عێراق و هەرێم.. یەكێتی دژەكان !

نەوزادی موهەندیس

ماوەی زیاتر لە 6 ساڵە هەرێمی كوردستان گیرۆدەی قەیرانێكی دارایی توند بۆتەوە كە تائێستاش بەردەوامە و كاریگەری زۆر خراپیشی كردۆتە سەر تەواوی بوار و جومگەكانی ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان و حكومەتیش و تەنانەت كارگەیشتۆتە شەلەلكردنی حكومەت كە ناتوانێت لانی كەمی پێداویستی و شایستەی مووچەخۆرانی خۆی بدات لە مووچەی مانگانەی 30 ڕۆژی و نەتوانینی دابینكردنی خەرجیەكانی دامودەزگاكانی حكومەت و وەستانی زۆرێك لە پڕۆژە ئاوەدانی و خزمەتگوزارییەكان و  كاری وەبەرهێنانیش بەتەواوەتی ڕاوەستاوە.لە ئێستاشدا هیچ ئومێدێك بۆ دەربازبوون و تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە سەخت و دژوارە وەدیناكرێت.و هەموان لە چاوەڕوانی گۆدۆداین و ئەویش هەر پەیدا نابێت.

 
عێراقیش لە ئێستادا و ماوەی نزیكەی ساڵێكە،بەهەمان شێوە تووشی هەمان قەیران بۆتەوە و لە ئێستادا كارگەیشتۆتە ئاستێك كە نەتوانێت مووچەی مووچەخۆران لەكاتی خۆیدا دابەشبكات و  بیر لە وەرگرتنی قەرزی ناوخۆی و دەرەكی زیاتر دەكاتەوە یان پلانی كەمكردنەوەی مووچەی فەرمانبەران و خەرجیەكانی هەیە بەهەمان شێوەی هەرێمی كوردستان. بەم شێوەیە هەردوو حكومەتكەی هەرێم و بەغداد لەهەردوولا مەست و حەیرانن و نەدەتوانن حوكمڕانیەكی سەركەوتوو بكەن و نەدەشتوانن خۆیان و گەلەكانیان لەم نەهامەتیانە ڕزگاربكەن.و خاوەنی هیچ دەستپێشخەریەكی جدیش نین بۆ دۆزینەوەی ڕێگا چارەی كورت و دڵخۆشكەر.

 
بەم شێوەیە هەرێم و عێراق پێكەوە و لەیەك كاتدا ڕووبەڕووی گەورەترین و سەختترین بارودۆخی سیاسی و ئابوری و ئەمنی و تەندروستی بونەتەوە كە هیچ نەیارێك حەسوودیان پێنابات. و لەگەڵ یەكتریشدا هەڵناكەن و  بێ یەكتریش ناتوانن هیچ كامیان لەسەر قاچەكانی خۆیان بوەستن و پێویستیان بەیەكتر نەبێت و دەڵێی جمكن و جیابونەوەیان لەیەكتر زۆر مەحاڵ بوە لانی كەم لەم قۆناغەدا. بەڵام دڵنیام كە ڕۆژێك دێت كە تەنها چارەسەر و بەناچاری هەردوولا ڕووی تێدەكەن ئەویش جیابونەوەیەكی ئاشتیخوازانەیە كە لە ئایندەدا ببنە دۆست و دراوسێیەكی باش و كۆتایی بەم جەنگ و ململانێ 100ساڵەییان بهێنن .و بەم شێوەیە هەرێم و عێراق لە ئێستادا بونەتە ئەو دوو دژەی بەرامبەر یەكتر بەڵام لە چوارچێوەیەكی زۆرەملێی و پەستێنراودا یەكیان گرتوە،كە جێگەی هەردووكیانی تیادا نابێتەوە و زۆر بە بەریان تەنگە،جا بۆ خۆدەربازكردن لەم دۆخە تەقینەوە و جیابونەوەیەكی ئاشتیخوانە پێویستە نەك بە جەنگ و كوشتار،چونكە قەدەریان لە دوای جیابونەوەش هەر دراوسێ و سنور بەسنورەوە دەبن.بۆیە هەق وایە لە هەردوولاوە بە ئەقڵیەتێكی نوێوە كار بكەن بۆ ئەم پڕۆسە چارەنوسساز و یەكلاكەرەوەیە،چونكە تا ڕۆژگارەكان ئاوها بەردەوام بن نە هەرێم و نەعێراق خۆشی و خۆشگوزەرانی و ئاشتی و ئاوەدانی بەخۆیانەوە نابینن.

 
لێرەدا پرسیار ئەوەیە كە ئاخۆ ئەم قەیرانەی هەرێم و عێراق لەخۆڕا سەریان هەڵداوە؟ یان دەستكردە؟ ئایا لە ئەنجامی بێپلانی و بێ‌ بەرنامەیی بوە؟ یان سەپێنراوە و لەدەرەوەی سنورەكانەوەن؟ ئەی چۆن هەوڵبدرێت خۆ دەرباز بكرێت و ئەم قۆناغە سەختە تێبپەڕێنرێت ؟ و دەیانی پرسیاری تر..

 
سەرەتا هەموان دەزانین  كە عێراقی دوای ڕووخاندنی ڕژێمی بەعسی صدامی لەساڵی 2003 وە لەلایەن گروپێكی مافیایی لە حیزب و سەركردە سیاسیە نوێكانەوە بەڕێوە دەبرا كە تەنها لە حوكمڕانیان نەدەزانی و شەلم كوێرم ناپارێزم كەوتنە گیانی هاوڵاتیان و ژێرخان و سەرخانی وڵات و كەوتنە دزی و ڕاووڕووت و گەندەڵی كە لە ئێستادا وەك باسدەكرێت بڕی 250 ملیار دۆلار بەهەدەر دراوە لە عێراقدا، كەوتنە دروستكردنی میلیشیای چەكداری توندڕە و ،بۆ هەڵایسانی شەڕی ناوخۆی ئاینی و نەتەوەیی و مەزهەبی. كەوتنە داتەپاندنی ئەو ژێر خانە لەرزۆكە ئابوریەی كەهەبوو. كەوتنە لێكهەڵوەشانی كۆمەڵگای عێراقی،داهێنەری سیستەمی پشكپشكێنەی تایەفی و ئاینی و نەتەوەیی بوون لە حوكمڕانیدا. سەرەڕای ئەمانەش جەنگی تیرۆر و تیرۆریستانیش هاتە بانی و ئاوارەبوون و لەجێگەی خۆدەركردن و چوونەدەرەوەی هەندەران و كاول و وێرابوونی شار و شارۆچكەكان و داگیركردنیان لەلایەن داعشەوە،هۆكارێكی تری قەیرانەكە و توندتری بون.لەلای سێهەمیشەوە دەستێوەردانی وڵاتانی دراوسێ‌ و ناوچەكە و دونیاش بۆ كاروباری عێراق و هەرێمیش پێكەوە هێندەی تر وڵاتی لاواز و بێهێز كرد و كردیەە گۆڕەپانی ململانێكان و دەرگای لەسەر شكاندنی شكۆ و سەروری گەل و خاكی عێراق كردەوە بە كوردستانیشەوە.

 
لەهەمووشیان گرنگتر،بێ‌ پلانی حكومەت لەهەموو بوارەكاندا و پشتبەستنی تەنها بەسەرچاوەی نەوت بەڕێژەی 95% وایكردوە كە لەكاتی سەرهەڵدانی قەیرانی نرخەكانی نەوتەوە و دابەزینی نرخی 1 بەرمیل نەوت لە 115دۆلارەوە  لەساڵی 2015دا بۆ 30 دۆلار و كەمتریش،عێراق و هەرێمی كوردستان گەورەترین و سەختترین لێدانی ئابوریان بەربكەوێت كە نەتوانن تەنانەت مووچەی مووچەخۆران دابین بكەن بەهۆی كەمی داهات و لە سەرەتای ساڵی 2020یشەوە بەهۆی بڵاوبونەوەی نەخۆشی و پەتای كۆڕۆناوە هێندەی تر دۆخەكانی شڵەژاند و لە ئێستادا وادەبینرێت كە لە كۆنتڕۆڵ دەرچووبێت.وڵاتێكی وەكو عێراق بڕی 125 ملیار دۆلار و حكومەتی هەرێمیش زیاد لە 28 ملیار دۆلار قەرزار بن.

 
بەداخەوە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیە جەماوەریەكان لەهەرێم و عێراقیش نەبوونە هۆی دەربازبوون لەم قەیرانە،گۆڕینی حكومەتەكان و كابینەكانیش هێندەی تر دۆخەكانی تێكچڕژان.نمایشكردن و خۆدوورخستنەوە لە لێپرسراوێتی قەیرانەكە و خستنە ئەستۆی كابینەكانی پێشووتر لە هەرێم و بەغداد نەیانتوانی توڕەیی و بێزاری و كەمتەرخەمی جەماوەر لە لێپرسراوانی ئێستا كاڵبكەنەوە.بۆیە هەموو ئەم فاكتەرە خۆی و بابەتیانە هۆكاری سەرەكی بوون بۆ سەرهەڵدان و بەردەوامی و توندبوونی قەیرانەكە. بەڵام لەهەمان كاتیشدا زۆربەی وڵاتانی ناوچەكە و دونیاش بەهەمان قۆناغ و مەترسی و ئاڵنگاریەكاندا تێپەڕین،بەڵام لای ئەوان سووكتر و تاڕادەیەك كۆنتڕۆڵكراون،ئەی بۆچی لای هەرێم و عێراق هەر بەرەو توندتر و سەختتر هەنگاو دەنێت؟

 
هۆكارەكان ڕوون و ئاشكران كە خۆیان دەبیننەوە لە:

 
بێباكی دەسەڵاتداران و حیزب و سەركردە سیاسیەكان بە ژان وئازار و مەینەتی و گوزەرانی هاوڵاتیان.
بێ‌ پلانی حكومەتەكان لەڕووی زانستی و كردارەكیەوە بۆ چارەسەری قەیرانەكان.
دەستبردن بۆ كەمكردنەوەی مووچەی مووچەخۆران وەك ئاسانترین ڕێوشوێنی نایاسایی.
نەوێرانی دەسەڵات و حكومەت بۆ بنبڕكردنی گەندەڵی و بڕینی دەستی مافیا و گەندەڵكارانی حیزب لە ناو حكومەتدا.
كۆنەكردنەوەی داهاتەكان بەشێوەیەكی توند و لێدانی هەموو هێز و میلیشیاكان.
ململانێ‌ نهێنی و ئاشكرای سیاسی لەنێوان ماڵی شیعی و سونی و كورد و ئەوانی تریش لەناوخۆیان و لەگەڵ یەكتریشدا.
بەردەوامی دەستوێوەردانە ناوچەیی و نێودەوڵەتیەكان لەكاروباری عێراق و هەرَمیشدا.
نەبوونی سوپایەكی بەهێز و باڵادەستی حەشدی شەعبی و میلیشیا شیعیەكان و نەمانی هەیبەتی دەوڵەت.
ئەی چۆن دەتوانرێت ئەم قۆناغ و قەیرانە لە هەرێم و عێراقدا تێبپەڕێنرێت؟ چۆن لانی كەم كاریگەرە نەرێنیەكانی سوكتر بكرێت؟پلان چیە؟ئایندە بەرەو كوێ‌ ئاڕاستە دەگرێت؟

 

بەكورتی بە حكومەتێكی بەهێز دەكرێت كە دوور بێت لە پشكپشكێنەی حیزبی و تایەفی و ئاینی و نەتەوەیی.بەحكومەتێكی تاكلایەنە و پاڵپشتكراو بەزۆرینەی پەڕلەمانی دەبێت دوور لە حكومەتێكی ئیئتیلافی لەرزۆك و لاواز.بە گەڕانەوەی هەیبەتی دەوڵەت و یاسا و دامودەزگا شەرعیەكان دەبێت. بەلێدان و بڕینی دەستێوەردانی حیزب و سەركردە و میلشیا و مافیا  و دەوڵەتانی ناوچەكە دەبێت لە كاروباری حكومەتدا.بەدانانی پلانی زانستی دەبێت بۆ زیادكردنی داهاتەكان و كەمكردنەوەی خەرجیە ناپێویستەكان و دۆزینەوەی سەرچاوەی تری داهات جگە لەنەوت.

 
بەم شێوەیە دەكرێت ئاسەواری قەیرانەكە سووك بكرێت تائەوكاتەی پەتای كۆڕۆنا كۆنتڕۆڵدەكرێت و دۆخی ئابوری و بازاڕ و بازرگانی دەگەڕێتەوە بۆ دۆخی ئاسایی و نرخەكانی نەوت  بەرزدەبنەوە و جوڵەی گەشتوگوزاری زیاد دەكاتەوە.بۆیە لە ئێستادا و لانی كەم  بەداخ و كەسەرێكی گەورەوە بۆ ماوەی 5-10 ساڵی تریش ئایندەیەكی گەش چاوەڕوانی نە هەرێم دەكات نە عێراقش لەسایەی ئەم هەموو ئاڵنگاریانەی كە باسكران كە زۆرێكیان دروستكراوی دەسەڵات و حكومەتەكانن نەك سروشتی و خۆڕسك بن.بۆیە جۆری دەسەڵات و عەقڵیەت و پلانی دەسەڵاتەكان جۆری حوكمڕانیەكان دیاریدەكەن،چەندە حوكمڕانیەكی ڕاشد و حەكیم و بەتەگبیر و دووربین بن ئەوەندە سەركەوتوودەبن بە پێچەوانەشەوە بەرەو خراپتر و هەڵدێرتر و تاریكوتونتر هەنگاو دەنێن.

 

24/10/2020



وتارەکانی تری نوسەر