هەرێمی كوردستان و مەڕی قوربانی !

نەوزادی موهەندیس

بەداخەوە دۆخی سیاسی و ئابوری و ئەمنی و كۆمەڵایەتی و سەرتاپای جومگەكانی ژیان و گوزەرانی كۆمەڵگەی كوردەواری و دەسەڵاتە سیاسیەكەشی هیچ كاتێك بە هێندەی ئەم قۆناغەی لە مەترسیدا نەبوە((هەرچەندە بە درێژایی مێژوو كورد هەر دڕدۆنگ و ناتەبا و دژ بەیەكتر بوون و لەمەترسیشیدا بوە)) لانی كەم لەماوەی ئەم 30 ساڵی دەسەڵات و ئەزمونەدا،كەچی هیچ سەركردەیەك  یان حیزبێكی سیاسی یان شەقامی كوردی یان ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی ((كە هێندە زۆرن وەكو گەڵای دار وان))هیمەتێك خەمخۆریەكی جدی یان دەستپێشخەریەك ناكەن بۆ خۆ ڕاپسكاندن لەم دۆخە مەترسیدارە و پڕ ئاڵنگاریانە كەهەر چوار دەوری هەرێمی كوردستانیان تەنیوە،هیچ كەسێك بوێری كارێكی مەزن ناكات یان تەنانەت سەركێشیەكیش بۆ ئەوەی  لەناوخۆی هەرێم و بۆ دراوسێكانیشی بسەلمێنێت كە كورد و دەسەڵاتەكەی هەیە و ماوە و دەمێنێت و توانای بەرگریكردنی پیرۆزیشی هەیە.
سەركردەكان یان حیزبە سیاسیەكان،هەیانە خۆی لە كونجی قەباعەت خنیوە و بێدەنگ و مڕومۆچ لێیدانیشتوە یان خۆی شارۆدتەوە و هیچی لەدەست نایە و چاوەڕوانی قەدەری خۆیەتی بۆ گرتن و ڕاوەدونان و كوشتن و تیرۆركردنی لەگەڵ ئەوەی حەزدەكات یان هەوڵدەدات كە ببێتە مەرجعیەت و دەمڕاستی نەتەوەیەكیش.حیزب و سەركردەی تریش هەن هەڵپە و جوڵە و خۆدەرخستنی زۆریان هەیە بەڵام هێشتاش نەبونەتە جێگە متمانەی ناوخۆ و دەرەو و دەرودراوسێش و سەنگ و قورساییان پەیدا نەكردوە كە گوێیان لێبگیرێت یان ڕێگەیان پێبدەن زیاتر لە قەبارەی خۆیان هەڵبسڕێن.
زۆرینەكەی تریش بێدەسەڵات و ((لا حول له ولا قوە)) لە جێگە و لەناو بارەگا حیزبیەكانی خۆیان دانیشتون و قسە و ورتە ورت و تەنها بۆڵە بۆڵ دەكەن و لە پێناو نەبڕینی مانگانە و یارمەتی و بۆ چەند پلەو پۆستێك خۆیان كڕكردوە.
جا ئەمە حاڵی ناوخۆمانە و هەموانیش هیچیان لەگەڵ یەكتردا ئاشت و دۆستی ڕاستەقینە نین و متمانەیان بەیەكتر نیە و هەندێكیشیان تەنها ڕۆڵی گواستنەوە یان ڕاپۆرت نوسین دەبینن دوای كۆبونەوەكانیان بۆ حیزبەكانی دەسەڵات.
جا تا ئەو دڕدۆنگیە و ئەو بێ‌ متمانەییە نەڕەوێتەوە هیچ كات بەهێز و خۆڕاگر و پتەونابین لەناوەوە و بەرامبەر دەرودراوسێكانیشدا.ئاخر چۆن داگیركەرانی كوردستان بسەڵمنەوە لەم دەسەڵاتە كە تەنها سەرمەستی كۆكردنەوە و گەندەڵیە لە حوكمڕانی و سەروەت و سامانی سەرزەوی و ژێرزەوی ئەم هەرێمە،ئاخر چۆن حسابێكی بۆ بكرێت كە هەموانیان  لەخەوێكی قوڵ و شیریندان و گوێ‌ نادەنە داگیركاری توركیا كە زیاد لە 40 كم هاتۆتە خاكی هەرێمەوە و ڕۆژانە تۆپباران و كوشتن و بڕینی مرۆڤەكان و دار و درەخت و پاوان و ڕەزوباخی ئەم وڵاتە سووتماكدەكەن. لەولاشەوە ئێرانیش بەسیاسەتە نامرۆڤانە و نادۆستانەكانی و بەنەرمی و بە ناڕاستەوخۆ و بەهێواشی ژەهرخواردمان دەكات وچەندین میلیشیای چەكداری شیعەی دژی كورد ڕاستكردۆتەوە و هەفتە نیە بۆردومانی پایتەختەكەمان نەكەن و بە گرتنەوەی ئاوی ڕوبارەكان و داخستنی سنورەكان و ...هتد دوژمنایەتی تا سەر ئێسقانمان دەكات.
عێراقی لاواز و بێدەسەڵاتیش ئەویش بە دەست لە پشتدانی توركیا و ئێران خۆی لێمان گیڤكردۆتەوە و نایەتە ژێر باری بەجێگەیاندنی داواكاری و مافە ڕەوا سیاسی و دارایی و ئەمنیەكانمان و گەرەكێتی ڕۆژێك زووتر ئەم دەسەڵات و تاكە هەرێمەی ناو عێراقیش نغرۆی زەوی ببێت و نەمێنێت.
ئەمە دۆخ و وێنە مەترسیدارەكەی هەرێمی كوردستانە كە وەكو ئەو مەڕە بێدەسەڵات و بەستەزمانەم دێتە بەرچاو كە هێواش هێواش لە جەژنی قوربان نزیك دەبێتەوە و مەرگی خۆی بەچاوی خۆی دەبینێت و لە چاوەڕوانیەكی كوشندە و مەترسیداردایە و هیچیشی لەدەست نایەت بۆ خۆڕزگاركردن و كاتێك دەزانێت قەسابێكی بەتوانا و بەخۆوە و دەست بە كێردێكی تیژی دەبانەوە و لەچاوتركاندنێكدا گیانی لێدەسێنێت و تەپڵی سەركەوتن لێدەدات و ئەمیش بۆ هەتاهەتایە دەچێتە ڕیزی نەبوانەوە.
بەداخەوە هەرێمی كوردستان و دەسەڵاتە سیاسیەكەی و سەركردە و حیزبە سیاسیەكانی گەر وەخۆ نەكەون و خۆ ڕانەپسكێنن و بەكار و كردەوە و گوتاری خۆیاندا نەچنەوە و دوورنەكەونەوە لە خۆخۆری و دژایەتی یەكتری ئەوا زۆر نیزكە لەم جەژنی قوربانەدا ئەم هەرێمە تەمەن 30 ساڵەییە و لەو پەڕی توانا و گەنجێتیدا بكرێتە قۆچی قوربانی.چونكە دڵتان خۆش نەبێت بە هەندێك دەعوەتنامە و سەردانی وڵاتانی دەرودرواسێ و دونیا و ڕاخستنی فەرشی سوور بۆتان و هاتنیان بۆ كوردستان چونكە مێژوو دەریخستوە كە ئەوان مامەڵە لەگەڵ ئەمری واقیع دەكەن و بەس.جا هەر كەسێك بێت بەڵام بەهێزبێت چەندە دیكتاتۆر و دڕندەش بێت.
ئەوكاتیش پەشیمانی و بەسەریەكدانوسان دادی هیچ كەس نادات و هەموان سەرشۆڕ و زەلیل دەكەوین لەبەر قاپی دوژمنان و داگیركاراندا  و تادەورانێكی تری مێژوویی و سوڕاندنێكی چەرخی فەلەك لە بەرژەوەندی كورد دەبێت چاوەڕوان بین.




04/07/2021



وتارەکانی تری نوسەر