جەهلی مورەکەب

ستاره‌ عارف

تاکی مێگەل خۆی لەبەرپرسیارێتی هەڵگرتنی ئازاری نەتەوەکەی کۆمەڵگەکەی دور خستۆتەوە و یان هێشتا ئینتمایی هەڵگرتنی ئەو بەرپرسیاریەتییە نەتەوەیی و نیشتمانی و هەرەوەزیی و هاوزمانی و هاوغەمییە لای چرۆی نەکردوە و نەخەمڵیوە، هەر تاکە بۆ خۆیی و خۆپەرستانە و خودئەڤینیانە دەژی، هەر ئەوە دەستدەداتە خوێندنەوەی پەرتوک و گوایە دەخوێنێتەوە، خوێندنەوەی شیعر و چیرۆک و ڕۆمان و ڕۆمانی مرۆڤە مەزنەکانیش نا، ئاسایی و ئاسانەکان ئەوانەی ماندوی ناکەن و دەموچاوە دەستکرد و ئارایشت و لاشە تەمەڵەکەی ناڕەنجێنن.

ئاخر گۆڕانکاری و وەرچەرخاندنی فیکری و کۆمەڵایەتی لەم ڕێگەیەوە ڕونادات، ئەمە تەنیا خۆ تەسەلیەکردن و خۆ بە خوێندەوار نیشاندانی مێگەلە و بەغیلیە ئەم ڕێگەیەی نیشانداوە، ئەو کۆلکە خوێندەوارانەی تازە دەستدەدەنە پەرتوک و هێشتا هەر بەرگی پەرتوکەکانیان خوێندۆتەوە و یان گوایە دەخوێننەوە لەخوێندنەوەی ڕاستەقینە تێناگەن، زۆر ڕێی تێدەچێت و هەر وایشە بە لوتبەرزییەوە بۆ دەوروبەرەکەیان و هەتا نوسەران و خوێندەوارە جدییەکانیش دەڕوانن و پێیان دەڵێن ئێوە کارەساتتان خوڵقاندوە و ڕاوەستن، منم پاڵەوانی گۆڕەپان

ئیتر لێرەوە هوشیاری کۆمەڵگەکە بۆ خوارەوە شۆڕدەبێتەوە، لەجیاتی ئەوەی خوێندنەوە و زانینی تاک هۆشیاری کۆمەڵگەکە پەل و پۆی پێبکات و هانیبدات، واتە خوێندنەوە و خوێندەواری لەبنەڕەتدا دەبێت لەپێناوی هوشیاری و خەمڵینی ئاوەزی نەتەوەکە و کۆمەڵگەکە و بۆ دەستەگەرایی گشتی وڵاتەکە بێت و ئامانجەکە ئەوە بێت، نەک بەرهەمهێنانەوەی تاکگەراییەتیەکی خۆپەرست و هەلپەرست و بەنجیل و مەسرەفگەرا، کە ئامانجەکەی تەنیا لەپێناوی غەریزە تاکە کەسیەکانیدا بێت.

ناکرێت لەملاوە کۆمەڵگەکەت لەژێر جەور و ستەمی بنەماڵەکان و داگیرکاری و بۆردومانی دوژمن و ناهوشیاری فیکری و تەعریب و جینۆسایدا بناڵێنێت، تۆ بە کاری خۆتی نازانیت ئاوڕێک لەمیللەتەکەت بدەیتەوە و دژی ستەم و چەوساوەیی بە دەستی ستەمکارانی دەستەڵات هەڵوێستێکت هەبێت، چونکە کەرامەتی کەسی بونیاد نەناوە، ئاخر خوێندنەوەی ڕاستەقینە واتە هەڵوێست، یان هەر لەو ئاستەدا نییە بیر لەو مەسەلە و قەیرانە سەرەکییەی کۆمەڵگە و هاو زمانەکەی بکاتەوە، لەو جوگرافیایەی بە ئاو و هەوا و سامانەکەی دەژی و دەخوات و جەهلەکەی وایلێکردوە لەهەوادا بژی، ئەو ئەرکە گرنگە بە کاری خۆی نازانێت و هوشیاری و ئاوەزی بە گەڕنەخستوە، بۆ ئەوەی ژیانە ئاسانەکەی لەژێر ئەو ستەمەدا لێ تێکنەچێت و لەسایەی سەرکزکردنەکەیدا بژی و بمێنێتەوە.

کۆلکە خوێندەوارەکان ئەوانەی وەک ئۆجەلان دەڵێت، زۆربەی خوێندەوارەکان وەک کەرێک وان، کە بارێک پەرتوکیان بەسەر پشتەوەیە، بە داخەوە بەشێکی زۆری بە ناو دەستەبژێریش هەروان، دەیشیانەوێت لەتەواوی کایەکانی کۆمەڵگە بپرسنەوە و بیانخەنە ژێر گومانی گوناحی خۆییانەوە، دەیانەوێت ئەوانەی ئەرکی هەڵگرتنی غەم و ئازاری نەتەوەکەیان گرتۆتە ئەستۆ و دەیانەوێت فراوانتر بیر بکەنەوە و تەنیا خوێندەواری مورەبی و غەوغا نەبن و  جەهلی مرەکەب بەرهەم نەهێنن بیانهێننە ڕیزی  خۆیانەوە و لەجیاتی ئەوەی پشتیوانیان بن و بە لەچەری هەوڵی شکاندنیان نەدەن، چونکە ئامانجەکە لەخزمەت خەڵک و نیشتمانداییە، کەچی بە پێچەوانەوەیە و ئیتر بەمجۆرە جەهل ڕۆژ لەدوای ڕۆژ لەم کۆمەڵگەیە کەڵەکە دەبێت و مەرگەساتەکان قەبەتر دەبن و خەڵکیش وا هەست دەکەن ئەمانەن پێشەنگەکانیان...


10/06/2023



وتارەکانی تری نوسەر