کاک نەوشیروان و دیوەکەی تری گۆڕان

چیا عەباس

لە چوارەم ساڵیادی کۆچی دوایی کاک نەوشیروان و لەم  بۆچونەدا خاڵ لە سەر چەند وشەیەکی گرنگی مێژوی گۆڕانەکەی کاک نەوشیروان دادەنێم.

دوای وەفاتی چەندین هەڵسەنگاندن بە هەق و ناهەق بۆ کەسایەتی و مێژوی دامەزرێنەری گۆڕان کراوە، هەر یەک لە روانگەی تایبەتەوە،  رق و کینە، تۆڵەکردنەوە، بچوککردنەوە و لەکەدارکردن، هەروەها  بەرزنرخاندن، وەفایی، راستگۆیی و گەورەکردنی نادروست. ئەم بۆچون و هەڵسەنگاندنانەجۆرەها کاریگەریان لەسەر رای گشتی و پێگەی ئیرسەکانی کاک نەوشیروان کردوە. 

سەرەرای ئەوەی کاک نەوشیروان وەک هەر سەرکردەیەک هەڵەی هەبوە، بەڵام هیچکات درۆ و دەلەسە کردن و هەڵسەنگاندنی نارەوا و ناواقیعی ناتوانن مێژوی چەسپاو و جێگیری ئەو سەرکردە مەزنەی کورد بشێوێنن، بەپێچەوانەشەوە لە قەوارەی خۆی زیاتری پێ ببەخشن. هەڵسەنگاندنی جیاجیا بۆ ئەو مێژوە یەک زەرە لە راستیەکانی ناگۆرێت، دەکرێت یاری بە مێژو بکرێت بەڵام هەرگیز مێژو ناچێتە ژێرباری هیج گەمە و تێکدان و لێکدانەوەی دژ بە رێرەوەکەی، چونکە ئایندە لە سەرەتادا لە زهن و خواستدا گوزەر دەکات و رابوردوش چەسپاو و ناسراو ونەگۆرە.

بۆخۆم ئەوەندی کاک نەوشیروانم ناسیبێت هیچکات نەبیستومە و نە بینیومە لە پرسە گرنگ و چارەنوسسازەکاندا لە مێژو بێباک بوبێت و سڵی لێی نەکردبێتەوە وەک هەندێ لە سەرکردەکانی تر کە بە راست و چەپدا هەڵوێست و کرداریان کردوە و لە سایەیدا بەرامبەر چەند دەسکەوتی کاتی مێژوی خۆیان شێواندوە، چونکە کاک نەوشیروان قەناعەتی تەواوی هەبو کە مێژو و ئایندە هێڵێکی نەپساوە نێوان سەرەتاو و وێستگە و روداوەکان کە دەبێت بەرەو ئامانجە پیرۆزەکانبکشێت.

لادان و خوار و خێچی و ئاڵۆزی و لەمپەرەکانی سەر و بەردەم ئەو هیڵە دەسکردی مرۆڤن، روشدەدات سروشت ببێتە ئەستەنگ و رێگر لە بەردەمیدا.

پرۆژە راگەیاندنەکەی سەرەتا کە لە ٢٠٠٦ ەوە کاری بۆ دەکرد سەرەتایەکیش بو بۆ پرۆژەیەکی سیاسی کە کۆمپانیای وشە و گۆڕانی یانلێ دروستبو، ئەو لەو باوەرەدا بو گەشەکردنی ئاستی هۆشیاری کۆمەڵایەتی و هاوڵاتی  لە کۆت و بەندە کۆمەڵایەتی و سیاسیە بەسەرچوەکان رزگاریان دەکات و لە دوا مەتافدا مرۆڤ سەرپشک دەکات بریار و رێگەی خۆی ئازادانە بژاردە بکات، دەرکی واقیعیشی دەکرد بەوەی کە ئەم پرۆسەیە درێژخایان و زەحمەت و کێشەدار دەبێت، پێویستیشی بە سەبر و ئیرادە و بەرگری و خۆراگری هەیە.

ئەمە زەمینە و بناغەی دیوە هەرە گرنگەکەی هزری کاک نەوشیروان بو لە ئەنجامدانی پرۆژەی راگەیاندن و سیاسیەکەیدا، لە چاوپێکەوتنێکی درێژ و چر و پڕ لە گەڵ گوڤاری گوڵان لە کۆتایی ٢٠٠٦ تیشکی تەواوی خستۆتە سەر ئەم پرۆسەیە. 
سەرەرای سەرکەوتنە مەزنەکەی گۆڕان لە یەکەم هەنگاوی کرداری پرۆژە سیاسیەکەی لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠٠٩ دا، بەڵام هەر لە سەرەتاوە چەندین کێشە و  گرێکوێرە و ئەستەنگ و لێکترازان هەناوی بزوتنەوەکەیان لە ناوەوە دەکوتی و لەمپەرێکی مەترسیدار بون لە بەردەم گەشەکردن و ئارامی و پێگە بەهێزەکەی گۆڕان. کاک نەوشیروان لەم دیاردانە بە ئاگابو، مەخابن کاری هەستیار و یەکلاکەرەوەی نەکرد تا بەلایەنی کەمەوە ئیحتوایان بکات و کاریگەریە نەرێنیەکانیان کاڵ بکاتەوە. تا خۆی چالاکانە لە گۆرەپانی گۆڕاندا بونی هەبو توانی کۆنترۆڵی ئەو فەوزا رێکخراوە بکات و پێویستیشی بە کاریگەری ئەو گروپانە بو بۆ کۆکردنەوەی دەنگ و پاراستنی پێگەی گۆڕان لە ناو جەنگڵستانی سیاسی و ئەمنی و سەربازی هەرێمدا.

کاک نەوشیروان نێوان هزری رەسەنی گۆرانکاری و گەشەی هۆشیاری کۆمەڵایەتی و ئازادی هاوڵاتی لە گەڵ لەمپەر و کێشە و ئەقڵیەتە کلاسیکیەکانی ناو بزوتنەوەکە تا دوا رۆژەکانی ژیانی جۆرێک لە هاوسەنگی راگرتبو، لەو باوەرەشدا بو تا گەنجێک بە ئاڵای گۆڕانەوە لە کوردستان بمێنێت گۆڕان زیندوە، زیندو راگرتنی هزری گۆرانکاری بەلایەوە زۆر گرنگتر بو لە هەیکەلێکی حزبی.  

پاش وەفاتی ئەو هاوسەنگیەی رایگرتبو بە تەواوی تێكچو، برسی و چاوچنۆکەکان شوڵیان لێهەڵكێشا کەوتنە گیانی هزرە رەسەنەکەی گۆرانکاری و پرۆسە درێژخایەنەکەی. زۆربەی هاوڵاتیان دەردەسەریەکانی دوای وەفاتی کاک نەوشیروان دەزانن و بۆیە زۆربەشیان لە بزوتنەوەکە دابران، هەرچەندە هێڵەکەی نێوان هزری گۆرانکاری و ئایندە زۆر روشاوە بەڵام نەپساوە.

لەم ساڵیادەدا پێویستە بیری جدی بکرێتەوە لە بوژاندنەوە و گەشەپێدانی دیوە رەسەنەکەی پرسی گۆڕانکاری و هێڵەکەی نێوان مێژ و ئایندە راست بکرێتەوە.

بۆچی و چۆن ؟

بەگشتی دەسەڵاتی ئێستای گۆڕان کەئیدیعای پرسە رەسەنەکەی گۆرانکاری دەکەن لە ئەرزی واقیعدا بەرەو هەڵدێریان بردوە، لە سایەیدا گەشبینی بۆ ئایندە بەدی ناکرێت، بۆیە زۆر لۆژیکە لە جەنگڵستانی سیاسی و سەربازی ئێستای هەرێمدا توشی شکستێکی گەورەی تر بێتەوە، شکست تەنها بە ژمارە ناپێوێدرێت بەڵکو شکستی نیەت و ئیرادە زۆر کوشندەترە. هەرچەندە دەسەڵاتی ئێستای گۆڕان بەرامبەر بە شکستەکانیان تەنانەت بێ ئیرادە و دیدگا و نیەتی راستەقینەشن بۆ پاراستنی ئەوەی لەبەر دەستیاندایە، باڵام ئەو شكستە تەنها شکستی دەسەڵاتدارانی ئێستای گۆڕان نابێت، چونکە  بەڵکو لە بنەرەتدا دەسەڵاتی کوردی بۆ زیاتر لاوازکردن و لەتلەتکردنی هزری گۆرانکاری بەکاری دەهێنێت، هەر وەک چۆن لە دوا پاشەکشەی گۆران لە دوا هەڵبژاردنەکان بۆ پەرلەمانی کوردستان و بەغدا دۆخەکەیان قۆستەوە و چەپۆکێکی گەورەیان لە هزری گۆرانکاری و چاکسازی وەشاند.

دوبارەبونەوەی دۆخێکی لەو جۆرە کێشەکان لە سیاسەت و حوکمرانیدا بەرەو ئاڵۆزی و ستەمکاری و قۆرخکاری خەستتر و توندتر دەبەن، تەنها زەرەرەمەندیش هاوڵاتی و نیشتمانەکەی و خەونەکانی بۆ ئایندە دەبن،بۆیە پێویست دەکات بە وردی سەیری دیوەکەی تری گۆڕان بکەین و ئەوە بکرێتەوە بە زەمینەی بوژاندنەوەی پرسی گۆرانکاری ریشەیی، ئەمەش پێویستی بە نەخشە و پێکهاتەی نوێهەیە.
بێگومان هەنگاوی سەرەکی بۆ ئەو نەخشەیە بە داننان بەو واقیعە لەرزۆک و تێكچوەی هزری گۆرانکاری دەست پێدەکات، هاوکاتیش دو کورەکەی کاک نەوشیروان راشکاوانە پشکی خۆیان لەئیرسی موڵکداریەتی باوکیان رابگەیەنن و چی مولكی گۆڕان و کۆمپانیای وشەشە تەنها و تەنها بۆ بەرژەوەندی گشتی بەکار بهێنرێن و بەرێگەی یاسایی رێک بخرێن و بچەسپێنرێن، ناشێت باسی نیەت و خواستی خۆیان دەربارەی هزری گۆرانکاری و راستکردنەوەشی نەکەن، ئەوەی دەمێنێتەوە بەرەی خۆراگر و نارازی و جەماوەری تورەی گۆران چی بکەن؟ 

خۆراگر و نارازیەکانی گۆڕان کە زۆربەی زۆریان دەستیان لەم گۆڕانەی ئێستا شتوە لە گەڵ کەسایەتی و گروپ و دەستە دلسۆزەکانی تری کۆمەڵگادەبێت کرۆکی پرۆسەی بوژاندنەوەکە بن.

دروستکردنی دەستەیەکی هاوبەش لە نوێنەرانی هەڵسوراوە دڵسۆزەکانی گۆڕان و گروپە نارازیەکان و کەسایەتیە پاک و دڵسۆزەکانی بوارە جیاکانی کۆمەڵگای کوردستان و یەكێک لە کورەکانی کاک نەوشیروان و نوێنەرانی پەرڵەمانتارە خۆراگرەکانی  گۆڕان بە مەبەستی دارشتنی کارنامەی هاوپەیمانی دیموکراسی بۆ گۆرانکاری و لە مەقامی یەکەمدا کارکردنی ئەو هاوپەیمانیە بۆ راگەیاندنی مانیفێستێکی هاوبەشی گۆرانکاری لە ماوەیەکی دیاریکراودا کە تێیدا ئەرکی بنەرەتی ئەو هێڵە مێژوییەی کاک نەوشیروان باوەری پێ بو و کاری بۆ دەکرد بخاتەوە سەر رێرەوە سروشتیەکەی.

ئەگەر ئەم هەنگاوانە بە ئەنجام گەیشتن ئەو هاوپەیمانیە نوێیە دەبێتە بەهێزترین سەکۆ بۆ بەرگریکردن لە مافەکانی هاوڵاتی و رۆڵی لە دیاریکردنی ئایندەی نیشتمان و دەشبێتە سەکۆی سەرەکی بۆ هزرەکانی گۆرانکاری وئەرکە گرنگەکانی تر لە باشوری کوردستان.
لە چوارەم ساڵیادی وەفاتی کاک نەوشیروان ئەوەم پێدەکرێت پێی بڵیم بە ماڵئاواییت لێمان هزر و خەون و ئاواتەکانت زیندو ماون، تۆش لە پانتاییەکی گرنگی هەست و خەون و ئاواتەکانمان بەردەوام لە گەڵماندایت.

رۆتەردام: ٣ ئایار ٢٠٢١


18/05/2021



وتارەکانی تری نوسەر