( ئایندەی ی ن ک )

عەبدولرەزاق شەریف

جگە لە هەیکەلی ئاپارتمانێکی روخاو، هیچیتر لە ( ینک ) نەماوەتەوە. زۆر کەس و گروپ بە پشتیوانی ناوخۆ و دەرەوە کار بۆ هەستانەوە یان چاکسازی لەم داروپەردوەیا ئەکەن، بەڵام هەر جوڵەیەک، دەست بۆ هەرلا بردنێکی وەک فیلی ناو شوشەکە شتێکیتر ئەشکێنێ، بێگومان بەرهەم ساڵح، پایەیەکی چەسپاوی بەهێزی ئەو بینا روخاوەیە کە ماڵی مام جەلال بە خۆشی یا ناخۆشیان بێت ئەمجارە دەستی بۆ ئەبەن و لە سەرۆکایەتی کۆمار لای ئەبەن.


ئەگەر ئەو بە پۆستێکی سیادی لە عێراقدا، رازی نەبێت! دەرگای ململانێیەکی سەختی لەناوخۆی یەکێتیدا، بۆ ئەکرێتەوە٫ تیایدا جەمسەرە ناکۆکەکانی ناوخۆی یەکێتیەکەی دوای  هەشتی تەموز هاوێر ئەکرێن و سەنگەری مان و نەمان لەیەکتری ئەگرن.


من هەرگیز خۆزگە بەو کێشانەی ناوخۆی یەکێتی ناخوازم ( لای کەمی وەک ئەو باخچە لە باخەوان دورەی کە دەیان ساڵ خزمەتی کردوە )، هەرگیز ئاواتەخوازی گێرە و کێشەی ( بەرهەم ساڵح ) یش نیم ، چونکە کە پۆستی سەرۆک کۆماری وەرگرت بەنامەیەک پیرۆزباییم لێکردو تییدا تکاو داواکاریم ئەوەبو ئاگای لە سلێمانی بێت!

بەداخەوە یەکێتی هەم لە گێرەو کێشەی روخاندا، هەم ( بەرهەم ساڵح )یش هەمو ئەو ماوەیە نەیتوانی و بۆی نەکرا ئاگای لە شارەکەی خۆی بێت ( ئاگا بون مەبەست لێی پەراوێز نەخستن و گەشەکردنە لە هەمو رویەکی حوکمدارییەوە، کە بەداخەوە پێچەوانەکەی رویدا).

لە ئایندەیەکی نزیکداو ململانێی ستونە بەهێزەکەی یەکێتی و کوڕانی تاڵەبانی لە ئیدارەی پارێزگای سلێمانی بە توندی دەستپێدەکات، توندتر لە شەڕی پسمام و روداوەکانی دوای هەشتی تەموز، دیسانەوە ناوچەکەو حوکمداری و ژیانی حیزبی و سیاسی دەچێتە قۆناغێکی سەختتری شەڕی پوڵ و پۆست و دەسەڵاتەوە، ئەمجارەیان سیناریۆی ناوەندی بڕیار و هاوپەیمانی لە دەرەوەی یەکێتی دوبارە نابێتەوە، لەبەر لاوازی پێگەی ماڵباتی تاڵەبانی شەڕی خاوەندارێتی راستەقینەی ئەو پاشماوەیەی ( ینک ) دەستپێدەکات، گەر کوڕانی تاڵەبانی چارەسەری کێشەی ئامۆزاکانیان نەکەن زەحمەتە دەرەقەت بێن!.

 لە هەمو حاڵەتەکاندا، لاهوری شێخ جەنگی ئەو کەسەیە کە بە پێگەیەکی بەهێزەوە دێتەوە مەیدان و هەمو جەمسەرەکانی ئەو ململانێ سەختە پێویستیان بەو ئەبێت بۆ یەکلایی کردنەوەی خاوەندارێتی یەکێتی، ماڵباتی تاڵەبانی ناتوانن بەو پەرتەوازەییە بەرگری لە مانەوە و دیفاکتۆی دەسەڵاتەکانی بافڵ تاڵەبانی بکەن، باشترین بژاردەش لەبەردەمیاندا، یان رادەستکرنی دەسەڵاتەکانی هاوسەرۆکە بە مەکتەبی سیاسی نوێ یان ئاشتبونەوەو رێکەوتنێکی جەنتڵمانی نێوان ( لاهور و قوباد و بافڵ ) ە ، لە هەردو حاڵەتەکەشدا، ناتوانن ئاپارتمانەکەی یەکێتی وەک جاران و وەک ئێستاش نۆژەن بکەنەوە، بەڵام ئەتوانن ئیدامە بەو دەسەڵات و حوکمڕانیە بدەن و بچنە قۆناغێکی نوێی یەکێتی بونەوە، هیچ لەو ئەرکانەش قورس و گران نین و تەنیا بە بڵاوکردنەوەی رونکردنەوەیەک دوای رێکەوتن، هەموان تێگەیشتنمان بۆی ئەبێت.

 



22/12/2021



وتارەکانی تری نوسەر