وڵات و كۆمەڵگا چۆن پێش دەكەون ؟

نەوزادی موهەندیس

ئاشكرایە پڕۆسەی پێشكەوتن و گەشەسەندنی وڵات و كۆمەڵگا مرۆڤایەتیەكان پڕۆسەیەكی مێژووكرد و دوورودرێژە و پێویستی بە زەمەن و زەمینی گونجاو هەیە تا بتوانێت بەشێوەیەكی ئاسایی گەشەبكات و هەنگاو بەرەو پێشەوە هەڵنێت.

 
جا پڕۆسەیەكی وا گەورە و گرنگ و درێژخایەن پێویستی بە پشوو درێژی و بەرنامە و پلانی زانستی و واقعی هەیە كە لەلایەن ئیدارەیەك و دەسەڵاتێكی ڕاشد و ژیر و دووربینەوە بەڕێوەببرێت،جا ئەم پڕۆسەی پێشكەوتنە لە كۆمەڵگایەك بۆ كۆمەڵگایەكی تر و لە وڵات بۆ وڵاتێكی تر جیاواز دەبێت لەسەر بنەمای مێژوو و جوگرافیا و هەڵكەوتەی جیۆپۆلەتیكی و ژمارەی دانیشتوان و ئاستی هوشیاری و زانستیان و بوونی كەسانی زانا و دانا و بیرمەند و لەسەرو هەمووشیانەوە دڵسۆزی و خەمخۆری و خۆشەویستیان بۆ گەل و نیشتیمانی خۆیان بنەمایەكی تری سەركەوتنە.

 
بەهەمان شێوە سەروەربونی یاسا و ڕێساكان و كارئاسانیكردن بۆ ڕاپەڕاندنی ئیشوكارەكان و جێبەجێكردنی پڕۆژە ئەندازیاری و ئاوەدانیەكان هۆكارێكی تری پێشكەوتنەكانە.

 
بنەمایەكی تری پێشكەوتن بریتیە لە بوونی سەرچاوە سروشتیەكان وەك كەرەسەی خاو بۆ پیشەسازیەكان و بوونی كەشوهەوایەكی گونجاو و لەباریش لە بەفر و باران و خاك و هەواو ئاو  بۆ هەڵسوڕاندن  لەهەموو جێگە و گۆشەیەكی وڵاتدا.

 
بۆیە هەر وڵات و كۆمەڵگایەك بۆ ئەم پڕۆسەی پێشكەوتنە پێویست دەكات كە لەسەر ئاستی هەموو بوار و كەرتەكانی ژیان پلان و بەرنامەی زانستی هەبێت هەر لە كشتوكاڵ و پیشەسازی و گەشتوگوزار و سەرچاوە مرۆییەكان و پەروەردە و تەندروستی و ئاوەدانی و خوێندنی باڵاو ئەمنیشەوە.

 
بۆیە ناكرێت و كارێكی لۆژیكیش نیە كە دەسەڵاتەكان تەنها گرنگی بەبوارێكی تایبەت و دیاركراوی ژیان بدەن و ئەوانی دی پشتگوێبخەن.چونكە كۆمەڵگا و خواست و داواكاری و پێداویستیەكانی سەرجەمی بوارەكان دەگرێتەوە و هەموانیش وەكو یەكتر گرنگن،بۆیە هەر دواكەوتنێك و پاشەكشەكردنێك لە یەكێك لە بوارەكاندا كاریگەری خراپ دادەنێت لەسەر كۆی پڕۆسەی پێشكەوتنەكە.

 
خاڵێكی گرنگتر لەهەموان بون و دابینكردنی بودجەیەكی پێویستە بۆ جێبەجێكردنی پلان و پڕۆژەكان،چونكە بەبێ‌ بوونی بودجەیەكی تەرخانكراو ناتوانرێت هیچ هەنگاوێكی پێشكەوتن و گەشەكردنی كۆمەڵگاو وڵات هەڵبنرێت.

 
هەربۆیە كۆمەڵگا مرۆڤایەتیەكان گەرەكە لە ڕووی جەستەیی و دەرونی و فكر و هزریشەوە ئازاد وتەندروست و ساغڵەم بن تابتوانێت لە كۆمەڵگایەكی بەرخۆر و تەمەڵ و دواكەوتوو و هەژار و نەخۆشەوە ببێتە كۆمەڵگایەكی بەرهەمهێن و بەبەخشش و داهێنەر و سەركەوتوو و پێشكەوتوی خۆشگوزەران.چونكە هەمیشە تاكی ئازاد و سەربەخۆ داهێنەر تر و بە بەخششترە لەتاكێكی كۆیلە و دەستەمۆ.

 
بەشێوەیەكی گشتی هەموو ئەو خاڵانەی لای سەرەوە بنەمای سەرەكین بۆ پڕۆسەیەكی ئاسایی پێشكەوتنی كۆمەڵگاكان،بەڵام بەشێوەیەكی تایبەتی هەردوو كەرتی كشتوكاڵ و پیشەسازی گرنگی گەورەتریان هەیە و ڕۆڵی بەرچاو دەبینن لە پڕۆسەی گەشەكردن و پێشكەوتندا،ئەوەتا  وڵاتە گەورە پیشەسازیەكان هەموانیان بە پلەی یەكەم لە كشتوكاڵەوە پێداویستیە ناوخۆییەكانی خۆیان دابیندەكەن و بەهۆی كەرتی پیشەسازیشیانەوە توانیویانە كە سوود لەهەموو سەرچاوە سروشتیەكانی سەرزەوی و ژێر زەوی ببینن و لەڕێگەی ئەم كەرتەشەوە هەلی كاری زۆر و زەوەند دابینبكەن و بێكاری و هەژاری نەهێڵن و كۆمەڵگا بگۆڕن بەكۆمەڵگایەكی چوست و چالاك و داهێنەر.

 
جا ڕابەری ئەم پڕۆسەی پێشكەوتن و داهێنانە بەندە لەسەر پسپۆڕیە جیاوازەكانی زانستەوە هەر لە پزیشكی و ئەندازیاری و یاسا وئەمنی و ...هتد.بۆیە گرنگە تاكەكانی كۆمەڵگا دابەشببنە سەر هەموو لق وپۆپەكانی زانستەكان و بۆئەوەی كۆمەڵگا پێكەوە و لەسەر ئاستی هەموو بوارەكان بەرەو پێشەوە هەنگاو بنێن.
بۆیە گرنگە دەسەڵاتەكان گرنگی بەهەموو پسپۆڕ و زانا و داهێنەرەكان بدەن بەبێ‌ جیاوازی و لە پڕۆسەی ئاوەدانكردنەوەی وڵاتیشدا گرنگی گەورە بدن بە توێژی ئەندازیاران چونكە كۆڵەكە و پایەی بەهێزی هەموو پلان و پڕۆژەكانن.

 
جا هەر دەسەڵاتێك ئەم خاڵ و بنەمایانەی بە ووردی و بەدیقەت و پلانەوە جێبەجێكرد،ئەوا بەدڵنیایی پێشكەوتن و گەشەكردن مسۆگەر دەكات و بەپێچەوانەشەوە دواكەوتن و هەژاری و نەخۆشی و بێكاری بەرۆكی  گەل و وڵاتەكەی بەرنادات.بۆیە گەرەكە دەسەڵات لەم هەرێمەی كوردستاندا هەموو ئەم ڕاستیانەی لا ڕوون بێت بۆ دەربازبوون لە خولانەوە لەبازنەیەكی بۆشدا و خۆڕابپسكێنێت لەم هەموو كۆت و بەند و بێ پلانی و بێ‌ بەرنامەیەی كە هەیە لە كۆكردنەوەی داهاتەكان و لە خەرجكردنەوەشیدا بەمەبەستی دەربازبوون لەم قەیرانە داراییە تاقەت پڕوكێنەی كەزیاد لە 6 ساڵە بەرۆكی ئەم وڵات و هەرێم و كۆمەڵگایەی گرتوە. بەداخیشەوە تروسكاییەكی ئومێدیش بەدی ناكرێت.هەربۆیە ئومێدەكان بۆ پێشكەوتنی كۆمەڵگاكەمان و دەربازبوون و بازدان لە كۆمەڵگایەكی بێكار و دواكەوتوو و هەژارەوە گەلێك زەحمەتە بەرەو بونیاتنانی كۆمەڵگایەكی ساغڵەم و تەندروست و داهێنەر و پێشكەوتوو وەكو هەموو كۆمەڵگا مرۆڤایەتیە ئازاد و دیموكراسیخوازەكانی دونیای سەردەم.



05/03/2021



وتارەکانی تری نوسەر