نوسین بۆ ؟ ڕەخنەش بە ئامانجی چی ؟

نەوزادی موهەندیس
ئاشكرایە كە كاری نوسین و داهێنان و دەرخستنی ڕاستیەكان و پیشاندانیان بە تاك و كۆمەڵگا و دەسەڵاتەكان ،لە مێژەوە تاكو ئێستا كارێكی قورس و پڕ ئازار و كێشە و گرفت بوە بۆ خاوەنەكانیان ،جا لەهەر بوارێكدا بوبێت،وەك بواری سیاسی و ئابوری و ئەدەبی و فەرهەنگ و مێژوو ئەمنی و ...هتد.كە خاوەنەكانیان هەمیشە كەسانی بێزراو بوون لەلایەن دەسەڵاتەكانەوە یان گروپ و تاكەكانەوە كە ئەو نوسینانە لە قازانج و بەرژەوەندی ئەوان نەبوە یان ڕاستەیەكان تاڵ بون و ئێشی پێگەیاندون ..بۆیە خاوەن نوسینەكان هەمیشە كەسانی بوێر و ئازا و چاونەترس و دەرچووبوون لە ئیتیك و سنورە باوەكان و هێڵە قەدەغەكراوەكانی ناو كۆمەڵگاكانی خۆیان و بە دەیان هەنگاو لە پێش كەسانی ئاساییەوە بوون و هەمیشەش لە پێشەنگ و ڕابەرایەتی كۆمەڵگاكانیاندا قسەی خۆیان و خاوەنی بیر و ڕای ئازادانەی خۆیان بوون، و هەمیشە دەستیان بردوە بۆ هەموو كونج و قوژبنێكی ژیان وەك ئەوەی كە موڵكی تەواوی مرۆڤایەتی بن نەك تاك و سەركردە و بنەماڵە و چین و توێژ و خێزانێكی دیاركراو ،مێژوو موڵكی هەموو مرۆڤایەتیە،ڕاستی وتن ئەركی هەموانە ،دەرخستنی گەندەڵی و دیاردە دزێوەكان  ئەركی هەموانە ، لە پێش هەموانیشەوە ئەركی بیرمەند و نوسەر و منەوەرەكانی كۆمەڵگایە، بەمەبەستی وشیاركردنەوەی تاك و كۆمەڵگا بە ماف و ئەركەكانیان نەك تەنها بۆ خۆدەرخستن و پیاهەڵدان و بەرژەوەندی و دەسكەوتی كەسی،بەپێچەوانەی كەسە ترسنۆكەكان و بێهەڵوێست و بێمتمانە بەخۆكان كە هەمیشە لە بن پێ و لە ناو لیتەی كۆمەڵگاكانیاندا بوون. هەربۆیەش كاری نوسین و ڕۆژنامەگەری یەكێكە لەكارە سەخت و پڕ ئێش و ئازارەكان و كاری هەموو كەس نیە،بەڵكو كاری خوێندەوار و منەوەرو بەسەلیقە و ڕۆشنبیر و بیرمەندو كەسە بوێرەكانە نەك نەخوێندەوار و كەسانی بێتوانا و كورتە باڵای خوێندن و نوسین.
 
جا هەربۆیە هەمیشە خاوەن قەڵەمە بوێرەكان و خاوەن نوسینە بەهێزەكان و خاوەن مێژوە ڕاستگۆ و ڕاستەقینەكان و خاوەن پیشاندەری ڕاستیەكان و ئەو كەسانەی كە پەردەی جەهل و نەزانین و بیركۆڵی تاك و كۆمەڵگاكانیان هەڵدەدەنەوە جا لەهەر بوارێكدا بێت ئەوا زۆر جاران دەكەونە بەر ڕەخەنەگرتنێكی بێتام و ئاست نزم و پوچ و چروك و بێمانای دوور لە ئیتیكی نوسین و ڕەخنەگرتنی بیناكەر، ئەو گرگنی قەڵەمانە پەنادەبەنە بەر بەكارهێنانی زمانی زبر و نالۆژیكی و دوور لە ئاداب و بەها جوانەكانی كۆمەڵگا و هاوڕێیەتی و دۆستایەتیش.چونكە ڕەخنەكانیان هێندەی پاڵنەرەكانیان پڕ ڕق و كینە و خۆبەكەمزانین و چاوپیان هەڵنایەت بەكاری نوسەران و داهێنەر و ئەدیب و ...هتد. كە دەتوانن ئەفراندان و داهێنان بكەن و ئەمانیش قەزەم و هیچ نەزان و بێتوانان،لە نەزانین یان گەمژەییانەوە هەوڵدەدەن كە هەڵزنن بە باڵای بەرزی نوسەران و لێكۆڵەر و مێژوونوس و هەق بێژ وڕاستگۆكاندا.
 
نوسەران و بیرمەند و ئەدیب و ڕۆشنبیران، گەر نوسینەكانیشیان  بەهێندەی گەورەیی كۆمەڵگا و مێژوو و خەباتی گەلەكانیشیان نەبێت ،خۆ توانیویانە ڕێگە ڕۆشنبكەنەوە و بەسەدان و هەزاران ئاشنا بكەن بە مێژوو و ڕاستیەكان و توانیویانە دەستپێك و خاڵی سەرەتا و هەنگاوی یەكەم هەڵنێن بە ئاڕاستەی بیناكردن و ڕۆشنگەری و وشیاركردنەوەی تاك و چین و كۆمەڵگاكانیان،هەربۆیە شایەنی ڕێز و گەورەیی و پیاهەڵدانن نەك تۆتەمەت بەخشینەوە و واتەوات دواخستن و زمانی زبر و پەناگرتن بۆ دادگا و سكاڵاتۆماركردن لەسەریان.چونكە چەندە دەنگ و قەڵەمە ئازا و ئازادەكان كپبكرێن و پانتایی ئازادیەكان تەسكبكرێنەوە،هێندەش ڕق و بێزاری تاك و كۆمەڵگاكان لەبەرامبەر دەسەڵاتەكان و گروپ و مافیا و مشەخۆر و گەندەڵەكان ئەستورتر دەبێت.
 
هەمیشە وتراوە (( نوسین و ڕەخنە)) تەواوكەری یەكترین و جووت جەمسەری هاوكێشەیەكی هاوسەنگن،بەتایبەتیش كە ڕەخنەی دروستكەر لەهەر كەسێك بگیرێت گەر بەمەبەستی ڕاستكردنەوە و بەخۆداچونەوە و بۆ بیناكردنی ئایندەی كەسەكە بێت هەمیشە ڕێزلێگیراوە و هێندەی تر سوودی دەبێت بۆ كاری ئایندەی ڕەخنە لێگیراو .بەڵام كاتێك ڕەخنە بوە ئامێری شكاندن و هەڕەشە و توندڕەوی و بۆكەمكردنەوە و بچوك سەیركردنی نوسەران و كارەكانیان بێت ئەوا بەدڵنیاییەوە بەسەر ڕەخنەگر خۆیدا دەشكێتەوە پێش ئەوەی نوسەر بچوكبێتەوە یان زیانی بەركەوێت.بۆیە گەرەكە هەركەسێك ڕەخنەگرێكی ڕاستەقینە و ڕاستگۆ بێت دەبێت لانی كەم ئەلف و بێی نوسین و ڕەخنەگرتن بزانێت  و بوێریش بێت و بەبەڵگەی سەلمێنرا و زانستیەوە وتەكانی بسەلمێنێت نەك بە هاشوهوش و دەنگەدەنگ و خۆگیڤكردنەوە یان لەژێر لێوەوە،یان بەناوی خوازراوەوە ، كەلە ئێستادا ئەم جۆرە بەناو ڕەخنەگرانە لە میدیا و سۆشیال میدیادا باویان هەیە،بەتایبەتیش كاتێك نوسەرەكە بناسیت و دۆستایەتی  و هاوڕێیەتیت لەگەڵیدا هەبێت.دەبێت دووجار بیربكەیتەوە.
 
بەهەمان شێوەش نوسەری گەورە و سەركەوتوو یان دەقە نوسینە شاكارەكان هەمیشە لە ئەنجام و بوونی ڕەخنەگری بنیاتنەر و ڕەخنەی دروستكەرەوە هاتونەتە بەرهەم،هەربۆیەش  نوسەر و ئەدیب لەگەڵ ڕەخنەگری جدیدا بەهەمان شێوە دوو جەمسەری هاوكێشەی داهێنان و ئەفراندنی شاكار و جوانن،بۆیە  بەبێ‌ یەكتر هاوكێشەكە هاوسەنگ نابێت و هەمیشەش لەگەڵ یەكتردا ناتەبا و نەیار و لەكێبڕكێدان و ڕەخنەگر وەك چاوجێرێكی وورد و بە ویژدان و جدی بەرهەمی نوسەران هەڵدەسەنگێنێت و تەتەڵەیان دەكات و خوێندنەوەی ڕاست و دروستیان بۆ دەكات،هەربۆیەش نوسەرانیش پێش دەستكردن بەهەر نوسین و دەقێك دەیان جار پێویستە بیر بكەنەوە.
 
بەڵام بەداخەوە لەم ڕۆژگارەدا بەناوی ڕەخنەگرەوە كە هێشتاش دەقی نوسینەكانیان نەخوێندۆتەوە و تەنها لەناونیشانەكەوە، دەستدەكەنە ڕەخنەی توند و زبر، جابۆیە زۆر جاران ڕەخنەگران كەسانی ترسنۆك و بێ‌ ئەزموون و دڵ پڕ لە قین و دەمارگیر و خۆبەزلزانن و هەموو كەسیان پێڕەفزە و هەموو كارێكی جوانیان پێناشیرینە و هەموو داهێنانێكیان پێ‌ هیچە،لەبەرامبەریشدا خۆیان زۆر بچوك و بێتوانا و بێبەرهەمن تەنانەت بۆ خۆیان و خێزان و گروپ و كۆمەڵگاكەشیان. جا هەركات ڕەخنە بوە ڕەخنەی ڕووخێنەر باشتر وایە كە نەوەڵام بدرێتەوە نە حسابیشی بۆ بكرێت،چونكە وەڵامدانەوەی زیاتر گەورەی دەكات و دەریدەخات .كەسی ڕەخنەگر كەبوە كەسێكی حەسود و بەخیل و دڵ پڕ لە قین ،دەبێت بەم وتە عەرەبیە وەڵام بدرێتەوە كە دەڵێت (( قل ماشئت بمسبتی، فسكوتی عن اللئیم هو الجواب)) یان وەك دەڵێن (( لست عدیم الرد ، لكن ما من اسد یجیب علی الكلاب)).
 
بۆیە نوسەران،هەمیشە دەبێت سەرقاڵی كار و نوسین و داهێنان و بەخشش و ئەفراندنی خۆیان بن و گوێندەنە  وەڕە وەڕی سەگەكانی سەر ڕێگا و دەبێت كاروانی خۆیان بەرەو پێش بەرن وەكو گوتە عەرەبیەكە دەڵێت(( القافلە تسیر و الكلاب تنبح)). بەهەمان شێوە گەر نوسەران و داهێنەران و بیرمەندان هەر خەریكی وەڵامدانەوەی ئەو جۆرە ڕەخنە و كەسە بودەڵانە بن ئەوا هەرگیز ناتوانن بگەن ئامانجی خۆیان لەبەرەوپێشبردنی كۆمەڵگاو و تاكەكان و ناتوانن دروشم و ئامانجە مرۆڤایەتیەكانیان وەدیبهَنن وەك ((ونستۆن چەرچڵ)) ی سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا و سیاسەتمەداری بەناوبانگی جیهان دەڵێت ((هیچ كات ناگەیەتە دوا مەنزڵ و ئامەنجەكانت،گەر  بۆ هەر سەگێكم بوەستیت كە پێتەوە دەوەڕێت بۆئەوەی بەردێكی تێبگریت)).
 
تەنانەت خوای گەورەش لە قورئاندا لە بەشی 19 و سورەتی فورقان و ئایەتی 63 دالە پای ئەو كەسە نەزانانەدا كە قسە بە زانا و كەسە بەویقار و بەڕێزەكان دەڵێن دەفەرموێت (( وعباد الرحمن اللژین یمشون علی الارچ هونا واژا خاگبهم الجاهلون قالوا سلاما)).
 
 جا نوسەر و ڕۆشنبیر و منەوەرەكان هەموو كات وەك ئەو پەلە بەرز و بەرهەم دارانە وان كە خەڵكی بێتوانا و گرگنەكان دەستیان پێداناگەن و بەناچاری بۆ دەسكەوتنی بەرهەمەكانیان پەڵی بەردیان تێدەگرن،بەهەشتی پیرەمێردی شاعیری گەورە جوانی فەرموە:
لقی شۆڕی درەخت بەری ئەخۆن بێ‌ ئەرك بەرد و دار
پەڵی بەرد بۆ پەلی بەرزە و لەقەش بۆسەر پەلی بەردار
 
بۆیە لەكۆتاییدا سەربەرزی و ڕووسووری تەنها بۆ كەسانی منەوەر وداهێنەر و بەبەخشش و ڕابەر و پێشەنگەكانی كۆمەڵگاكان دەمێنێتەوە و ڕووڕەشی و بچوكی و گرگنیش بۆ كەسە داخ لەدڵ و دەمارگیر و خۆبەزلزان و بودەڵەكانی مێژوو دەمێنێتەوە.

 

لەپەراوێزی كەمخوێندنەوە و زۆر ڕەخنەگرتندا


20/08/2020



وتارەکانی تری نوسەر