تاكەی هەرێمەكەمان لە قەیراندا دەمێنێتەوە؟

نەوزادی موهەندیس

ئاشكرایە هەر كار یان كارەسات و قەیران جا سروشتی بن یان مرۆڤكرد ،جەنگەكان و ئاشتیەكان،هەموانیان خاڵی دەستپێك و كۆتاییان هەیە  گەرچی درێژەش بكێشن،چونكە لەئەنجامی هەڵسەنگاندنی گۆڕانكاری و پێشهاتەكان و بە پەندوەرگرتن لە ڕووداوەكان و كاریگەریە خراپەكانیان،لایەنی پەیوەندیدار و دەستڕۆیشتوو و بڕیار بەدەستەكان لە حكومەتدا بێت یان لەدەرەوەی حكومەتدا،لەهەوڵی دۆزینەوەی ڕێگا چارەی گونجاودان بۆ دەربازبوون لەو قەیران و ئاریشەیەیی كە تێیكەوتوون،جا قەیرانەكان سیاسی بن یان ئابوری و بازرگانی بن یانیش ئەمنی و جەنگ و یاخود تەندروستی و بڵاوبونەوەی نەخۆشی بن یان هەڵاوسان و دارایی و كورتهێنان و بێكاری و هەژاری و برسێتی و ..هتدبن.بۆیە ناكرێت و كارێكی لۆجیكیش نیە كە تاسەر بۆ مەودای دوورودرێژ هیچ قەیرانێك بەردەوام بێت،چونكە لەلایەك سروشتی گۆڕانكاریەكانی دەوروبەر و جیهان بەتایبەتی لەم سەردەمەدا هێندە خێرا و كتوپڕن و لەلایەكی تریشەوە سروشتی مرۆڤەكانیش  هیچ كات قایل نابن  بە دەستەوستانی و لاوازی و نەبونی پەرچەكردارێك بۆ خۆ دەربازكردن و ڕزگاركردن لەو دۆخە خراپەی كە تیایدان. هەربۆیە  هەموو قەیرانەكان سەرەتاو كۆتاییان هەیە چەندە كاریگەر و كەمەرشكێنیش بن.

 

بەڵام ئەوەی لەم هەرێمی كوردستانەدا دەبینرێت،بریتیە لەوەی كە نەك قەیرانێك بەڵكو دەیان قەیران بەرۆكی گرتوە و كەچی دەسەڵاتدارانیش بێخەم و بێدەنگ و چەقبەستوو لە جێگەی خۆیاندا پڕكێشی ناكەن بۆ چارەسەركردنیان،ئەوەتا قەیرانی دارایی لەساڵی 2014وە بەرۆكی بەم هەرێمەی گرتوە كە توندترین بوە لەسەر ئاستی ناوچەكە و تەنانەت دونیاش،زۆرێك لەوڵاتان قەیرانەكەیان تێپەڕكردوە و لە ئێستادا كەوتونەتە خۆ بۆ پلان دانان بۆ هەستانەوە و گەشەدان و ئەوەی دەكرێت بۆ سڕینەوەی ئاسەوارە خراپەكانی قەیرانەكە.بەڵام لەم هەرێمەدا نەحكومەت ونەدەسەڵات نە ئۆپۆزسیۆن و نە جەماوەر و نە ڕێكخراوە مەدەنی و دیموكراسیەكان كۆدەنگیەكی نیشتیمانیان و سازانێكی خەمخۆرانەیان لێوە بەدیناكرێت بۆ هەوڵدان بۆ دەربازبوون لەم قەیرانە و هەموان دوورلەیەكتر و تەنانەت دڕدۆنگیش و نەیار بەیەكتر و هەریەكەیان لە دۆڵێكدا دۆشداماوە و نە توانای بزاوتی خۆی هەیە نەتوانای بەیەكگەیشتنی دەنگە جیاوازەكانیشیان هەیە،هەربۆیە ئەم قەیرانەی لەم هەرێمەدایە بێوێنەیە و بە خراپترین شێوە كاریگەری خستۆتە سەر تەواوی تاك و كۆمەڵگاكەمان و برسێتی و هەژاری و نەخوێندەواری و سەرەڕای ئەمانەش پەتای كۆرۆناشی هاتۆتە سەر،بۆیە كەمتەرخەمی و بێباكی یان بێدەسەڵاتی و نەتوانین لە دۆزینەوەی ڕێگا چارە لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە هێندەی تر قەیرانەكانی قوڵ و كاریگەر تر كردوە.و تائێستاش ئاسۆیەكی ڕوونیش بونی نیە بۆ ئەوەی ئومێدێك گەر بچوكیش بێت بە ئایندەیەكی نزیك.

 

ئاشكرایە لە جیهانی ئێستادا زۆرێك لە كۆمەڵگا و وڵاتان بە زلهێز و پێشكەوتوەكانیشەوە دەناڵێنن بەدەست دەیان قەیرانی سروشتی دروستكراوەوە لە چوارچێوەی ململانێ‌ ناڕەواكانیان لەسەر هەژمون و بەرژەوەندی و نفوز و هێزەكانیان لە دونیادا،بەڵام لەگەڵ ئەمانەشدا چونكە خاوەنی حكومەت و دامەزراوەی زانستی و تەكنەلۆجیا و بیركردنەوە و پلانن بۆئەوەی تابتوانن هەوڵی سووكركردنی ئاسەوارەكانی قەیرانەكان دەدەن.

 

هەربۆیە گەرەكە كە حكومەتی هەرێمیش و لەگەڵیشدا سەركردە و حیزبە سیاسیەكانیش هەموان پێكەوە دەستبدەنە دەستی یەكتری بۆ كۆتایی هێنان بەم قەیران و كێشە و ئاریشانە كە خەریكە بڕستی ژیان لە تاك و كۆمەڵگاكەمان دەسێنێت،و ناكرێت میلەتەكەمان بۆ قەدەری نادیاری خۆی بەجێبهێڵدرێت،ئەمەش لەڕێگەی پڕۆسەیەكی گشتگیر و بەردەوامی چاكسازی دەبێت لەهەموو بوارەكانی حوكمڕانیدا هەر لە یاسادانان و دادوەری و جێبەجێكردندا،ئەمەش بە بەسەرداچوونەوە و نەهێشتنی هەڵە و كەموكوڕیەكان و بەهەدەردانی سەروەت و سامان و نەهێشتنی گەندەڵی كە بۆتە مخۆركەی هەیكەلی ڕێكخستنی ئەم دەسەڵاتە و دواتریش دابینكردنی یەكسانی و عەدالەتی كۆمەڵایەتی و دووركەوتنەوە لە تۆخكردنەوەی حیزبایەتی و هاندانی هەموان بە تاك و كۆمەڵگاو گروپەكانەوە بۆ بەخۆخاوەن زانینی ئەم وڵاتە نەك وەك بێگانەیەك لەدوورەوە سەیر بكەن و تەنها بۆ حكومتی بەجێبهێڵن.

 

جا پڕۆسەی چاكسازیش وەك دەڵێن پیاوی بەهێز و كارامە و بێباكی دەوێت كە خۆی بەشدار نەبێت لە گەندەڵی و بەهەدەردانی سەروەت و سامانی وڵاتدا،چونكە چاكسازی بە كەسانی گەندەڵكار و بێمتمانە بەخۆ ناكرێت و سەرناگرێت. چونكە پڕۆسەكە  گرنگ و كاریگەرە و دوو دەمی تیژی هەیە كە لەكاتی سەرنەوكەوتنیدا بە دژ و بەزیانی گەورەتر دەشكێتەوە،جا هیچ وڵات و كۆمەڵگایەك لەسایەی دەسەڵاتێكی گەندەڵەوە نە پێشدەكەوێت و نەخۆشگوزەران دەبێت. بۆیە دەبێت هەرچی زووە حكومەت هەوڵی دۆزینەوەی ڕێگا چارەی عەقڵانی بدات و كۆتایی بەم هەموو قەیرانانە بێنێت و لە پێش هەموانیشەوە قەیرانی دارایی و بودجە و مووچەی مووچەخۆران و دانانی بەرنامە و پلان دابڕێژێت بۆ چاكسازی لەهەموو سێكتەرەكانی نەوت و كشتوكاڵ و پیشەسازی و تەندروستی و ئەمنی و پەروەردە و خوێندنی باڵاو ئەوانی تریش. چونكە زیاتر درێژەكێشانی ئەم قەیرانانە بوون و بەردەوامی ئەم قەوارەیەی هەرێمەكەمان دەخاتە بەر مەترسی لەناوچوون و بچوكبونەوە كە ئەمەش خەونی دوژمنان و شەرمەزاری تاكبەتاك كۆمەڵگاكەشمانە لەبەردەم خودا و خەڵك و مێژووشدا.


20/08/2020



وتارەکانی تری نوسەر