هەڵەبجە هەر هەڵەبجەیە ..!

عەبدولرەزاق شەریف

هەموان لەو رقە پیرۆزەی هەڵەبجە و هەڵەبجەییەکان لە دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان تێدەگەین ، هەروەک چۆن لە دەستوداوێن پیسی بەرپرسە حیزبی و حکومیەکانیش لەو هەرێمەدا تێدەگەین ! 
ساڵانێکە و هەڵەبجە پڕپڕە لەو رقە پیرۆزە و هەرجارە و بە روداوێک خاڵی ئەبێتەوە و بەروداوێکیتر پڕی ئەکەنەوە ، جارێک تۆمەتباری بە دەستی بێگانە ئەکەن و جارێکیتر دەست بە زامەکانیدا ئەهێنن و ئەیلاوێننەوە . 
مێژوی هەڵەبجە و شارەزور ،  وانەیەکی ناوازەی پێکەوە ژیان و قبوڵکردنی یەکتری و ئەویتری فێرکردوین ، لەگەرمەی شەڕەکانی ناوخۆی هێزە چەکدار و حیزبیەکانی کوردستان و لەهەمو قۆناغەکاندا ، هیچ هێزێک بەتەنیا نەیتوانیوە هەڵەبجە و شارەزور بە پاوان و ژێرماڵەی خۆی بکات ، چونکە ئەوان هەمیشە رەنگاڵەیەکی وەک هەتاو بون .

لە کۆتایی بیستەکانی سەدەی رابردو ژمارەیەک پیاوماقوڵی شاری سلێمانی لە دیاردەیەکی ناشرینی شارەکەیان بێزار و دڕدۆنگ ئەبن ، مەزبەتە بۆ ئەدمۆنزی حاکمی بەریتانیا لەشارەکە پڕئەکەنەوە و داوای نەهێشتن و کۆتاییهێنانی ئەو دیاردەیە ئەکەن ، ئەویش لە دیدارێکیاندا پێیان ئەڵێ کەسی بێگانەی دەرەوەی شارەکەتان لە هەڵەبجە و کەرکوک و هەولێرەوە هاتوە بۆ ئیدارە و تەدارەکی ئەو دیاردە و کارە ناشرینانە ؟ لەوەڵامدا ئەڵێن نەخێر بکەر و بدەر خەڵکی شار خۆیانن ..! لەسەر مەزبەتەکە هەمان دێڕ بە کوردییەکی رەوان ئەنوسێت و بە دەستەواژەی (هەرخۆشیان هاتون ئەڵێن با نەمێنێت ) رەزامەندی لەسەر کۆتایی هێنانی دیاردەکە دەرئەبڕێت .
هەمان پرسیار ئەمڕۆ بە شێوەیەکیتر لە خزمانی هەڵەبجە ئەکرێت ، ئایا هەمو بەرپرسەکانی ئیدارە و حیزب و حکومەت خەڵکی شارەکەی خۆتان نین ؟ کەواتە هەرخۆشتان ئەتوانن ئازاری ئەو رقە پیرۆزە کەمبکەنەوە و لەکاتی پێویستا خۆشتان پڕ و بەتاڵی بکەنەوە ! بۆ خزمەتکردن و سارێژی برینەکانی هەڵەبجەش بەڕای بەندە و لەدوای سیوچوارساڵ ، نە حەرام و حەڵاڵی شەرع و یاسا و سەوابتی نیشتیمانی هەیە و نە خەتی سور .

مەبەستی سەرەکی ئەم نوسینە بیرخستنەوەی ئەو گیانی لێبوردەییەی هەڵەبجەیە کە لە رەسەنایەتی نەریتەکانی کۆمەڵی کوردەواری وەریگرتوە و بوە بە پێناسەیەک بۆ خەڵکوخوای ناوچەکەیان !
با ئەمەش بگێڕمەوە دوا دێڕ مەبەستەکەم ئەڵێم :

 جارێک لە قەڵەمڕەوی هۆزێکیترەوە سوکایەتی و تەعدا لە کەسێکی هۆزێکی جافی هەڵەبجە ئەکرێت ، ئەمانیش پێکەوە داوای تۆڵە کردنەوە ئەکەن و دەستیان بە تاوانبارەکە ئەگات ، بە مەبەستی کوشتنی ئەیگەیەنن بە هەڵەبجە ، سەرۆک هۆزەکەی جاف لەبەرچاوی خەڵکەکەی خۆی بە تاوانبارەکە ئەڵێت ئێستا ئێمە ئەتوانین چی لەتۆ بکەین ؟
بێگومان ئەویش ئەڵێت هەمو شتێک !

سەرۆک هۆز ئەڵێت ئەوە تۆمان بەخشی و لەم دەیقەیەوە تۆ ئازادی و گەر دوبارەی نەکەیتەوە  هیچ کەس لەئێمە تۆڵەت لێناکاتەوە . 
وەک هەڵەبجەییەک ..! وەک هاوژان و هاورقێکی پیرۆزی هەڵەبجەییەکان ئەڵێم لە سایەی دەسەڵات و حوکمدارێتی سی ساڵی حیزبە کوردستانیەکانا تەونی کۆمەڵایەتی هەڵوەشاوەتەوە ، بەها بەرزەکان کاڵبونەتەوە و دەرهاویشتەکانی ئەو هەڵوەشاندنەوەیە جگە لە قوربانی هیچیتر نین ، دوا دێڕیش وەک داوا لەم نوسینە ئەخەم کەوانەیەکەوە :
 ( بەگەورەیی و میهرەبانی و لێبوردەیی خۆتان و مێژوی هەڵەبجە ئەو کچۆڵە تاوانبار و قوربانییە ئازاد بکەن ، تاریق رەمەزان و سەنای مام یوسف لە زیندان یان لە دەرەوەی زیندانابن ، هەڵەبجە هەر هەڵەبجەیە ) .

22/03/2022



وتارەکانی تری نوسەر