوە و بە پێچەوانەوە سەری دەقرتێنم چونکە نامەوێت کەسانی تر دو پرسیارەکەم بزانن. دەیان کەس بەختی خۆیان تاقیدەکەنەوە و بە سەربراوی لاشەکانیان بە خێزانەکانیان دەدرێنەوە.

گوندنشێنێکی هەژار و بێ ئاگا لە دنیا کە هەمو سەرەوت و سامانی یەک گوێدرێژە کە لوقمەی ژیانی بۆ مسۆگەر دەکات، لە گەڵ گوێدرێژ رێگای پایتەختی مەملەکەت دەگرێتە بەر. لە پایتەخت نیەتی خۆی بۆ تەحەداکردنی پاشا بەیان دەکات، بەلاگی شا بە بێبایەخیەوە دەیبەنە لای پاشا.

درێژەی پێنەدەم، پاشا روی تێدەکات و یەکەم پرسیاری لێدەکات: چەند ئەستێرە بە ئاسمانەوەیە، گوندنشینەکە دەلێت: بەقەد ژمارەی توکی گوێدرێژەکەم، پاشا دەڵێت: چۆن،

خاوەن گوێدرێژ دەڵێت: پاشام فەرمو بیان بژێرە. پاشا بیدەنگ دەبێت و بە زمانێکی زبرەوە پرسیاری دوەم دەکات: چەقی زەوی لە کوێدایە، گوندنشینەکە دەڵێت: چەقی زەوی لەو شوێنەدایە کە گوێدرێژەکەم لێی وەستاوە. پاشا جارێکی تر بەسەرسامیەوە پێی دەڵیت چۆن 
ئەوە دەسەلمێنیت، لە وەڵامدا خاوەنی گوێدرێژەکە دەڵێت: پاشام ئەوە ئەرز و گەز.

عیبرەت لەم چیرۆکەدا پێگە و دەسەڵات و هێز نیە، بەڵکو لۆژیکێکی سادەی سەرەتاییە، بۆیە گەرانەوە بۆ ئەو لۆژیکە دەشێت زۆر کارئاسانی بۆ پرسی نەتەوەی کورد بکات.
هیوادارم......!


12/10/2022



وتارەکانی تری نوسەر