لەساڵی 2019دا..دونیایەكی شڵەژاو، ناوچەیەكی نائارام، كوردستانێكی ناتەبا!

نەوزادی موهەندیس

بەداخ و كەسەرێكی زۆرەوە ،هەموو ساڵەكانی مێژوومان هەر بەتاریكی و ڕەشی و بێخێری و بێ‌ خۆشگوزەرانی بەڕێدەكەین و وامان لێهاتوە كە هیچ كات خوازیاری دووبارەبونەوە ساڵەكانی تەمەن و ژیان و گوزەرانمان ناكەین و ناڵێن ((ساڵ بەساڵ خۆزگەمان بە پار))،چونكە یەك لەیەكتری تاریك و تونتر و پڕ ئاژاوە و كارەسات و مەرگەساتی جەرگبڕن بۆ كورد و گەلانی ناوچەكە و دونیاش.هەربۆیەش ساڵی 2019 بەهەمان دەردی ساڵانی پێشووترە و هیچ خۆشی و خێروبێر و دەسكەوتێكی گەورەی تیادا وەدینەهاتوە نە بۆ كورد نە بۆ گەلانی ناوچەكە و نە بۆ دونیاش.

 
ئەوەتا لەسەر ئاستی كوردستان بەهەر چوار پارچەكەیەوە،بە بەردەمی لەم ساڵەدا لە باكور گرتن و كوشتن و ڕاوەدونان و تەنگپێهەڵچنینی كورد و سەركردە و ئەندام پەڕلەمان و سەرۆك شارەوانیەكانی هەدەپە پیادەكراوە لەلایەن ڕژێمی توركیا و ئەردۆگانی تاكڕەو وبێ‌ مۆڕاڵەوە.لە كوردستانی ڕۆژئاواشدا بەهەمان شێوە لەسەر دەستی سوپای ئەردۆگان و چەتە تیرۆریستەكانی پەلامار و هێرش و جینۆساید و ئاوارەبوونی سەدان هەزار لە كوردان ئەنجامدراو كوردان و خاكی كوردان ڕووبەڕووی مەرگ و كارەسات بونەوە.لەسەر ئاستی كوردستانی ڕۆژهەڵاتیش،بۆ دووەهەمین جار كوردستان و كوردەكان لە ئەنجامی خۆپیشاندانی ناڕەزای لە دەسەڵات و گرانی ژیان و گوزەرانیان وەكو هاوڵاتیانی تری ناوچەكانی ئێران ڕووبەڕووی مەرگەسات بونەوە،بەڵام زۆر بەتوندتر و نامرۆڤانەییانەتر ڕووبەڕوویان بونەوە و چەندین لاوی كوردیان قەتڵوعام كرد و لە كونجی بەندیخانەكانیان توندكردن و چەندین كۆڵبەر و چالاكوانی كوردیان لە قەنارەداوە و بە فیشەكی نامەردی شەهیدیان كردوون.لەكوردستانی باشووریشدا،وەكو ساڵانی پێشووتر نائارامی سیاسی و ئابوری و ئەمنی بونیان هەبوە و كوردستانێكی ناتەبا لەنێوان سەركردە و حیزبە سیاسیەكان و حكومەتێكی ناكامڵ بەرقەراربوە و خۆشی و خۆشگوزەرانی نەبوە و ئاوەدانی و پڕۆژە خزمەتگوزاریەكان ڕاوەستاون و هەڕەشەی داعش و تیرۆریستانیش چەندین ڕۆڵەی گەلەكەمانیان شەهیدكردەوە و مووچە و بودجەی فەرمانبەرانیش هەر بە پاشەكەوتی ماوەتەوە و هێشتاش قەرزێكی زۆرمان لەسەر كەڵەكەبوە.و لەگەڵ عێراقیشدا ئاسۆكان زۆر ڕووون نین.

 
بەم شێوەیە لەساڵی 2019دا كوردستانێكی ناتەبا و هەژار و دوور لە ئاوەدانی و خۆشگوزەرانیمان بەڕێكرد.

 
لەسەر ئاستی ناوچەكە،وەك ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست،وەك هەمیشە كوانووی ململانێ‌ و شەڕ و جەنگ و هەڕەشە و مەترسیەكان بوە،ئەوەتا لە هەریەكە لە ئێران و توركیا و عێراق و سوریا و لیبیا و یەمەن و سعودیە و قەتەر و لوبنان و لیبیا و تونس و جەزائیر و سودان و فەلەستین و ...هتد. هەموانیان گیرۆدەی خۆپیشاندان و ناڕەزایی جەماوەری توڕە و زویر بونەتەوە لە بەرامبەر دەسەڵاتە گەندەڵ و خوێنڕێژەكانیان و لەهەندێكیاندا جەماوەر سەركەوتوو بوە وەك سودان و جەزائیر و تونس و لەهەندێكی تریشدا هێشتا دەسەڵاتە خۆسەپێن و گەندەڵەكان بەرگری دەكەن لەمانەوە و دەسەڵاتیان وەك لە عێراق و ئێران و توركیا و سوریا و یەمەن و ئەوانی تردا.هەرچەندە ئەو خۆپیشاندانە جەماوەریانە بونەتە خاڵی یەكلاكەرەوە و تەنانەت بڕیاردەریش لەسەر ئایندەی دەسەڵات ومێژووی ئەو كۆمەڵگایانەدا و هوشیاری سیاسیان گەلێك بەرزبۆتەوە و بونەتە جێگە و سەرچاوەی فشار بۆ دەسەڵاتەكان و توانیویانە گۆڕانكاری لە حكومەتەكاندا بكەن وەك لوبنان و عێراق،بەڵام هێشتاش ململانێكان توندن و بەردەوامیان هەیە.و نازانێرت ئایندە چی حەشارداوە بۆ ئەم ناوچەیە.

 
بەم شێوەیە لەساڵی 2019دا ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش تەواو نائارامی سیاسی و ئابوری و ئەمنی تەنیویەتیەوە و هیچ دەسكەوت و پێشكەوتن و خۆشگوزەارنیەكی لێنەكەوتۆتەوە.

 
لەسەر ئاستی دونیاشدا،بەهەمان شێوە دونیایەكی پڕ ململانێی سیاسی و ئابوری و بازرگانی و ئەمنی بوە،ئەوەتا ئەوروپیەكان ناتەباو و لێكترازاو و ڕاوەستانی گەشەی ئابوری و جیابونەوەی بەریتانیاشی بەخۆوە بینیوە و لەگەڵ توركیادا نێوانیان ساردە لەسەر كێشەی قوبروس و یۆنان و چەكوچۆڵكڕینی ڕوسیا و ئاوارەكان و ..هتد. ئەمریكا بۆخۆی توشی گێژاوێكی سیاسی بۆتەوە بەهۆی كردار و گوتارەكانی سەرۆك ترامپەوە لەبەرامبەر دۆست و نەیارەكانی ئەمریكادا لەدونیادا و لە هەڵوێستێكی كەم وێنەدا لە مێژووی حوكمڕانی ئەمریكادا كارگەیشتۆتە ئەوەی كە متمانەی لێوەربگیرێتەوە لەبەر خراپی بەكارهێنانی دەسەڵاتەكان و بەرژەوەندخوازی كەسی و بنەماڵەیی و كۆمپانیاكانی.كیشوەری ئەفریقیا و ئەمریكای لاتینیش بەدەر نەبوون لە ئاژاوە و ململانێ‌ بازرگانی و ئەمنیەكان و بڵاوبنەوەی نەخۆشیە پەتاییەكان و كارەساتە سروشتیەكان،ئاسیاش بەبوونی كۆریای باكوری هەڕەشە بۆ سەر ئەمنیەتی كۆریای باشور و یابان هەرگیز ئارامی بەخۆوە نابینێت و چینی زلهێزیش كێشەی سیاسی و ئابوری و بازرگانی و جەماوەری كەمی نەبوە لەناوخۆی خۆی لە هۆنگ گۆنگ و لەگەڵ ئەمریكا و تەنانەت ڕوسیاشدا، ڕوسیای گەورە زلهێزیش بەهۆی دەستێوەردانەكانی لە سوریا و لیبیا  لەبەرامبەر ئەمریكادا خۆی بینیوتەوە و بەهاوكاریكردنیشی لەگەڵ توركیا و ئێران  چەك پێفرۆشتن و پشتگیریكردنیان و هەوڵدانی بۆ هاتنی بۆناو وڵاتانی كەنداوی عەرەبیش هێندەی تر لەگەڵ ئەمریكادا پەیوەندیەكانی ساردی تێكەوتوە.لەگەلێك وڵاتی تری ئاسیا و تەواوی دونیاشدا بەهۆی برسێتی و تیرۆر و كارەساتە سروشتیەكانەوە گیرۆدەی ئاژاوە و شڵەژانی بەردەوام بونەتەوە.

 
بەم شێوەیە لەساڵی 2019دا  دونیایەكی شڵەژاو و نائارام و پڕ ململانێی سیاسی و بازرگانی و ئەمنی گوزەری كردوە و لەسەر ئاستی بازاڕەكانی نەوتی جیهانی و پێشچكەوتنە پیشەسازیەكان و ..هتد.سستی و پاشەكشەی گەورەی بەخۆوە بینیوە.

 
هەرچەندە هەندێك ڕووداوی گرنگی ئەرێنیش ڕوویانداوە كە بونەتە مایەی هەڵكێشانی هەناسەیەكی ئارامی بۆ تەواوی جیهان،وەك كوشتنی خەلیفەی داعش ئەبوبەكر بەغدادی و نەتەقینەوەی ململانێكانی ئەمریكا و ئێران تاكو ئێستا كە ناوچەكە و دونیاشی دوورخستەوە لە جەنگ و كاولكاریەكی گەورە.بەڵام هێشتاش مەترسی سەرهەڵدانەوەی داعش و هەڵایسانی جەنگی ئەمریكا ئێران هەر ئامادەگیان هەیە و ماوە.

 
لەكۆتایدا ساڵی 2019 بۆ تەواوی گۆی زەوی و كۆمەڵگای مرۆڤایەتی ساڵێكی پڕ وەیشومە و نەهامەتی و كارەسات و دواكەوتن و ململانێی ناڕەواو جەنگ و هەڕەشە و مەترسی بوە بۆ سەر هەموان،لەسەر ئاستی كەسی خۆشم ساڵێكی پڕ نەخۆشی و كێشە و گرفت و چەقبەستوی بوە لە ژیانمدا ،هەربۆیە هەرگیز ئاواتی دووبارەبونەوەی بۆ ناخوازم ،بەڵام وەك دەوترێت بێئومێدیش نیم لە ئایندە و خوازیاری ساڵێكی نوێی پڕ خێر و خۆشی و كامەرانیم بۆ تەواوی مرۆڤایەتی  و كورد و كوردستان دوور لەجەنگ و كاولكاری  لەساڵی 2020دا.

 

31/12/2019



وتارەکانی تری نوسەر