بانگەوازێك بۆ پێشمەرگە دێرینەكان

شێرزاد شێخانی


هەڤاڵان و هاوڕێیانی تێكۆشەر

پێشمەرگە ئەو ناوە پیرۆزەیە كەبەدرێژایی مێژوی كورد میللەت شانازی پێوە ئەكات..پێشمەرگە ئەو مرۆڤەیە كەهەمیشە دژی زولمو زۆرداریو چەوساندنەوەو زەوتكردنی ئازادییەكانی میللەت چەكی شەرەفمەندی كردۆتەشان. پێشمەرگە ئەندازیاری هەمو شۆڕشو راپەرینەكانی میللەتە بوە..كاتیك زوڵمو ستەمی رژێمە شۆفینیزمەكانی عیراق دژ بەمیللەتی كورد بوە سیاسەتی دەوڵەت،پێشمەرگە چوە سەنگەری دیفاع،سەرباری هێزی گەورەی رژێمەكان بەڵام هێزی لەبن نەهاتوی پێشمەرگە هەمیشە داستانی گەورەی لەلاپەرەكانی مێژودا نەخشاندوە.پێشمەرگە بو رژێمی جانەوەری بەعسی لەراپەرینەكەی بەهاری 1991دا بۆ هەتا هەتا لەكوردستان ڕاماڵی،بەمەش گەورەترین سەركەوتنی لەمێژوی خۆیدا تۆماركردو گەورەترین دەسكەوتیشی بۆ میللەتەكەی هینایەكایەوە ئەویش دامەزراندنی پەرلەمانو حكومەتی سەربەخۆی هەرێم بو،كەدوو دەسكەوتی گەورەن لەرێگای گەشتن بەمافی چارەی خۆنوسین.هەمیشە پێشمەرگە لەسەنگەری شەرەفدا دیفاعی لەمیللەتەكەی كردوە، دوێنی لەسەنگەری دژ بەرژێمەكان،ئەمرۆش بەرامبەر هێزی تیرۆرستان.

بەدرێژایی ساڵانی خەباتی شاخ،پێشمەرگە هەمیشە خەونی بەئازادی میللەتەكەیەوە بینیوە،خەباتی لەپێناو ئازادی وسەرفرازیو كەرامەتی میللەتەكەیدا بوە،ئەم خەباتەشی بەخوێنی هەزاران هەزار شەهیدی سەربەرزی ئەم میللەتە تۆماركراوە،بەڵام حەیف ئێستا خەریكە ئەم هەمو دەسكەوتانە لەبار ئەچن..حوكمی تاكڕەوی بنەماڵەی بارزانی ئەم وڵاتە سەربەخۆو سەرفرازەی كوردستانی كردۆتە دۆزەخێك كەسەدان هەزار گەنج لێی بێ ئومێد بن رو لەدەریا ترسناكەكان بكەن بۆ دەرباز بون،هەمان دیمەنەكانی راكردن لەدەست دیكتاتۆریەتی سەدام رۆژانە لەم كوردستانە سەربەخۆیە دوبارە ئەبنەوە.

ئەو میللەتەی لەسەردەمی خەباتی شاخدا پێشمەرگەی ئەخستە ناو هەناوییەو نانی دەمی مناڵەكانی خۆی ئەدایە پێشمەرگە، ئەمرۆ مناڵەكانی لەبرسا ولەنەبونی وهەژارییا ناڵەیان ئەگاتە ئاسمانەوە.ئەو مرۆڤانەی ئێوە خەباتتان بۆ سەرفرازی كرد،ئێستا لەسایەی حوكمی ماڵی بارزانیدا كەرامەتی ئەخرێتە ژێر پێی جاشو خۆفرۆشانو كۆمەڵی مافیای سەربەدەسەڵات لەدزو جەردەكان.ئەو گەنجانەی ئومێدمان هەبو ببنە ئەندازیاری دروستكردنو بنیاتنانی ئاییندەیەكی گەشتر بۆ میللەتەكەمان،ئێستا بەنائومێدی رو لەوڵاتانی جیهان ئەكەنو خاكی نیشتمانیان جێئەهێڵن.ئەو ژنو كچانەی ئێوەی پێشمەرگە بۆ دیفاعكردن لەشەرەف پاكیزەییان چەكتان كردە شان،ئەمرۆلەبەر نەبونی خۆیان ئەفرۆشن.میللەت لەرۆژێكی زۆر سەختا ئەژیت كە لەسەردەمی ناپاكترین رژێمی شوفینیو فاشیدا رۆژی وای نەبینی بێت.سەدام بەو دیكتاتۆرییەی خۆیەوە قەت رۆژێك دەستی بۆ قوتی میللەت نەبرد،تەنانەت گوندە ئازادكراوەكانیش ئازوقەی مانگانەی بۆ ئەناردن.

لەسایەی حوكمی بنەماڵەی بارزانی ئەمرۆ وڵاتەكەمان وێران بوە..موچە كە قوتی مناڵەكانە، بوە بەروبعێك ئەمەش بەشی سادەترین پێداویستی ژیان ناكات.پرۆژەكانی ئاوەدانی هەمویان وەستاون، زمەتگوزاریەكان یەكسانن بەسفر،هەرەشەی نەمانی ئاویشمان هاتۆتە پێش، ئیدی ئاو نەبێت خەڵك بیخوات ئەم وڵاتە چی بەسەر یەكەوە ئەمێنێت. ئەو ئازادیەی دەیان ساڵ خەباتمان بۆ كرد،ئەمرۆ بەرۆژی نێوەرۆ پێشێل ئەكرێن،شەلاتیەكانی پارتی لەسەر شەقامەكاندا كەرامەتی گەنجان ئەشكێنن،پۆلیسی پارتی شەق ئەوەشێنێت،ئاساییشەكانی ریشی مەلا ئەسوتێنن، ئەفسەرەكانی لەسەر فول لایتێك گەنجان گوللەباران ئەكەن،بەرۆژی روناك سامانی میللەت ئەدزن، مافیای گەندەڵی هەرچی خێرو بێری ئەم وڵاتەیە ئەیدزنو ئەیكەن بە دۆلارو لەبانكەكانی دەرەوە بۆخۆیان هەڵیئەگرن.پەرلەمان كە دەزگای شەرعییە پەك ئەخرێت، حكومەت ئیفلیج ئەكرێ، رێز لەهیچ هاوپەیمانییەك ناگیرێ. وڵات لەسای حوكمی بنەماڵەی بارزانیدا بوە بەزیندانیكی گەورە، هیچ ئاسۆیەكو ئومێدێك بە ئایندە نەماوە خەڵكی لەو پەڕی بێزاریدایە.

هاوڕێیان وهەڤاڵان:

ئێوە ساڵانێكی دورودرێژ تاڵی وسوێری ژیانتان چەشت لەشاخو دەشتو دەرو شاردا لەپێناو ئازادی وسەرفرازیو عەدالەتی كۆمەڵایەتی،فەرمون ئەو دەسكەوتانە ئێوە بەرەنجی شانی خۆتانو خوێنی هەزاران هەڤاڵی خۆتان وەدەستتان هێنا، ئەمرۆ حوكمی بنەماڵەی بارزانی لەباری ئەبەن..ئایا ئێوە خەباتتان بۆ ئەمرۆژە كرد كەمیللەت نانی نەبێت بیخوات لەكاتێكدا لەسەر دەریایەك نەوتا ئەژی؟. ئێوە خەباتتان بۆ چەوسانەوەی میللەتكرد بەدەست براكوردەكەیەوە؟. خەباتتان بۆ كۆمەڵێ مافیاو دزو جەردەی حزبكرد یا بۆ كۆمەڵانی خەڵكی چەوساوەوبەشخوراوی كوردستان؟.ئێوە ساڵانێك خەباتتان لەپێناو خاكی كوردستاندا كرد، ئێستا بنەماڵەی بارزانی 53% خاكی ئەم كوردستانەی فرۆشتۆتە كۆمپانیا بیانیەكانی نەوتەوە.ئێوە لەپێناو سەربەرزی میللەتەكەتان خەباتتان كردو چەكتان كردە شان، ئێستا ئەم میللەتە بەدەست حوكمی پارتییەوە زەلیلو رسوا بوە.كار گەیشتۆتە ئەوەی ئەم دەسەڵاتە زاڵمە كە ئەمرۆ وەكو خوایەكی بێ شەریك حوكمی ئەم هەرێمە ئەكات، دەست بۆ قوتی خەڵكی هەژاریش ببات. ئەوەتا موچەی كەمئەندامان ئەبرێت، كە لەهەمو دونیادا رێزی تایبەتیان لێئەگیرێت.خەریكە دەست بۆ موچەی زیندانیانی سیاسیش ئەبات،ئەوانەی ساڵانێك لەژێر ئەشكەنجەی بەعس لەزیندانەكاندا ئازاریان چەشت لەكاتێكدا بنەماڵەی بارزانی لەشارەكانی ئێراندا لەناو پێخەفی گەرمدا رۆژیان ئەكردەوە..ئەوەتا ئێستا خەریكە موچەی ئێوەی پێشمەرگە دێرینەكانیش بكاتە دومانگ جارێك،واتە نیوەی موچەتان ئەبڕێت..

جا هەڤاڵان و هاوڕێیان، دەسەڵاتێك رێز لەپێشمەرگە دێرینەكانی خۆی و زیندانە سیاسییەكانی نەگرێت كە ئەمانە دروستكەری ئەم كیانەن ،هەق نیە بەرامبەری بێدەنگ بن.میللەتی ئێمە بەگشتی لەوپەڕی بێزاریدایە، باوەڕی بە هیچ حزبێك نەماوە، ترسی كوشتنو بڕینو تەنانەت كوشتنی بەكۆمەڵیش ئەم میللەتەی ترساندوەوچاوی شكاندوەوناوێرێ بێتە سەرشەقام وناڕەزایەتی دەربڕێت، بەڵام ئێوەی تێكۆشەرو پیاوی كاتی تەنگانە كەی ترساون،ئێوەی كۆڵنەدەر وخەباتگێڕ بۆچی جوڵەیەك ناكەن لەدژی ئەم دەسەڵاتە دیكتاتۆرە؟؟كاتی ئەوە هاتوە ئێوە موبادەرە بكەنو بەم دەسەڵاتە دیكتاتۆرو ماڵوێرانكەرە بڵێن ئیتر بەسە بوەستە.ئەو دەستی بۆ نانو قوتی مناڵەكانی ئێوەشی برد، ئەی ئێوە ئەگەر دیفاع لەنانو قوتی مناڵەكانتان وشەرەفو كەرامەتی خۆشتان نەكەن دیفاع لەچیتر ئەكەن؟؟؟.ئێوە خاوەن ئەم دەسكەوتەن كەچی ئەوان ئەیخۆنو لەتە نانەكەشتان پێڕوا نابینن؟؟

ئەمرۆ پێش بەیانی هەقە هەمو پێشمەرگە دێرینەكانو زیندانەسیاسیەكان یەكلەدوای یەك ریز ببەستن بەرەو مەسیف ولەبەردەم سەرۆكی ناشەرعی ئەم هەرێمەدا خۆپێشاندان بكەن یا هەرنەبێ وەكو گەنجەكانی بەغدا لەبەردەم سەرۆكایەتی هەرێم مان بگرن، خویشم وەكو پێشمەرگەیەكی دێرین لەپێشی پێشەوەی هەموتانم، ئەمەش شێوازێكی مەدەنیانەی خەباتە كەس ناتوانێت رێگای لێبگرێت،ئەم نارەزایەتی دەربڕینەش ئەبێت لەهەولێر بێت چونكە بینیمان دەیانجار خۆپیشاندان لەسلێمانیو ناوچەكانیتردا كرا بەڵام پارتیو دەسەڵاتەكەی بێباك بون.من پێموایە خۆڕاگری ئێوە كاریگەری زۆری ئەبێت لەجوڵاندنی شەقامی كوردی بۆ بەهۆشهێنانەوەی ئەم دەسەڵاتە دیكتاتۆرەو كۆتاییهێنان بەسیاسەتی برسیكردنی میللەت،ئەگینا ئەبێ چاوەڕوانی چارەنوسی خۆی بكات كە مەعلومە چارەنوسی دیكتاتۆر بەرەو كوێ ئەیبات.


12/06/2016



وتارەکانی تری نوسەر