هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەڕلەمانی عێراقی،لە پێناو چیداو بەقازانجی كێ؟

نەوزادی موهەندیس

لەدوای بەناو ڕزگاركردنی عێراق لەلایەن هێزی هاوپەیمانانەوە بە ڕابەرایەتی ئەمریكا لە ساڵی 2003وە و تاكو ئێستا چوار خولی هەڵبژاردنی پەڕلەمانی عێراقی ئەنجامدراوە.بەڵام لە هیچ خولێكدا نەتوانراوە كار و ئەركی پەڕلەمانی بەتەواوەتی جێبەجێبكەن لە یاسادانان و چاودێریكردنی حكومەتەكانی عێراق لەماوەی 17 ساڵی ڕابووردودا،پەڕلەمان بەداخەوە بۆتە ئۆرگانێكی بێكەڵكی  ڕەزا قورس و بارگرانی بەهۆی بێتوانایی و خەرجیە زۆرەكانیەوە لەسەر ئەستۆی تاكی عێۆاقی و گەنجینەی وڵاتیش.ئم پەڕلەمانەی بەناو یەكێكە لە سێ‌ ئۆرگانە سەرەكیەكانی حوكمڕانی و سیمای گەشی دیموكراسی،بەڵام نەیتوانیوە ڕێگە بگرێت لە پەتای گەندەڵی و بەهەدەردانی سەروەت و سامانی وڵات و  نەیتوانیوە ببێتە ئۆرگانێكی فشاری بەهێز لەسەر حكومەتەكان بۆ ئەوەی بەئەرك خۆیان هەستن لە دابینكردنی لانی كەمی ژیان و گوزەرانێكی پڕ كەرامەت بۆ تاك و كۆمەڵگای عێراقی و لانی كەمی خزمەتگوزاریە سەرەكیەكانیان بۆ دابین بكەن و هەوڵی ئاوەدانكردنەوە و گەشەدانی وڵات بدەن و سەرقاڵی نەهێشتنی دیاردەكانی بێكاری و نەخوێندەواری و نەخۆشی و دواكەوتوویی و هەژاری لە وڵاتدا بدەن. جا پەڕلەمانێك كە هێندە بێ‌ كەڵك و بێسوود بێت و بوێری ئەوەی نەبێت حكومەتێك لەكار بخات و تەنانەت وەزیرێكیش لەسەر گەندەڵی و بێتوانایی لێپرسینەوەی لەگەڵدا بكات ومتنمانەی لێوەربگرێتەوە .ئیدی بوونی چ قازانجێكی هەیە.پەڕلەمانێك كە بەپێی دەستور نمایندەی چین و توێژەكانی كۆمەڵگایە و نۆنەرایەتی ئەوان دەكات نەتوانێت لەسەر مافە ڕەوا و داواكارەكانی گەل هەڵبداتێت ئیدی بوونی یان نەبوونی وەك یەك وانیە؟

 
هەربۆیە دوای 17 ساڵ شەقام و تاك و گروپ و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگای عێراقی لە باشوور و ناوەڕاستی عێراق  گەیشتنە ئەو بڕوایەی كە چیدی پێویست بە پەڕلەمانێك ناكات كە بەرگری لە گەندەڵگاران بكات و هیچ جوڵە و فشارێكی بە قازانجی گەل نەبێت، بۆیە لە خۆپیشاندانەكانی مانگی ئۆكتۆبەری ساڵی 2019 و دواتریش و بە ئێستاشەوە یەكێك لەداواكاریەكانیان بریتی بوو لە هەڵوەشانەوەی پەڕلەمان و ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی پێشوەختە بۆ پەڕلەمانێكی نوێ‌.
لەئێستادا و دوای نزیكەی یەك ساڵ لەم داواكاریە و گۆڕانكاری لە حكومەتدا و هاتنە سەر حوكمڕانی لەلایەن مستەفا كازمیەوە وەك سەرۆك وەزیران،وەك وەڵامدانەوەیەكی خۆپیشاندەران یڕیاردراوە كە هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجام بدرێت لە 6/6/2021دا پێش تەواوبونی ماوەی یاسایی ئەم خولەی پەڕلەمان لە مانگی ئایاری ساڵی 2022دا.

 
پرسیار لێرەدا ئەوەیە ،كە ئەم هەڵبژاردنی پَشوەختەیە بۆچی و بە ئامانجی چی؟ ئایا هەڵبژاردنی پێشوەختە لە قازانجی چ كەس و لایەن و گروپێك تەواو دەبێت؟ ئایا هەڵبژاردنی پێشوەختە دەرمانی هەموو دەردەكانی كۆمەڵگای عێراقی دەكات ؟ و دەیان پرسیاری تریش..

 
هەڵبژاردنی پێشوەختە سەرەتا وەك وەڵامدانەوەیەك و گوێڕایەڵی حكومەتە بۆ داواكاری خۆپیشاندەران و شەقامی توڕە و ناڕازی عێراقی و بە ئامانجی هەنگاونانە بەرەو ئاسۆیەكی ڕوونتر و هێنانە پێشەوەی وزە و توانا و كەسایەتی نوێی گەنجە بۆ ناو ناوەندی بڕیار و دەسەڵات لە عێراقدا كە دوور بن لە گەندەڵی و مشەخۆری و پشكپشكێنەی حیزبی و تایەفی و نەتەوەیی و بەهیوای هێنانەی دی دادپەروەری كۆمەڵایەتی و نەهێشتنی جیاوازی لە مووچە و ئیمتیازات لەنێوان پلەباڵاكان و چینەكانی خوارەوە،بەئامانجی دەربازكردنی عێراقە لەو بازنە بۆشە و لەو گێژاو و ململانێ‌ سیاسیە ناڕەوایەی كە 17 ساڵە بەدەستیەوە دەناڵێنێت بەتایبەتی لەناو ماڵی شیعیدا،بەنیازی ئەوەی عێراق بگڕێنرێتەوە بۆ جوگرافیا نیشتیمانی و نەتەوەییەكەی و دووربخرێتەوە لە فەلەك و هەژموونی وڵاتانی دراوسێ. خۆ ئەگەر ئەم ئامانج و نیازانە لەم هەڵبژاردنە پێشوەختەدا هاتە دی ئەوا بەدڵنیایی بە قازانجی چین و توێژە توڕە و ناڕازی و پەراوێزخراوەكەی كۆمەڵگای عێراقی تەواو دەبێت و دەستی حزب و سەركردە سیاسیە گەندەڵەكان و وڵاتانی دەرودراسێ دەبڕدرێت و ئومێدەكان چەكەرە و چرۆ دەكەنەوە بە ئایندەیەكی نوێ‌ و گەشاوە بۆ عێراق و بەهەرێمی كوردستانیشەوە.

 
بەڵام دەبێت ئەو ڕاستیانەش لەبیر نەكەن كە ئەم هەڵبژاردنە و بەو نیاز و ئامانجانەی كە لەسەری هەڵچنراوە،ئاشكرایە دۆستی كەم و نەیاری زۆری هەیە و لێناگەڕێن بەئاسانی دووربخرێنەوە و دەسەڵاتیان قەتیس و بچوك ببێتەوە و لە ئیمتیازات و لەزەتی كێكە شیرین و بەتامەكەی سەروەت و سامانی عێراق بێبەش بكرێن.بەتایبەتیش ئەو سەركردە و حزب و لایەنانەی كە خاوەنی ملیشیای چەكدارین و بەتەواوەتی كەوتونەتە ژێر هەژموونی وڵاتانی دراوسێ‌ و بە قازانجی ئەوان كاردەكەن.هەربۆیە ناكرێت ئەم هەڵبژاردنی پێشوەختەیەش بە دار عەسای موسا سەیر بكرێت و لە شەو و ڕۆژێكدا تەواوی گەندەڵی و ناعەدالەتی و ناڕێكی 17 ساڵی  ڕابووردوو چارەسەر بكات و بە دەرمانی 7 دەردە لێیبڕوانرێت،بەڵام بۆخۆی دەبێتە هەنگاوێكی سەرەتایی بۆ ئاڵوگۆڕی دەسەڵات و لێپرسینەوەی دەسەڵاتداران و بەهەند وەرگرتنی ڕای شەقام و بەدەنگەوە هاتنی داواكاریەكانیان و خستنەوە سەر سكەی ڕاست و دروستی گەشە و ئاوەدانی وڵات و دەربازبوون لە چەقبەستوویی 17 ساڵەی ڕابوودوو و كاڵبونەوەی هەژموونی خیزب و سەركردە و تایەفە و وڵاتانی دراوسێ‌.چونكە ئەم هەڵبژاردنەش بۆخۆی كێشە و گرفتی زۆری لەبەردەمدایە لەڕووی سیاسی و دارایی و ئەمنی و تەندروستی و ..هتد.

 
بەهیوای ئەوەی كە ئەم هەنگاوە ڕاست ودروستە هەڵبنرَێت و ئامانح و نیازە ڕاست و ڕاستگۆكانی كە لەسەری هەڵچنراوە بێنە دی و كۆمەڵگای عێراقی بە كوردستانیشەوە لەسایەیدا ئاهێكی فەرەحیان پیادا بێتەوە و خواست و ویستەكانیان لەدابینكردنی ژیانوگوزەرانێكی پڕ شكۆدا بێتە دی.

 

08/08/2020



وتارەکانی تری نوسەر