چەترەکەی کاک نەوشیروان و گەردەلولی پایز

چیا عەباس



لە كلتوری کوردەورایدا دەستەواژەکانی چلەی هاوین و زستان ئاماژەن بە چل رۆژی زۆر گەرم و ساردی ناوەراستی ئەو دو وەرزە، بۆ خۆم چلەی دو وەرزی پایز و بەهارم نەبیستوە.

 
لە چل رۆژی ناوەراستی پایز خەستترین گەڵارێزان و پەڵە و باران بارین و تاریکی و رەشەبا رودەدەن. بەرێز مەلا هێمن شارەستێنی لە نوسینێکی بەپێزی مانگی سێپتەمبەری ساڵی رابوردو بە تێر و تەسەڵی باس لەو گۆرانکاریەکانە دەکات کە بەسەر جەستەدا لە وەرزی پایزدا رودەدەن، هۆکارەکانیشیان بۆ گۆرانکاریەکان لە کەش و هەوادا دەگەرێنێتەوە، دەشڵیت: بەهۆی ئەوەی خۆر کەم دەردەکەوێت زیاتر کەشوهەوا مات دەردەکەوێت و وات لێدەکات هەست بە بێتاقەتی و خەمباری بکەیت.
چلەی پایزی هێزە دەسەڵاتدارەکانی کوردستان ساڵانێکە بەردەوامە، تادێت خەزانی پێگەی جەماوەری و لەدەستدانی متمانە پێیان خەستتر دەبنەوە، لە سایەی ئەم دۆخەدا دەیان روداوی دڵتەزێن و گۆرانکاری مەترسیدار و خامناک لە باشوری نیشتمانەکان رویانداوە و سەریان هەڵداوە.

 
پایزی ئەمساڵ شا پایزی وەرزی پایزی ساڵانی رابوردوە، بێجگە لە گەڵارێزانی رۆڵەکانی میللەت بەدەست ئافاتی کۆرۆناوە و مەترسی جدی بەرپاکردنی شەرێکی کورد کوژی تر و ئیفلاسی سیاسی و دارایی حکومەتی هەرێم و پەڵەی خەستی خەزانی ئومێد و تێكچونی بێرادەی تەونی حوکمرانی و پێوەندیەکانی زۆربەی هێزەکانی کوردستان، دەبینین هەر پرۆژەیە و بە ناوی چاکسازی و گۆرانکاریەوە وەک قارچکی بەهاران لە هەڵتۆقیندان. بۆ خۆم وەک نارازیەک لە دۆخەکە لە وەرزی پایزی ئەمساڵدا چەندین  پرۆژە و هەوڵی جیاجیام بەرچاو کەوتوە، هەمویان باسی هەمان زەمینە و هۆکارەکانی یاخیبونیان دەکەن، بەڵام دانە ونیوێکیشیان هاورا نین چی بکەن و چۆن بیکەن.

 
ئەوەی شایستەی ئاماژە پێدان و باسکردنە لە سەرەتای چلەی پایزی ئەمساڵدا چەند کاراکتەرێکی بەرپرسی گۆڕان و وارسەکانی کاک نەوشیروان بەناو پشتێنی چاکسازی و بوژاندنەوەیان توند کردەوە، زۆربەی ئەمانە هۆکاری بنەرەتی پاشەکشە و لادان و تەحریفکردنی هزری گۆرانکاری و تێکدانی کرۆکە رەسەنەکانی پرەنسیپەکانی کاک نەوشیروان بون و هەن، سناوکردنێک لە ئاوێکی مەنگدا بونیادیان پاکژ ناکاتەوە. 

 
دەستپێشخەری ژێر بەژێر و پرۆژەی سێبەر و رشتنی فرمێسکی تیمساح ئاسا و لێدوانی سواو و چەواشەکاری دەسەڵاتداران و چەند گۆڕانخوازێک مەوسمی و مەزاجی پایزی ئەمساڵی گۆڕانیان بە پەڵە هەورێکی قەترانی تر خەستتر تەنی. 

 
ئەوان ئارەزوی خۆیانە چی لە حکومەت و پەرلەمان و جومگەکانی دەسەڵاتدا دەکان، ملکەچ و پاشکۆ دەبن یاخود دلێر و راستگۆ، مەخابن ئەوانەی یەکەمیان پێرەو کردوە، بەڵام هیچکات ئەو مافەیان نیە بەناوی گۆرانکاری و چاکسازی و پاراستنی پرەنسیپەکان کاک نەوشیروانەوە خەڵک لە خشتە بەرن.  

 
دەستپێشخەریە بێدەنگ و ژێر بەژێر وزیگزاگەکانیان لە ژێر چەتری رەوانشاد راگەیاندوە. چەند کەسانێکی خەمخۆر و دڵسۆز چاوەروان بون دەستپێشخەریەکانیان راشکاوانە و راستگۆیانە رابگەیەنن تا دەرفەتی تاوتوێکردن و هەڵسەنگاندنێکی بەرفراوان و واقیعیان بۆ بکرێن. لە دوا مەتافدا دەرکەوت هەرچیان وتو و باسکردوە هەموی حەتاڵ و بەتاڵ بون، چونکە کاتێک ئەو دەستپێشخەریکەرانە لە گەڵ دەستە و دایرەکانی ناو گۆڕان و دەوروبەری خۆیان لەسەر چەند پۆست و دەسکەوت رێککەوتن چەترەکەی کاک نەوشیروان یان دا بەدەم رەحمەتی گەردەلولی پایزەوە.

 
بە  کوردی و کورتی تا ئەم چرکەیەش گۆڕان خێری تڵپی تەری بۆ بەرنامە رەسەنەکەی تێدا نەماوە، ئەوەی ماوە تاقم و گروپانێکن لە سایەی خەیمەی گۆڕاندا حەزە گەورە و وردیلەکانی خۆیان ئاو دەدەن، ئەوەی زۆربەی گۆرانخوازان ئازار دەدات ئەوە نیە لوتکەی گۆڕانی ئێستا بونەتە کۆپیەکی دەسەڵاتدارانی هەرێم، چونکە هەر ئەوەیان لێ چاوەروان دەکرا، بەڵکو ئیرسی سیاسی و مەعنەوی و فکری کاک نەوشیروان و هزری گۆرانکاری و چاکسازیان کردونەتە بە دەمامک بۆ شاردنەوەی روخساری راستەقینەیان.

٢٩ نۆڤەمبەری ٢٠٢٠  



29/11/2020



وتارەکانی تری نوسەر