موقتەدا صەدر دیاردەیەكی نامۆ لە دونیای سیاسی عێراقدا!

نەوزادی موهەندیس

لەدوای ساڵی 2003و ڕووخاندنی ڕژێمی بەعسی صدامیەوە لە دونیای سیاسی عێراقدا كۆمەڵێك كەسایەتی و كاراكتەر و دەموچاوی نوێمان پێ‌ ئاشنا بوون كە پێشتر زۆریان نەناسراوبون  و هیچ ڕۆڵێكی ئەوتۆیان لەگۆڕەپانی سیاسی عێراقدا نەبوە.كە بەداخەوە هەموانیان لە ئێستادا و دوای 19 ساڵ حوكمڕانی زۆرینەی شیعە مەزهەبی عەرەبی،نموونەیەكی زۆر ناشیرین و شكستخواردوویان پێشكەش بەگەلانی عێراق بەسەرجەمپێكهاتە نەتەوەیی و ئاینی و مەزهەبیەكانەوە كرد و هەرئەم دزێوی و قێزەونی سیاسەت و بەرنامەیەیان بوو كە لە ئێستادا زۆرینەی جەماوەری گەلانی عێراق خۆزگە بە سەردەمی ڕژێمی لەناوچووی بەعس و سەركردەكەی صدام حسێنی گۆڕبەگۆڕ دەخوازن.
لەناو ئەو سەركردە نەدیو و نەناسراوانەشدا موقتەدا صەدرە،كە لە ئێستادا یەكێكە لە سەركردە سیاسیەكانی ڕەوتێكی سیاسی بەناوی ڕەوتی صەدرەوە و هەوڵیش دەدات هەم لەلایەنی سیاسیەوە و هەمیش لە ڕووی دینیەوە ببێتە سەركردەیەكی سیاسی و مەرجەعێكی ئاینیش،و گەرەكێتیشی هاوشێوەی حەسەن نصروالله لە لوبنان و تەنانەت ئایەتوڵا خامنەئیش لە ئێران هەموو دەسەڵاتی سیاسی و ئاینی لای خۆی كۆبكاتەوە و حەزو ویستی كەسیشی بریتیە لە خۆ سەپاندن و بونە تاكە سەركردە و مەرجعیەتی باڵا، بەشێوەیەك هیچ بڕیارێكی ڕەتنەكرێتەوە و ئەوەی ئەویش ویستی و دەیڵێ‌ وەك دەڵێن بە یەك وشە جێبەجێبكرێت.((جۆرێك لە تاكڕەوی ئاینی و سیاسی)).لەكاتێكدا گەرەكێتی  كە شیعەی عێراق دووربخاتەوە لە پاشكەوتەی ئێرانی فارسی و بیگێڕێتەوە بۆ فەلەكی عەرەبی و نەتەوەییەكەی و ئەوەتا دروشمی ((حكومەتی زۆرینەی  نیشتیمانی نە ڕۆژهەڵاتی و نە ڕۆژئاوایی))بەرزكردۆتەوە.
پرسیار لێرەدا ئەوەیە ،ئەرێ‌ موقتەدا صەدر ئەو كەسایەتییە كە بتوانێت ئاوها شێوازێك لە حوكمڕانی عێراقدا پیادە بكات و سەركەوتوش بێت؟ئایا عێراق بەوێنەی ئێران و لوبنانە كە موقتەدا گەرەكێتی نموونەكەی ئەوان پیادە بكات؟ئایا موقتەدا سیاسیەكی موحەنەك و بیرتیژ و سەنگین و پشوودرێژە و لەولاشەوە مەرجعیەتێكی گەورە و بەئارام و دووربینە كە بتوانێت هەموان بخاتە ژێر كاریگەری و دەسەڵاتی سیاسی و ڕۆحی خۆیەوە؟ و دەیان پرسیاری تریش...
پێش وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارانە گەرەكە كەمێك لە پاشخانی سیاسی و ئاینی و بنەماڵەیی و قۆناغەكانی ژیانی موقتەدا صەدر بڕوانین ئەوسا بڕیار بدەین كە ئەو هەڵسوكەوتو بڕیارە نامۆیانەو سەرپێیانەی كە لەماوەیەكی كورتدا دەیدات و دەینوێنێتلەچ ئاڕاستە و سەرچاوەیەكەوە سەریان گرتوە.بەشێوەیك وەك دەوترێت شەو خەون بە كارێكەوە دەبینێت بۆ بەیانی دەیەوێت جێبەجێی بكات بەبێ‌ گوێدانە ئاسەوارە خراپەكانی.
موقتەدا بۆخۆی لە 4/8/1974 لە نەجەف((حەنانە)) لە بنەماڵەیەكی ئاینی بەناو و ناوبانگی شیعەمەزهەبی 12 ئیمامی لەدایكبوە كە بە ئالی صەدر ناسراونو لە ئێستادا تەمەنی تەنها48ساڵە و پێگەو و ناوبانگی گەورەیان هەیە لەناو شیعەكانی عێراقدا و درەختی بنەماڵەشیان دەچێتەوە سەر ئیمام حوسەینی كوڕی ئیمام عەلی و پەیامبەر و بنەماڵەی هاشمی قوڕەشی.كەئەم پێگە و ناوبانگەیان وایكردوە جێگەی ڕێز و تەقدیر بن و بۆخۆشیان كەمیان نەكردوە لە پاراستن و گەشەپێدانی مەزهەبی شیعە لە عێراقدا، باوكی محمد محمد صادق الصدر بەئاشكراو و بەنهێنی دژی صدام حسێن و ڕژێمی بەعس هەڵوێستی هەبوە و هەر ئەمەش وایكرد كە ڕێژێمی بەعس باوكی و 2 برای شەهید بكات لە 19/2/ 1999دا لەتەمەنی 55ساڵیدا بەتیرۆر و گولەبارانكردنیان لەشاری نەجەف.ئەمەش بوە هۆی هەڵایسانی ڕاپەڕینی جەماوەری لە مەدینە الصدر و پارێزگاكانی تری عێراقی ئەو كاتەدا، وباپیریشی لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە محمد باقر الصدر لە 9/4/1980دا لەتەمەنی 45ساڵیدا لەسێدارەدراوە. بۆخۆشی لەگەڵ باوكی و براكانیدا لەدوای ڕاپەڕینی شەعبانی ساڵی 1991دا لە بەندیخانەی ڕەزوانیە بەندكراوە.موقتەدا كوڕی چوارهەمی باوكێتی و ژنی هێناوە كە كچی مامێتی((اسما‌و)) محمد باقر صەدر و منداڵیان نیە تاكو ئێستا.لەساڵی 1988دا چۆتە حەوزەی عیلمی نەجەف و زانكۆی نەجەفی ئاینی خوێندوە.
باپیرە گەورەشی محمد حسن صەدر لەساڵی 1948دا سەرۆك وەزیرانی عێراق بوە.
هەربۆیە موقتەدا لە بنەماڵە و ناوەندێكی حەوزەیی و ئاینی و سیاسیشدا گەورەبوە و بناغەی فكر و سیاسەت و ئایدۆلۆژیای داڕشتوە و لەتەمەنێكی لاوێتیەوە لەلایەك سەرپەرشتی نوسینگەی باوكی كردوە و كتێب و چاپكراوەكانی سەرپەرشتیكردوە و سەرنوسەری گۆڤاری ((الهدی )) بوە و لەلایەكی تریشەوە سەرپەرشتی باڵێكی چەكداری شیعە مەزهەبی كردوە و هێرش و پەلاماری كردۆتە سەر بنكە و بارەگاكانی ڕژێمی بەعس.بەم شێوەیە یەكێكە لەو سەركردە شیعیانەی كە عێراقی بەجێنەهێشتوە لەسەردەمی بەعسدا و بە نهێنی كاری سیاسی و دینی ئەنجامداوە بە پێچەوانەی زۆرێك لە سەركردەكانی تری ئێستا وەك مالكی و حەكیم و جەعفەری و عادل عبدالمهدی و عەبادی وعامری و خەزعەلی و ...هتد.كە هەموانیان زۆرترین ماوەی ژیانیان لەدەرەوەی عێراق بردۆتە سەر.
لەدوای ساڵی 2003شەوە موقتەدا زیاتر دەركەوت و كەوتەخۆ و هەر لەسەرەتاوە دژی لەلایەك هەموو هێزە بیانیەكان و بەتایبەتیش ئەمریكابوە و لەلایەكی تریشەوە دژی دەسەڵاتی ئەنجومەنی حوكمیش بوە .لەڕێگەی بەكارهێنانی هێز و پێكەوەنانی گروپ و میلیشیای چەكداریەوە.ئەوەتالەساڵی 2003دا میلیشیایەكی چەكداری بەناوی ((جەیشی مەهدیە))وە پێكەوەناو كەوتە چالاكی چەكدارانە دژی سوپای ئەمریكا و هەرئەمەش وایكرد كە بخرێتە لیستی داواكراوەكانی ئەمریكاوە و جۆرج بۆشی سەرۆكی ئەمریكا ڕایگەیاند كە صەدر دوژمنی ئەمریكایە و داوای گرتن یان كوشتنی كرد.موقتەدا صەدر لەساڵی 2004وە بەئاشكرا دەیویست خۆی و هێزەكەی بەزۆر بسەپێنێتە سەر هەموان و لەگەڵ حكومەتی مالكی یەكەمدا كەوتە جەنگەوە و شەڕی گەورەی نەجەفی ئەنجامدا كە بۆماوەیەك دەستی گرتە سەر حەوزەی نەجەف و مەرقەدی ئیمام عەلی و تەنانەت تۆمەتباریش كرا بە كوشتنی مەرجەعیەتی عبدالمجید الخوئی لە 10/4/2003دا لەناو مەرقەدی ئیمام عەلیدا و ئەم كارانەی بەدرێژایی ساڵانی 2004  تا 22/2/2008 بەردەوام بوو.تا ئەوكاتەی تۆمەتبار كرا بەهەڵایسانی شەڕی تایەفی.
دواتر جەیشی مەهدی هەڵوەشاندەوە و لەجێگەیدا میلیشیایەكی تری بەناوی(( لیوای یوم الموعود))ی دامەزراند لە 2009-2011 و جارێكی تر بەشێوەی چەكدارانە كەوتەوە دژایەتی هێزەكانی ئەمریكا و حكومەتی دووەمی مالكیەوە و بەهەمان شێوەی جاری یەكەم شكستی هێنا بەتایبەتی دوای شەڕی گەورەی لە بەسرەدا.ئیدی لەوكاتەوە تاكو ئێستا موقتەدا و مالكی ناكۆك و دژبەیەكن و هەر ئەم ململانێ‌ كەسیە بوە هۆكاری ئەوەی كە تاكو ئێستا و بۆماوەی 9 مانگە نەتوانراوە كە حكومەتی نوێی عێراقی پێكبهێنرێت و عێراق بكەوێتە گێژاوێكی سیاسی قوڵەوە و بەشێوەیەك مالكی و صەدر ناتوانن لەنێوماڵی گەورەی شیعیشدا هاوكارو پێكەوەكاربكەن.
هەر لەساڵی 2009وە پەیوەندی كردە حوسیەكانی یەمەنەوە دژی حكومەتی یەمەن و دواتریش دژی سعودیە و ئەوانی تر.لە ساڵی 2014شەوە ((سەرایی سەلام))ی دامەزراند كە میلیشیایەكی چەكداریە لەدوای داگیركردنی موصڵ و شارەكانی تر لەلایەن داعشەوە.
لەلایەنە ئاینیەكەشیەوە و دوای تۆمەتباركردنی بەكوشتنی خوئی . لەلایەن ئێرانیەكانەوە بردیانە ئێران و چوە حەوزەی قوم و خوێندنی تەواو كرد و لە ئێستادا پلەی ((حجە الاسلامی)) هەیە و دەخوێنێت بۆئەوەی پلەی ((موجتەهید)) وەربگرێت و ئەوكات دەتوانێت ببێتە مەرجەعێكی باڵای هاوشانی علی سیستانی و ئەوانی تر و فتوا بدات.
بەم شێوەیە موقتەدا صەدر حەوزەی عیلمی نەجەفی كردە دوو بەشەوە ،بەشەكەی خۆی بە ((حەوزەی ناتیقە//قسەكەر یان باڵی شۆڕشگێڕی وهەڵۆكانی شیعەكان)) و بەرامبەرەكەشی بە((حەوزەی ساكتە//بێدەنگ یان باڵی كۆترەكانی شیعەكان)) ناودەبران لەبەر هەڵوێستە دژ و ئاشكراكانی دژی حكومەتی عێراق و ئەمریكیەكان.
بەم شێوەیە موقتەدصەدر باكگراوندێكی تێكەڵ و پێكەڵی سیاسی و ئاینی و توندوتیژی هەیە و ڕەنگە شەهیدكردنی باوكی و براكانی و هەڵگرتنی لێپرسراوێتی ئیشوكارەكانی بنەماڵەی خۆی لە زەمەنی بەعس و دواتریشدا و لەتەمەنێكی كەمەوە هەموو ئەمانە جۆرە فشارێكی دەروونی قوڵیان كردبێتە سەر گوتار و كردار و هەڵسوكەوتەكانی،هەربۆیە كەسایەتیەكی نادیار و ڕاڕاو و نەفەس كورت و توڕە و توندوتیژی لێدەخوێنرێتەوە.كە لە دونیای سیاسەتدا ئەم جۆرە كەسایەتیانە كەسێكی سەركەوتوو نابنو دەكەونە هەڵەی گەورەی سیاسی و ئاینی و ئابوری و سەربازیەوە كە كاریگەری خراپ دەكەنە سەر جۆری حوكمڕانی و كۆمەڵگاش.بۆیە موقتەدا صەدر لەماوەی ئەم 19 ساڵەی ڕابووردوودا هێندەی وەك سەركردەیەكی سیاسی و سەربازی و جەماوەری توندڕە و بێ‌ ئارام و ڕاڕا دەركەوتوە نیوهێندە وەكو كەسایەتیەكی هێمن و سیاسیەكی موحەنەك و لەسەرخۆ و جێگە باوەڕی سەركردە و حیزبە سیاسەكان و تەنانەت هاوپەیمانەكانیشی و دواجاریش دواكەوتە و جەماوەرەكەشی دەرنەكەوتوە.هەربۆیە سەركردەیەكە كە جێگەی بڕوا و متمانەی تا سەر نیە بۆ هیچ كەس و لایەنێك.ئەوەتا هەر لەساڵی 2022دا و دوای هەڵبژاردنە پێشوەختەكەی 2021 چەندین هەڵوێست و گوتاری جیاجیاو دوورلەیەكی نواندوە كە تەنانەت هاوپەیمانەكانیشی ئیحراج كردوە لە كورد و سونەكان.
بۆیە بەهەق دیاردەی موقەتدا صەدر لەدونیای سیاسی عێراقیدا نمونەیەكی زۆر جیاواز و دوورە لەهەموو نەزم و ئەتەكێت و شارەزایی و ئەزموونی سیاسی لەگەڵ ئەوەی كەلە بنەماڵەیەكی ئاینی و سیاسی دێرینیشەوە هەڵكەوتوە.بەبڕوای ئێمە تاكە چەكی بەهێزی دەستی موقتەدا صەدر تەنها ناوبانگە گەورەكەی بنەماڵەكەیەتی لەڕووی ئاینی و سیاسی و ئیداریەوە و هەڵوێستە شۆڕشگێڕانەكانیانە دژی ڕژێمی بەعس و ژمارەی شەهیدەكانیان و دواتریش ئەمریكیەكان  و هەر ئەمەش كردویەتیە خاوەنی شەقام و جەماوەرێكی پانوپۆڕی گوێڕایەڵ وگەورەی شیعەكانبەتەنها و لەبەرامبەر دەیان هێز و حیزب و سەركردەی سیاسی تری شیعەكاندا.ئەگینا لەڕوی كەسایەتی وكاریزمایەتی سیاسی و دووربینی و پشوودرێژی و ئەزمونەوە موقتەدا صەدر نمونەیەكی شكستخواردووی سیاسەت و سیاسیەكی نامولتەزیم و ناهاوسەنگی شیعە مەزهەبی عێراقیە و هیچی تر.



11/07/2022



وتارەکانی تری نوسەر